سێشەممە, تشرینی دووه‌م 5, 2024
Image default

نێچیرڤان بارزانی: كاكه‌ ڕه‌هبه‌ر  نموونه‌يه‌كى جوانى مرۆڤێكى نه‌رم، خزمه‌تكار و له‌خۆبورده‌ى پێشكه‌ش كرد

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌هۆی كۆچی دوایی ره‌هبه‌ر محیه‌دین، سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى كارگێڕيى گشتيى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌: “كاكه‌ ڕه‌هبه‌ر نموونه‌ى فه‌رمانبه‌رێكى پاك و دڵسۆز و كارزان و پيشه‌يى و خه‌مخۆرى كار و خزمه‌ت بوو”.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی، وێڕای ده‌ربڕی هاوخه‌می خۆی بۆ بنه‌ماڵه‌ی كۆچكردووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، “ره‌هبه‌ر نموونه‌يه‌كى جوانى مرۆڤێكى نه‌رم، ئارام، له‌سه‌رخۆ، خزمه‌تكار و له‌خۆبورده‌ى پێشكه‌ش كرد. دڵنيام ياد و يادگارييان، بۆ هه‌ميشه‌ لاى ئێمه‌ و هاوكارانى به‌ زيندوويى ده‌مێنێته‌وه‌”.

ره‌هبه‌ر محیه‌دین،  له‌دایكبووی ساڵی 1979یه‌ و به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، 6ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022، به‌هۆی نه‌خۆشی كۆچی دوایی كرد. 

ده‌قی پرسه‌نامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی:

نێچيرڤان بارزانى، سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ى خوالێخۆشبوو ڕه‌هبه‌ر محيه‌دين ده‌كات

زۆر به‌داخه‌وه‌ بۆ كۆچى ناواده‌ى خوالێخۆشبوو ڕه‌هبه‌ر محيه‌دين محه‌مه‌د‌ئه‌مين، سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى كارگێڕيى گشتيى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ ته‌مه‌نێكى گه‌نجيدا كۆچى دوايى كرد و خه‌مبارى كردين. له‌م‌ كۆسته‌ خه‌مناكه‌ى خانه‌واده‌ به‌ڕێزه‌كه‌ياندا، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى و هاوسۆزى و هاوده‌رديى قووڵم ئاراسته‌ى خۆيان و كه‌سوكار و هاوكاران و دۆست و هاوڕێيانى ده‌كه‌م. له‌ خواى مه‌زن داواكارم گيانى به‌ به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد بكات و دڵنه‌وايى و ئارامى به‌ خێزان و كه‌سوكارى و هه‌مووان ببه‌خشێت.

كاكه‌ ڕه‌هبه‌ر به‌ ڕاستى نموونه‌ى فه‌رمانبه‌رێكى پاك و دڵسۆز و كارزان و پيشه‌يى و خه‌مخۆرى كار و خزمه‌ت بوو، هه‌رگيز له‌ خزمه‌تكردن ماندوو نه‌ده‌بوو، هه‌ر بۆيه‌ مايه‌ى ڕێز و خۆشه‌ويستى و پێزانينى هه‌موو هاوكاران و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ى بوو. له‌ ميانى ساڵانى خزمه‌تيدا، نموونه‌يه‌كى جوانى مرۆڤێكى نه‌رم، ئارام، له‌سه‌رخۆ، خزمه‌تكار و له‌خۆبورده‌ى پێشكه‌ش كرد. دڵنيام ياد و يادگارييان، بۆ هه‌ميشه‌ لاى ئێمه‌ و هاوكارانى به‌ زيندوويى ده‌مێنێته‌وه‌.

گيانى شاد و يادى هه‌ميشه‌ به‌ خێر بێت.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان