ئارام كۆشكی – سلێمانی
یەکەم ڕۆمانی نووسەری سعودی “مەقبوول ئەلعەلەوی” کە خوێندمەوە ڕۆمانی “زریاب” بوو، ڕۆمانێک سەبارەت بە موسیقارە کوردە گومناوەکە، کە بەهۆی لێهاتوویی و ئیرەییپێبردنی مامۆستاکەیەوە وڵاتبەدەر دەکرێت و ئەویش لەگەڵ کردنەوەی فێرگەیەکی گەورە لە ئەسکەندەرییە بۆ فێربوونی عود، هاوکات تاڵی پێنجەم بۆ ئەو ئامێرە زیاد دەکات. ئەم نووسەرە بە لێهاتووییەکی ڕۆماننووسانەوە کنەوپشکنین لەنێو مێژوودا دەکات و چیرۆکی سەرنجبەر لەو مێژووەدا دەدۆزێتەوە.
ڕۆمانی “گوڵەکانی ڤانکوخ” دووەم ڕۆمانی ئەم نووسەرەیە کە دەیخوێنمەوە و “مەدینە ئەحمەد” کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند لە دوتوێی 189 لاپەڕەدا بەچاپی گەیاندووە. نووسەر ئەم ڕۆمانەی لە ساڵی 2018 نووسیوە و زمانێکی سادە و بێ گرێی بەکارهێناوە و ڕۆمانەکەی دابەش کردووە بۆ سێ بەش، هەر بەشێکیش سەر بە زەمەنێکی جیاوازە و ئەمەشی بە نووسینی ساڵ و شوێنەکان جیاکردووەتەوە.
زەمەنی یەکەم لە ساڵی ٢٠٠٣یە و نووسەر لە دۆزینەوەی تابلۆکەی ڤانکوخ بە ناوی “گوڵاڵە سوورە”، لە بازاڕەکانی مەککەی پیرۆزەوە دەست بە گێڕانەوە دەکات. هەرچی زەمەنی دووەمە گێڕانەوەی کۆتا ساڵەکانی ژیانی ئەم نیگارکێشە داهێنەرەیە و لەم بەشەدا لایەنی دەروونی و خۆشەویستی ڤانکوخ و تابلۆ بەناوبانگەکەی “گوڵاڵە سوورە” تیشکی خراوەتە سەر. ئەم تابلۆیە لەو تابلۆیانەیە کە ڤانکوخ ٣٠ مانگی ویستووە بۆ کێشانی. هەر لەم بەشەدا چەند نامەیەکی ڤانکوخیش لەخۆدەگرێـت، کە بۆ تیۆی برای ناردووە.
وەک دەزانین ڤانکوخ لەو نیگارکێشانەیە، کە ژمارەیەکی زۆر نامەی نووسیوە و لەم ڕۆمانەکەدا نووسەر کەڵکی لە چەند نامەیەکی نووسەر وەرگرتووە بۆ بەهێزکردنی گێڕانەوەکەی کە لە گرنگترین نامەکانی ئەم نیگارکێشەن. لە یەکێک لە نامەکاندا باس لە خراپی دۆخی دارایی خۆی دەکات و سوپاسی براکەی دەکات کە 100 فرەنکی بۆ ناردووە.
زەمەنی سێیەم لەم ڕۆمانەدا لە ساڵی ١٩٧٧ە و زەمەنی دزینی تابلۆی گوڵاڵەسوورە”یە و تابلۆکە لەلایەن موحسین ڕەماڵ و ڕەئووف لە مۆزەخانەی مەحموود خەلیل دەدزرێت. نووسەر چیرۆکی دزینی تابلۆکە ئاوێتەی چەندین چیرۆکی دیکە دەکات، کە هەم بەسەر ژیانی ڤانکوخدا هاتوون، هەم بەشێک لە کولتوور و دۆخی کۆمەڵایەتی وڵاتی سعودییە بۆ خوێنەر دەگێڕێتەوە.
بەگشتی ڕۆمانەکە هەوڵێکە بۆ ئاشنابوون بە ڤانکوخ و تابلۆ بەناوبانگەکەی و ئەو جیهانەی ئەو تابلۆیەی تێدا کێشاوە و دواتریش سەرگەردانبوونی ئەو تابلۆیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە بەهای هونەر نازانرێت و تابلۆیەکی بەناوبانگی ئەم نیگارکێشە دوای دزرانی و ونبوونی تابلۆکە و دوای نزیکەی 30 ساڵ لە دزینی لەنێو بازاڕی کۆنەفرۆشان دەدۆزرێتەوە بەبێ ئەوەی بەهاکەی بزانرێت و بە نرخی وێنەیەکی ئاسایی دەفرۆشرێت.
نووسەری ئەم ڕۆمانەکە لەڕێی ئەم تابلۆ دزراوەوە دەشێ دوو ئامانجی هەبێت. یەکەمیان پیشاندانی بێبەها سەیرکردنی هونەر و شاکارە جیهانییەکان لەنێو مرۆڤانێک کە قەدری هونەر نازانن. دووەمیش ئەو داخراویەی کۆمەڵگەی سعودی کە بەشێکی زۆری کەسەکانی نێوی بە دەرچوانی پەیمانگا هونەرییەکانیشەوە کە ئاگاداری گەورەترین و نیگارکێشی جیهانی و بەرهەمە گرنگەکانی نین. بێگومان دەشێ ئامانجی دیکەش بدۆزینەوە بەڵام بەلای منەوە ئەم دوو ئامانجەی عەلەوی لەپێش هەموو ئەوانەی ترەوەن.
ڕۆمانەکە گەشتێکی خێرا و چێژبەخشە بۆ ناسینی هەم ڤانکوخ و هەم کولتووری ڕۆژهەڵاتی و وڵاتی سعودییە، کە لە ڕۆمانەکەدا هەندێک وردەکاریی باس کراوە کە لە هیچ جێگەیەک ئێمە بەو پەنهانانەی ئەو وڵاتە ئاشنا نابین، کە هەر ئەمەشە ئەرکی ڕاستەقینەی ئەدەب.

