مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
پارتی دیموكراتی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هاوڕێك لەگەڵ گرنگیدان بە سەرجەم بوار و سێكتەرەكانی ژیان، گرنگییەكی تایبەتیان بە وەرزش بە سەرجەم جۆرەكانیەوە داوە و هەمیشە پاڵپشت وسەرخەری گەنجان و وەرزشوانان بوونە.
هەر لە سەرەتاوە یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، ڕێكخراوی پیشەیی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان، هەنگاوێكی گرنگی نا، وێڕای كردنەوەی دەیان خولی جۆراوجۆری تۆپی پێ و وەرزشە جیاوازەكان بە تایبەت، دەستی كرد بە دروستكردنی سەدان یاریگە لە گەڕەك و كوڵانەكانی شار و شارۆكە و ناوچە و تەنانەت شوێنە دوورەدەستەكانیش دروست كرد، ئەوەش وای كرد هەزاران گەنج، پەرە بە بەهرە و تواكانیان بدەن، چەندان یاریزان لەو یاریگە و كردنەوەی ئەو خولانەوە پێ گەیشتن، كە دواتر یانەكانی كوردستان سوودیان لێی بینی.
هاوكات پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕۆڵێكی گرنگ و بەرچاوی لە دامەزراندنی دامەزراوە وەرزشییەكاندا، وەكوو لیژنەی ئۆلیمیی و یەكێتییە وەرزشییەكان هەبوو، كە تێیدا هەر یارییەكی جیاواز، یەكێتییەكی تایبەتی بۆ دروست كرا، بۆ سەرپەشتیكردنی وەرزشوانانی ئەو یارییە و كردنەوەی خول و پاڵەوانیەتیی جۆراوجۆر.
دوای چالاكبوونی لیژنەی ئۆلیمیپی و دامەزراندنی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان، خولی وەرزی بۆ یانەكان لە سەرجەم ئاستەكان بە نایاب و پلە یەك و پلە دوو و پلە سێوە كرایەوە، دواتریش لە ئاستی پێگەیشتووان و لاوان و تازەپێگەیشتووان.
ئەو خولانە ساڵانێكی زۆرە بەردەوامە و چەندان یاریزانی گرنگ و بەناوبانگی لێوە دروست بوون و پێگەیشتن، هەروەها بەشێكیان چوونەتە یانەكانی عێراق و وەكوو یاریزانی پیشەگەر لە یاریكردن بەردەوامن.
هەروەها بە پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردەی تۆپی پێی كوردستان دامەزرا و بەشداریی پاڵەوانیەتیی كۆنیفای كرد. كە لە دەرەوەی كوردستان و لە سوێد و نەرویژ بەڕێوە چوون، دواتریش هەرێمی كوردستان میوانداریی پاڵەوانیەتییەكەی كرد و پاڵەوانیەتییەكەی بردەوە.
هەروەها حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پاڵپشتیی میوانداریكردنی چەندان یاریی گرنگی نێودەوڵەتی و كەمپ و مەشقەكانی هەڵبژاردەی عێراقی كرد، لەو كاتەی دۆخی عێراق زۆر نائارام و ناجێگیر بوو. بە جۆرێك زۆربەی یانەكانی ئەو وڵاتەش كەمپی مەشقییان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە.
هاوكات بەهۆی بایەخەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، یانە و تیمەكانی هەرێمی كوردستان، لە سەرجەم وەرزشەكان و بە تایبەت تۆپی پێ، یانەكانی كوردستان چەندان جار بوونە پاڵەوانی عێراق، بە تایبەتی یانەی هەولێر و یانەی دهۆك. هەروەها یانەكانی كوردستان بەشداریی جام و خول و پاڵەوانیەتییەكانی ئاسیا و ئاستی عەرەبی و ناوچەكەشیان كردووە و ئەنجامی شاییستەیان بەدەست هێناوە.
جگە لەوانەش، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە بەرنامەیدایە هەمیشە خزمەت بە وەرزش و ژێرخانەكەی بكا، بۆ ئەو مەبەستە دروستكردنی چەندان یاریگە و هۆڵی وەرزشی خراونەتە نێو پڕۆژەوە.

