رۆژنامەی ھەولێر

تۆ ئەی پەری کوێنەریت؟

خوسره‌و جاف
ئێوارە بوو، درەنگ لەناو شارەوە گەیشتمە فڕۆکەخانەی (میونیخ). یەشتا نزیکەی دوو کاتژێری مابوو بۆ فڕینی فڕۆکەکەم، کە دەمویست بڕۆم بۆ شاری ئەستەنبوڵ. وەرز سەرەتای هاوین بوو، لە ڕێستۆڕانتی فڕۆکەخانەکەدا لە گۆشەیەکدا لێی دانیشتم. ئەو دەم جگەرەم دەکێشا؛ خۆمم بە قاوەخواردنەوەوە خەریک کرد. کاتەکە زۆری مابوو بۆ هەڵفڕینی فڕۆکەی بەرەو ئەستەنبوڵ، تا فڕینەکە بەشی چوار پێنج قاوەخواردنەوەی بە ئەتەکێتەوە دەکرد. لە دەنگەوەرەکەیدا هەڵیدایە: با گەشتیارانی ڕووەو ئەستەنبوڵ لە گەیتی ژمارە ٥٢دا بن بۆ ڕێوڕەسمی سواربوونی لە فڕۆکە. کەوتمە ڕێ بەرەو خاڵی پشکنین، ئەوەی لە گیرفانمدا بوو لەناو چوارسووچەیەکی نایلۆندا دامنا، هەتاوەکو پشتێنی کەمەر و ئەنگوستیلەی پەنجەم و کاتژمێری دەستیشم. بەوەوە ڕانەوەستان، قۆنەرەکانیشی پێ داکەندم. پانتۆڵەکەم تۆزێك لە ناوقەدم ئاواڵەتر بوو، دەستم پێوە گرت بوو نەکا داکەوێتە خوارەوە. لە کابرا سەیری چەرخەکەی کردم و وتی: “دوپۆنتە؟”

(دوپۆنت) بەناوبانگترین چەرخی جیهانە. ویستم تۆزێك داخ بە دڵەوە کەم، وتم: “بەڵێ دوپۆنتە و زێڕیشە.” لە کەوانەی پشکنین وەدەرهاتم، کابرای پشکێنەر وتی: “هەردوو دەستت هەڵبڕە.” هەڵمبڕی، پانتۆڵەکەم داکەوتە خوارەوە، مامەوە بە شۆرتێك. دوو ئافرەت لە نزیکمەوە بوون، وتم: “مانعم نییە! شۆرتەکەش داماڵم؟” دوو ژنە دایان لە قاقای پێکەنین، خۆمم پۆشتە کردەوە و خۆم گەیاندە (GEAT)ـی چاوەڕوانی. زۆری نەکێشا تکتەکانمان بڕی و بەرەو ناو فڕۆکە ڕۆیشتم. بەپێی ژمارەکەم لە (VIP)ـدا دانیشتم، ئیدی ئەوە هەر خەڵك بوو دەهاتنە ژوورەوە. کورسیەکەی تەنیشتم تا ئەو کاتە هیچ کەسێکی لێ دانەنیشتبوو. زۆری نەکێشا ئافرەتێکی بڵندی باڵای (ئەسپە ژن)ی تا خوا حەز بکات لە زەرافەتی ژنانە جوان هاتە ژوورەوە، وردەوردە دەهات و لە تەنیشتمەوە لێی دانیشت. کە دانیشت هەلاوێکی لێ کردم، زۆرم لا خۆش بوو بەڵام بەڕووی خۆما نەمهێنا. وردەوردە کەوتمە دزە تەماشا، سەروزولفێکی ڕەشی قەترانی خاوی کلکەئەسپی، ڕوخسارێکی سپی و ساف و سۆڵ، دوو لێوی تۆزێك گۆشتنی سووری مەیلەوئاڵ، دوو چاوی سەوزی زومرودی پێکەوە ئەوانە لە تابلۆیەکی خودایی دەچوون. فڕۆکە بەرز ببوویەوە بەڵام یەشتا ئاماژە بۆ پشتوێنکردنەوە نەکرابوو، ئەوەیش کرا؛ پشتوێنم کردەوە و لەسەر پارچە کاغەزێك کە پەیوەستە لەو پارچە کاغەزە ساف و سوڵی نەنووسراوم دەرهێنا و کەوتمە بیرکردنەوەو وردەوردە نووسین. چل خولەکی مابوو بۆ گەیشتن بە فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ. ژنە بە لێوانێك شەرابی سوورەوە خەریك بوو، سووریەکەی شەراب و دەمولێوی تێکەڵی یەك ببوون، زانیم ئەو دووهەمین لێوانە دەیخواتەوە. لە پڕ ڕووبەڕووم بووەوە و وتی: “ئەوە خەریکی چیت؟”
وتم: “بە تۆوە خەریکم.”
پەنجەی شایەتمانی خستە سەر سینگە نەرم و نۆڵەکەی، پەنجەی تۆزێك لە نەرمی مەمکیدا چاڵ کرد و وتی: “بە منەوە؟”
منیش بە وتە وەڵامم نەدایەوە تەنها بە سەر جووڵانەوەیەکم بۆ کرد.
وتی: “بە چی منەوە خەریکی؟”
وتم: “بە شۆخ و شەنگیتەوە.”
گەلێك بەوە خۆشحاڵ و شادمان بوو، بەپەلە وتی: “باشە بۆم بخوێنەرەوە.”
وتم: “بە زمانی کوردیە چیت بۆ بخوێنمەوە؛ بەڵێ شیعرەکانم بۆ تۆیە، بەڵام لە ڕاستیدا خۆم دەلاوێنمەوە ڕەنگە زۆر ئاسان نەبێت بیکەمە ئینگلیزی.”
وتی: “قەینا هەرچۆنێك بێت بەلامەوە پەسەندە.”
وتم: “تۆ کوێنەریت و خەڵکی چ وڵاتێکی؟”
وتی: “ئیتاڵیم.”
وتم: “کام شار؟”
وتی: “لە رۆمادا هاتومەتە جیهانەوە.”
وتم: “من تەلارسازم و لە هەمان کاتدا سەروکارم لەگەڵ شێوەکاری و پەیکەرتاشیندا هەیە و ئاگاداری مێژووی هونەری ئیتاڵیا و بەتایبەت ئاسەوارەکانی ڕۆما هەم.”
وتی: “دیارە من خۆشبەختم ئەمشەو هاوسەفەری تۆم.”
منیش بە لادەمێکەوە وتم: “منیش هەروا بەڵام لە ڕاستیدا تەماحم زۆر لەوە زۆرتر بوو؛ هیچم وەدەر نەخست؛ وتم لێیگەڕێ با هەڵبەستەکەم بە زمانەکەی خۆم بخوێنمەوە تا گوێت لە فۆنتێکی زمانەکەم بێت ئەو دەم دەکۆشم بۆتی بکەمەوە بە ئینگلیزی:
هەزاران پا دوور لە زەوی لەناو هەورا
لە مۆڵگەی پەریزادانی ئاهورا
ڕوخساری پەری کوشتمی بە دولبەری گڕی تێ بەردام پەیکەری
شۆخەکەی چاو تۆخەکەی
نێو نیگا جادو تەلەسم
زادەی کام تەباری کام شاری
هێندە نازداری؟
باوه‌ڕ بکە
سۆفیكوژە ئەو دەمولێوە خوێنمژە
سوتاندت دڵ و ده‌روونم
لەرزۆك و زەبونە بۆچوونم
بێ دەربەستی لە ناڵەی دڵم و هاواری
بە مەولا کوشتمی تیری دوو چاوی خوماری.

