خالید فاتیحی
دزەی نێو نیگاو بزەی سەر لێوت
دڵ و دەروونیان گەشاندوومەوە
ژیلەمۆی كزی چەند ساڵەی عیشقت
سەرلەنوێ دڵیان بووژاندوومەوە
** *
كاروانی ڕازو گلەیی و نازت
دیسان هاتنەوە سەر دۆخی جاران
(مەكە و ئەیەڕۆ)ت لە دەم بەرنەدا
كەی ئەوە بوونە ڕەوای دڵداران
* * *
ئەستێرەی گەشی دیدەكانی تۆ
كێشیان كردمەوە ئاسمانی ئازار
شەوانە بە دەم پەژارەی تۆوە
ئەشكیان پێ ڕشتمە سەر گۆنای زامار
* * *
زەردەی دەم كەلی ئاسۆی خۆرنشین
یادگارێكم بیر دێنێتەوە……
كسپە لە دڵ وجەرگم هەڵدەستێ و
زامێكی كۆنم دەكولێنێتەوە!
* * *
لە ناو ڕووخساری تریفە ئاسات
دەیان ئاوات و حەز دەخوێنمەوە
بەڵگەن بۆ عەشقی پاك و دێرینمان
وەك هیمۆگڵۆبین چوونە خوێنمەوە
* * *
هەرچەند ڕەشەبا و تۆفی مەینەتی
بۆ كاتێكی زۆر لەتۆی ونكردم
كەچی ڕووباری خوڕو بەرینت
كەشتی ئەوین و سۆزی نەبردم
* **
دیسان نەمامی چەندساڵەی عیشقت
لەم بەهارەدا خۆی نوێ كردەوە
بەرگی مەینەتی لە خۆی دادڕی و
سەر لە نوێ خەڵفی تازەی كردەوە
* * *
دەستی لەرزۆك و سینەی پڕ ئازار
ئەمجاریش تەزووی شادییان تێگەڕا
مەلی ئاوات و حەز و خۆزگەمان
بەدووندی بەرزی هیوا هەڵگەڕا
* * *
لەپای ڕەشماڵی ئەگریجەی خاوتا
كانی نەزۆكی شیعرم تەقیەوە
پەنجەرەی شادیم لە ڕوو كرایەوە و
تەمی نامۆییم لە ڕوو ڕەویەوە
* * *
بوخچەی ئەندێشەی تەمەنێك دووری
دامان نا، لە سەر سەكۆی حەسارێك
جۆگەلەی عەشق و سۆزی هەردووكمان
یەكیان گرتەوەو بوونە ڕووبارێك
* * *

