رۆژنامەی ھەولێر

ناساندنی کتێبی (قارەمان و گۆڕەکان)، نووسینی (ئێرنێستۆ ساباتۆ)

شۆڕش غەفووری – هەولێر

ڕۆمانی (قەرەمان و گۆڕەکان ـ Sobre héroes y tumbas) لە نووسینی (ئێرنێستۆ ساباتۆ ـ Ernesto Sabato)، لەو كتێب و بەرهەمانەیە کە خوێندنەوەی لە ئەزمونێکی ئەدەبی ئاسایی زیاترە. چیرۆکی ساباتۆ دەرگایەکە بەرەو قووڵاییە تاریکەكەی مێشکی مرۆڤ، ئەو شوێنەی کە خۆشەویستی، ترس، یادەوەری و شێتیەتی پێکەوە گرێدراون. چیرۆکەکە لە ئەرجەنتینی دەیەی ١٩٥٠ دەگێڕدرێتەوە؛ سەردەمی پڕ لە هەرج و مەرج و ئاژاوەیوە کە ناجێگیری سیاسی، تێکچوونی كۆمەڵایەتی، قەیرانی فکری و ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگەی ئەرجەنتین شەپۆل دەدەن و گەیشتوونەتە لووتكە. ساباتۆ، سوودی لەم باكگراوەندە وەرگرتووە بۆ خوڵقاندنی جیهانێکی قووڵ و فرەچینی کە پڕیەتی لە گرژی و سەرلێشێواوی.

شیکاری پەیوەندیی نێوان ئالیخاندرا و مارتین:
“لەم دنیایەدا تەنها دوو شت هەن کە دەتوانن مرۆڤ ڕزگار بکەن؛ خۆشەویستی و ئازار. یەکیان بێ ئەوی دیکە، هیچە.”
لە چەقی چیرۆکەکەدا، کچێکی گەنج هەیە بە ناوی ئالیخاندرا؛ کەسایەتییەکی ناڕوون و ئاڵۆز، ژنێکی بریندار و لێوڕێژ لە نهێنی کە لە بنەماڵەیەكی دەوڵەمەند و نەجیبزادەی ڕوو لە پەراوێزی، گەورە بووە و گەشەی كردووە. پەیوەندییە خۆشەویستییە پڕ لە گرژیەكەی لەگەڵ مارتین، گەنجێک لە چینی نزمتری کۆمەڵگە و شەرمن و پڕ لە گومان، سەرەتای گەشتێکە کە هێواش هێواش خوێنەر دەکێشێتە نێو ژیانی پڕ لە نهێنی ئەم ژنە و ڕابردووە تێكچڕژاوەكەیەوە، بەڵام ئەمە تەنها چیرۆک و سەربوردەی عیشقێك نییە، بەڵكو شتێک لەم چیرۆکەدا شاردراوەتەوە؛ نیگەرانییەکی خزۆك کە بە هێواشی هەموو شتێک تاریک دەکات.

تاوتوێكردنی بەشی ڕاپۆرت لەبارەی نابیناکان:
یەکێک لە بەرچاوترین بەشەکانی ئەم ڕۆمانە، بەشی “ڕاپۆرت لەبارەی نابیناکان”ـە. ئەم بەشە کە دەكرێت خۆی بە تەنها چیرۆکێکی سەربەخۆ بێت، حیكایەتی فێرناندۆیە، واتە باوکی ئالیخاندرا، ئەو پیاوەی کە تووشی وەسواس و ڕاڕایی و پارانۆیایەکی سەیر لەبارەی نابیناکان بووەتەوە و باوەڕی وایە ئەوان لە پیلانگێڕیدان بۆ کۆنترۆڵکردنی جیهان. ئاواز و دەنگی مۆتەكەئاسا و فەزای وەهماویی ئەم بەشە، وای کردووە ببێتە یەکێک لە دەقە ناوازە و لەبیرنەكراوەكانی نێو ئەدەبیاتی مۆدێڕن. ساباتۆ لەم بەشەدا، سنووری نێوان حەقیقەت و شێتیەتی وەها تێكەڵ و ناڕوون دەکات کە خوێنەر دڵنیا نییە چ شتێک ڕاستە و چ شتێک دروستکراوی دەستی زەین و مێشکە.
مرۆڤەکانی ئەم ڕۆمانە تەنها کەسایەتییەکانی نێو چیرۆک و حیكایەت نین، بەڵکو هەریەکەیان نوێنەری جۆرێک لە قەیرانی مرۆیین. مارتین، دۆشداماویی نەوەی نوێ نیشان دەدات؛ نەوەیەک کە لە نێوان ڕابردوویەکی پڕ لە شکۆمەندیی ڕووخاو و ئایندەیەكی نادیاردا گیری کردووە. بڕۆنۆ، گێڕەرەوەی بەشێک لە چیرۆکەکە، تێڕوانینێكی فەلسەفیتری هەیە و هەوڵ دەدات لە واتا و مانای ڕووداوەکان تێبگات. تەنانەت شاری بوێنس ئایرس لەم ڕۆمانەدا دەبێتە کەسایەتییەکی زیندوو؛ شارێکی خۆڵەمێشی، قورس و نەغرۆ لە یادەوەری.