دوو دەستی منداڵانە چەند جارێك لەیەك خشاند و بە پەلە وتی: “دەی‌دەی با بزانم چۆن دەمبینی؟”
ئیدی بە وەرگێڕانێکی شەق و شڕەوە توانیم بۆی بکەمەوە بە ئینگلیزی؛ کە تەواوم کرد روومەتی ماچ کردم و خۆزگەم خواست تۆزێك خوارتر بایە و لێوی لە لێوم کەوتبا.
دەی لە دەنگەوەرەی ناو فڕۆکەکەوە ڕاگەیەندرا وا لە فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ دەنیشێتەوە؛ تکایە! پشتوێنەکانتان ببەستنەوە، بە سەلامەت فڕۆکە نیشتەوە هەردوو پێکەوە گەیشتینە لای پشکنینی پاسەپۆرت و ئەویشیان بۆ کردین و دیسان پێکەوە ڕۆیشتینە لای دەزگای چەرخانی جانتاکانەوە چاوەڕوان وەستابووین، پرسیم لە چ هۆتێلێکی؟
وتی: “جارێ نازانم.”
وتم: “بۆ نایێی بۆ هۆتێلەکەی من لە دوێنێوە ژوورم بەسەر تەنگەبەری بۆسفورەوە دابین کردووە یەکێکە لە هۆتێلە بەناوبانگەکان؟”

وتی: “زۆرم لا خۆشە.”

وتم: “ژوورت بۆ دابین بکەم یا..” نەیهێڵا قسەکەم تەواو بکەم

وتی: “نەخێر هەر لەگەڵ تۆدا دەبم.”
ئەوەندەم لا خۆش بوو نەختێك پەشۆکام، خه‌ریك بوو له‌ خۆشیان گه‌شكه‌ كه‌م، بەڵام دیسان خۆمم بەرزەفت کردەوە و هیچم وەدەر نەخست؛ دەترسام پەشیمان بێتەوە.

لە هۆتێلدا هەردوو جانتامان بردە ژوورەوە شەو درەنگ بوو نزیکەی یەکی بەیانی بوو کە جلوبەرگی گۆڕی و بە نیوە ڕووتی لێی ورد بومەوە لە هەیکەلی یۆنانی دەچوو نیوەڕووت وەستابوو بە پێوە وتم: “حەزت لە خواردنەوە هەیە؟”
وتی: “بۆ نا؟”
دوای دە خولەك خواردنەوەیان هێنا؛ ئیتر بێ ئێوە ناخۆش بە سبەینێدا بە دەنگی قووله‌ی کەشتییەکی سەر بەرەو خوار لە دەریای ڕەشەوە بەرەو دەریای سپی دەڕۆیشت بەئاگا هاتین، دەرگای ژوورەکەم ئەوەی بەسەر باڵکۆنی ڕوو بە تەنگەبەری بۆسفورەوە بۆ شەوی ئاواڵەکەم کردبوو کە ڕوانیمە کەشتیەکەدا پەرچەمی چەکوش و داسی ڕووسیام بەسەرەوە وا بڕیار بوو بە سبەینێدا بەرەو بەغدا بگەڕێمەوە یەك هەفتە گەڕانەوەم دواخست.

ئەم ڕووداوە لە رێکەوتی ٥/٧/١٩٨٢ـدا بووە.