ئازاد پێنجوێنی
لە ڕووی تۆدا نەبێ شەرتە
وجوودی خۆم تەلەف ناکەم
کە ڕۆحم عائیدی تۆیە
فیدای تۆ بێ ئەسەف ناکەم
ئەوە حەمدی بەگی ساحێبقران بو کە چەند جوان وای دەوت؛ ئەوە مرۆڤێکی تاسەر ئێسقان پڕ لە میهر و سۆز و خۆنەویست بوو کە ڕۆحی وجوودی چەشنی (حەمدی)ـدا بووە حەساری خەڵکی بۆیە هەرگیز ئەسەفی ژیانی نەدەکرد.
ئەم مرۆڤە وەک نیشتمانەکەی دڵپڕ و خۆڕاگر بوو لە چاکەخوازی و لە بەدیهێنانی ئاواتی خەڵکی؛ هەمیشە لە سڕبوونیدا ئاگری لە ناخی خۆی بەر دەدا تاوەکو خەڵکی پێ گەرم بکاتەوە، ئەو کەسێک بو هی خۆی نەبوو بەڵکو هی هەمووان بوو، کائینێک بو هەمیشە خۆی نیگەران دەکرد تاوەکو بەرامبەرەکەی نیگەران نەبێ، زۆرجوانیشی پڕ بە حیکمەتی مرۆڤبوونی دەیوت (گەمژەیی بۆ ئەوکەسەیە کەبەردەوام دڵسۆزی خۆی بێ و دڵسۆزی دەوروبەرەکەی نەبێ) پیاوێک بوو نمەی باران و ئەوین و خۆشەویستیی دەچاند لە دڵی مرۆڤەکاندا؛ کەسایەتیەکی شارە حەیاتەکە بوو لە چاوی شەقام و کۆڵان و گەڕەکەکاندا نوقم دەبوو؛ بەڕێکردنیان بۆ هەر جێگایەک ئنجا بارانی حەزەکانی نەدارەکان دایدەکرد چونکە خۆشەویستی ئاسمانیش بوو، خەمی هەموان خەمی ئەو بوو ئازارو ژان و نەداری و هەژاری خەڵکی و عەوام خەم و زیندانی تەنهایی دڵە جوانەکەی بوو. ئەو کەسایەتیەک بوو کە ئاراستەی هەنگاوەکانی بۆ ژیان وەک گیای سەوزو گەشی خاکە لێوو وابو، ، دڵیشی دەریایەک بوو بۆ وشکهەڵاتوی تینوویەتی بۆ ژیانی هەژاران، ئەو پیاوە هەموشتێکی جوان بوو، زۆریش ئاواتی ئەوە بوو بۆئەوەی ژیان جوانترببێ هاواری دەکرد وەرن با بۆ یەکتری بژین نەک بۆ خۆمان.
عەلی عەبدوڵا مەحەمەد بۆسکانی ناسراو بە ( عەلی بۆسکانی) بەچاو هەڵهێنانی و درک کردن بەژیانێکی ڕاستەقینە لەو عەیامەی کە تێیدا دەژیا شادی و خۆشی و خەمڕەوێن بوو بۆ بێداران و هەژاران بەردەوام بۆ ئەوە ژیانی دەکرد تا هیوا بۆ هونەرو ئەدەب و ڕۆشنبیرانی شارەکە زیاتر بکات ئەوەبو جێگا دەستیشی دیاربو، نەوەستاو کۆڵی نەدا هەناسەکانی دابەش دەکرد بەسەر بێ هەناسەکاندا و لە هەر چاکەیەکدا پیاوێکی زێڕینی سەردەمەکەی بوو.
ڕۆژێکی شێدارە تەواوی باڵندەکان بەسەر دار و درەختەکانی شەقامی توی مەلیک لە دانانی ئاوازێکی هارمۆنیادان تا بەیەک ڕیتم و بەیەک دەنگ بەخێرهاتنی پیاوێکی ڕوانگە جوانو سەروسیما نەرم بکەن، ئاسمانێکی بێگەردو شەبەنگ، تیشکی خۆر لەناو خۆیدا ئاهەنگ دەگێڕێ و خۆی ڕاسپاردووە تا ئەو ڕۆژە هەموو پرژنگی درەوشاوەی لەوشەقامەدا کۆ بکاتەوە و سەر نەکات بە هیچ کۆڵان و گەڕەک و باخێکدا جگە لەو شەقامەی کە عەلی بۆسکانی بەڕێوەیە سەردانی بکات، ئای چەندە بەجوانی ڕێی دەکرد بەرەو ئاڕاستەی بینینی لەپێش چاوی شاخی ئەزمەڕ، ئەوەندە بەبێ دەنگی ڕێی دەکرد دڵی پڕ لەحەسرەتی دەسووتاند هەرئەوەش هۆکار بوو ووتە بەناوبانگەکەی (سوقات) فەیلەسووفە یۆنانیەکەی بەجێ گەیاندبوو کە (بێدەنگی جۆرێکە لە هونەری گفتوگۆ)، ئاخر عەلی بۆسکانی کە لە شاری سلێمانیدا دڵخۆشیی دابەش دەکرد بەبێ دەنگی بیری دەکردەوە و بە بێدەنگییش خێر و خێراتی دەکرد و هەر بە بێدەنگییش دەیویست سلێمانی جوانتر بکات.
