رۆژنامەی ھەولێر

کتێب و خوێندنەوە و کۆمەڵگەی زیندوو

ئارام كۆشكی – سلێمانی

لە نیسانی ئەمساڵدا گەورەترین پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە شاری هەولێر لە ئامێز گرت. هەفتەی ڕابردووش پێشانگەیەکی دیکەی نێودەوڵەتی کتێب لە کەرکوک سەرڕێخرا و ئەم هەفتەیەش لە سلێمانی پێشانگەیەکی دیکە کرایەوە. ئەم سێ پێشانگەیە تەنها ڕووداوێکی ڕاگوزەری ئابووریی و کولتووریی نین، بەڵکو ئەمە نیشانەیەکی گرنگی زیندووێتی کۆمەڵگە و تاکەکانییەتی، کە سەرەڕای ئەو قەیرانانەی بەسەریدا سەپێنراوە و بەردەوام قەیرانی نوێی بۆ دروست دەکرێت، بەڵام هێشتا زیندووە و لە مەعریفە دوور نەکەوتووەتەوە و دۆستی کتێبە.

سەرەتاییترین پێناسەی کۆمەڵگەی زیندوو ئەوەیە، کە کۆمەڵگەیەکی خوێندەوار بێت. کۆمەڵگەیەک نزیک لە کتێب و دۆستی هەمیشەیی مەعریفە بێت. ئەوەی تا ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردیدا جێگەی دڵخۆشییە ئەوەیە کە کتێب و مەعریفە بەهای خۆیان پاراستووە. ئەگەرچی سۆشیال میدیا و سایتەکانی ئینتەرنێت خوێنەری کەم کردووەتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کە دابڕانی دروست نەکردووە. کۆمەڵگەی کوردی هێشتا لەڕیزی ئەو کۆمەڵەیانەدایە کە پشتی لە کتێب نەکردووە و بە گەرمییەوە باوەشی بۆ کردووەتەوە، هەر ئەمەش وا دەکات ئومێدێکی زیندوو لە دڵماندا بمێنێتەوە.
ئەگەرچی تا هەنووکە خوێندنەوە لای ئێمە کولتوور نییە، بەڵام پرۆسەی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە پرۆسەیەکی بەردەوامە و کارکردن لەنێو سیستمی پەروەردە و دەرەوەشیدا لەم پرۆسەیەدا درێژەی هەیە و هەوڵەکان ئەگەرچی لە ئاستی چاوەڕوانی ئێمەدا نەبن، بەڵام بەردەوامییان گرنگی خۆی هەیە و لە داهاتوودا لێکەوتنە گرنگ و دیارەکانی بەدەر دەکەوێت.
هیچ کۆمەڵگەیەک نییە بە ماوەیەکی کەم بەرەو ڕۆشنگەریی و هاوچەرخبوون هەنگاوی خێرای نابێت، بەڵام ئەوەی ئێمە زۆرجار لە کۆمەڵگەکەی خۆمانی داوا دەکەین ئەو دواکەوتووییە مێژووییەیە کە ئێمە لە ماوەی سەدەیەکدا وەکو ئەوە بووە لە دەرەوەی مێژوو بین و ئێستا کەوتووینەتە نێو مێژوویەتی دیکەوە، کە بۆمان نامۆیە. لەم دونیا نوێیەدا پێویستمان بە کەمێک خێرایی و گورجبوونەوەی زیاتر هەیە تا لەگەڵ هەنگاوە خێراکانی ئەم زەمەدا بگونجێین کە وەختە بەجێمان بهێڵێت. دەستبەردار نەبوونی خوێندنەوە و بەردەوامبوون لەسەر پرسەی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە لە دواکەوتوویی هەمیشەیی دەمانپارێزێت.
ئێستا کە پێشانگەکانی کتێب ساڵانە دەبنە ڕووداوی مێژووی نێو کۆمەڵگەی ئێمە، گرنگە بەرەو پیری بچین و بەردەوامی بە جووڵە کولتووریی و ڕۆشنبیرییەکانی بین. ئەوەی خوێنەرانێکی زۆر لەم پێشانگەیانەدا بە کتێبی نوێ و نووسەران ئاشنا دەبن، دەشێ هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ دووبارە ئاشنابوونەوەی ئەم نەوە نوێیەی خوێنەران بە مەعریفەی ڕەسەن و ئەو جیهانەی کە بەدیلی نییە. جیهانێک (جیهانی کتێب) کە هیچ بەدیلێک نەیتوانی بیخات و هەر وەکو سەرچاوە ڕەسەنەکەی مەعریفە مایەوە و بەردەوامی بە تەمەنی خۆی دەدات.
ساڵانێکی زۆر بەرگریی لە مانەوە و بەردەوامی ئەم پێشانگەیانە دەکەم و دەمەوێت فراوانتر و چالاکانەتر لە کۆمەڵگەدا بەشدارییان هەبێت چونکە سەرچاوەیەکی گرنگی زیندووێتی کۆمەڵگەی کوردین و لەڕێی ئەم پێشانگەیانەوە دەتوانین زیندوێتی خۆمان چ لە ناوخۆدا بێت، یان دەرەوە بسەلمێنین، چونکە دەکرێت لێرەوە گەورە نووسەرانی جیهانی داوەت بکرێن و پەیوەندییەک لەنێوان خانەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوخۆیی و دەرەوەدا دروست بکرێت بۆ ئەوەی ئەدەبیاتی کوردی بەرەو زمانەکانی دیکەی جیهان پەل بهاوێت و لەوێوە دەروازەیەکی نوێ لە دۆزی کورد و کوردبوونمان بکرێتەوە.