ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
فیدراسیۆنی تۆپی پێی رۆژاڤای كوردستان بووە ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كۆنیفا و هاتە ریزی هەرێمی كوردستان و دەبێتە 43ـەمین ئەندامی بێ دەوڵەت لە رێكخراوەكە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی كۆنیفا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە بەوپەڕی شانازی و خۆشحاڵییەوە ئەندامێكی دیكەی نوێ بۆ رێكخراوەكەیان بە ناوی “رۆژاڤای كوردستان” زیاد بووە و نووسیویەتی: ئێمە شارەزاییەكی زۆرمان لەبارەی چیرۆك و مێژووی نەتەوەی كورد هەیە و دەمانەوێت بەیەكەوە كلتور و ئامانجی نەتەوەكە زیاتر بە دوونیا بناسێنین و لە رێگەی وەرزشەوە كار بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان بكەین.
جودی عەفرین، بەرپرسی راگەیاندنی تیپی رۆژاڤای كوردستان رایگەیاند بۆ یەكەمجارە لە مێژووی تۆپی پێی رۆژاڤادا تیپێك بەشداریی لە پاڵەوانێتییەكی جیهانی دەكەن، دەشڵێت: بەگوێرەی بارودۆخی داهاتووی سووریا و رۆژاڤای كوردستان كار بۆ بانگهێشتكردنی یاریزانانی كورد دەكەن بۆ بەشداریكردنی لە پاڵەوانێتی كۆنیفای داهاتوو.
كۆنیفا لەوەتەی ساڵی 2013 بەو ناوە خۆی ناساند، بەڕێوەبەرانی ئەو رێكخراوە لە (ڤیڤا) جیا بوونەوە كە پێشتر هەڵبژاردەی كوردستان لە 2012 میوانداریی ڤیڤای كردووە و بووە پاڵەوانی جامی جیهانی هەرێم و نەتەوەكان. بەڵام كۆنیفا 43 ئەندامی هەیە، چوار ئەندامی كەوتووەتە كیشوەری ئەفریقیا، 9 ئەندامی لە كیشوەری ئاسیا هەیە لە نێویاندا هەڵبژاردەی هەرێم كوردستان هەیە، لە ئەورووپاش رێكخراوەكە خاوەنی 16 ئەندامە، لە ئەمریكاری باكوور 5 ئەندامی دیكە هەیە، ئۆقیانیا دوو بەشداربووی دیكە ناوی لە كۆنیفا تۆمار كراوە، لە كیشوەری ئەمریكای باشوور شەش هەرێم بەشدارن لە كۆنیفا.