لەو ڕۆژەدا ڕێبواران و شۆفێران زۆر دڵخۆشن بە سەرسوڕمانەوە بە بازنەی شارە جوانەکەدا خەریکن بە دەوری فولکەیەکی تازە خول دەخۆن کە ناویان لێ نا فولکەی (کاوە)؛ خاوەنی دروستکردنی ئەو فولکەیە جگە لە پیاوی خەمخۆری شار بۆسکانی کەسی تر نەبوو.
فولکەی کاوە دیمەنێکی جوانی بەخشیبووە هەرچوار ئاراستەکەی تووی مەلیک و برایم پاشا و شەقامی پیرەمێردی نەمر و بەرەو ئاراستەی گەیشتن بە باخی سەعید بەگ، کاوەی ئاسنگەریش خۆی ئامادە کردبوو بە خۆی و چەکوشەکەیەوە بێت و بۆ هەمیشە لەنێو ئەو فولکەیەدا بمێنێتەوە و بڕوانێتە قارەمانەکانی سلێمانیدا و بە دڵ سپاسی پیاوە باشەکەی شار بکات.
ئاخر ئەم پیاوە خۆ بەتەنها بەشێکی دڵی بۆ هەژارن نەبوو، بەڵکو بەشەکەی تری بۆ چین و توێژی هونەر و هونەردۆستان و نووسەران و ڕۆشنبیران بوو، دەبێ بە ئینسافەوە بڕوانینە باگراوندی ئاوەزی ئەم کەڵەپیاوەدا کە لە گەنجینەی ئەدەبی کوردیدا ناوێکی جوان و دیاری عەلی بۆسکانی لەنێو لاپەڕەی پەرتووکەکاندا وەک تکەی بارانی خاکی بەیاری تازەتەڕبوو بۆنی هەیە کە لەسەر ئەرکی بەڕێزیان چەندین پەرتوک چاپ کراون، ئاخر ڕاچڵەکینی بانگ و سەڵای محەمەدی هەرپێنچ فەرزەکەی دین لەنێو میحرابی ئەو مزگەوتانەی یارمەتیدەریان بوو، بووەتە وێنایەکی جوان و پیاوێکی هەقیقی لە لای عارفان و خوداناسان و داوایان دەکرد تا نموونەی چەشنی ئەم کەڵە پیاوە لە شاری سلێمانیدا زۆر بێ.
چەندە ئاوازێکی نامۆ و پڕ لە هەست و جۆش و خرۆش بوو ئەوکاتەی قوتابیان و مامۆستایان ڕێیان دەکرد بەرەو قوتابخانەکەی (عەلی بۆسکانی) و، بە دەم وتنەوەی سروودی خوایە وەتەن ئاوا کەیەوە، داوایشیان لە ئاسمان دەکرد کە خاوەنی ئەم قوتابخانەیە کە لەسەر دەستی ئەو پیاو چاکە بنیات نراوە بۆ هەموو سەردەمەکان بە جوانی لەناو خودی خۆیدا بکاتە تابلۆیەکی نەمری؛ ئەی ئەو گەنجانەی کە خەون و هیوایان پزیشکی بوو تا خزمەت بە شارەکە و نەخۆشی نەدار بکەن، بەڵام توانستی خوێندنیان نەبوو ئەم دەهات و قۆڵی لێ هەڵدەماڵی و یارمەتییانی دەدا و کەموکووڕیەکانی پڕ دەکردنەوە تا ئاستی بەدەستهێنانی ئاواتەکەیان. هەڵبەت خێر و خێرات و خۆنەویستی هەر لە خۆی دەوەشایەوە، هەروەکچۆن مەولانای ڕۆمی دەفەرمێ، ئەشق پیاوی جوامێری دەوێ، هەر بەو جۆرەش هەنگاو بەرەو چاکەکردن و دڵخۆشکردنی خەڵکی و زەردەخەنە خستنە سەرلێویان پیاوی جوامێر و بەئەمەکی دەوێ کە دەتوانم بڵێم هەموو ئەمانە لە (عەلی بۆسکانیدا) بەرجەستە بووبوو؛ بۆیە ناو و شۆرەتی وەک خۆیەتی، پیر و کۆن نابێ، گوڵێکی مۆری پڕ بەختەوەری و ڕۆحێکی بێگەرد و، زیندووە لەناوماندا ماوەتەوە و چاکەکانی لەناو دڵماندا هەمیشە لەدایکبوونی ڕۆژێکی نوێیە؛ مێژووی شارەکە سەلماندوویەتی کە پیاوێکی نەمر و دڵزێڕین بووە. تیشکی خۆر لەنێوان هەورەکانەوە دەرکەوت دووبارە لەنێو هەوری باراناویدا خۆی شاردەوە؛ بارانێکی هێمن داباری کە هەرتکەیەکیان وێنەیەکی ڕۆحی عەلی بۆسکانیان بەسەر ئاسمانی شارەکەدا دەهێنایە خوارەوە بۆ سەر زەوی و ئاوێتەی چاکەخوازیەکانی دەکردن لە دڵ و هزری کۆمەڵگەدا.