شێواز و ستایلی گێڕانەوەی ڕۆمانەكە:
شێواز و ستایلی گێڕانەوەی ڕۆمانەکە، تاكئاراستەیی نییە و فرەدەنگە و جار جارەش فرەتوێ و ئاڵۆزە، ڕێك وەك زەین و تێهزرینی كەسایەتییەکانی نێو ڕۆمانەكە. ساباتۆ ڕێگە بە خوێنەر دەدات کە هاوكات لە توێ جیاوازەكانی دەروون و ڕەوان، بەنێو کۆمەڵگە و مێژوودا بجووڵێت و بچێتە پێشەوە.
ساباتۆ سوود لە کاتە جیاوازەکان و دیدگا جۆراوجۆرەكان وەردەگرێت بۆ گێڕانەوەی چیرۆكەكەی. ئەم پێکهاتەیە وا دەکات خوێنەر تووش بێت و بە خۆیەوە سەرقاڵی بكات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پێویستی بە وردبینی و سەبوورییە. پەخشانی کتێبەکە، قورس و جارجارەش فەلسەفییە، بەڵام هەر ئەم تایبەتمەندییانەن کە ڕۆمانەكە لە ڕۆمانێكی ئاسایی جیا دەکەنەوە.
ساباتۆ لە ڕۆمانی (قارەمان و گۆڕەکان)ـدا تەنها چیرۆکێک ناگێڕێتەوە، بەڵكو ئەو وێنەیەک لە مرۆڤی هاوچەرخیش پێشکەش بە خوێنەر دەکات، مرۆڤێک كە تەنیا و بریندار و لە بەرەبەری ڕووخاندایە.
ڕۆمانی (قارەمان و گۆڕەكان) پڕە لەو ساتانەی کە خوێنەر ناچار دەکات بیر بکاتەوە: بیر بكاتەوە دەربارەی مەرگ، تەنیایی، واتا و بێواتایی. ئەم ڕۆمانە نە تەنها تراژیدیایەکی خێزانییە، نە تەنها ڕەخنەیەکی کۆمەڵایەتییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان، ئەویش بە دەنگ و سەدایەكی جار جارە شاعیرانە و جار جارە بێ بەزەییانە.

ئێرنێستۆ ساباتۆ کێیە؟
ئێرنێستۆ ساباتۆ (٢٤ی حوزەیرانی ١٩١١ – ٣٠ی نیسانی ٢٠١١) نووسەر و ڕۆماننووسێکی بەناوبانگی ئەرجەنتینی بوو کە ڕەچەڵەكێكی ئیتاڵی ـ ئەڵبەنی هەبوو.
ساباتۆ لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا بڕوانامەی دکتۆرای فیزیای وەرگرت و فیزیکزانێکی سەرکەوتوو بوو، بەڵام دواتر بەهۆی خۆشەویستی بۆ پرسە مرۆڤایەتییەکان، وازەی لە فیزیا هێنا و بووە نووسەر.
ساباتۆ، بەهۆی ڕۆمانەکانی (تونێل) و (قارەمان و گۆڕەکان)، وەک یەکێک لە گرنگترین نووسەرانی ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین لە سەدەی بیستەم ناسرا. ساباتۆ لە کتێبەکانیدا لێکۆڵینەوە لە بابەتەکانی وەک تەنیایی و پەیوەندییە تێکچووەکانی نێوان خەڵکی دەکات کە ناتوانن کۆنترۆڵیان بکەن.