رۆژنامەی ھەولێر

تاهیر ئاغا یان تاهیراوە یان تەیراوە

زاگرۆس ئەحمەد کەمال

 

لە بنەچەدا ناوی تەیراوە بۆ تاهیرئاغای ئیسماعیل ئاغای سەعدوڵڵا ئاغا دەگەڕێتەوە؛ کە بە بنەماڵەوە خاوەنی هەردوو گوندی چەمەدوبس و مەلا عەوڵای نزیک گوندی بێریات و کەلەکی یاسین ئاغا بوون.

هەرچەند مێژووی لەدایکبوونی دیار نیە بەڵام ساڵی ١٩٧٤ کۆچی دوایی کردووە و سەردەمانێک لە چەمەدوبس ژیاون و زیندەگییان کردووە؛ وەک دەگێڕنەوە لەبەر بڵاوبونەوەی پەتای تاعوون لە گوندەکەیان ناچار بوونە هەردوو گوندیان فرۆشتووە و، زەویوزارێکی زۆریان لەناو هەولێر کڕیوە و، سەرەتا تەیراوە لە نەخشەی بنەڕەتی شار ناوی ئیبن‌مستەوفی بووە و چەند ماڵێکی بەقوڕ دروستکراوی لێ بووە تا لای مزگەوتی ئەوقافی ئێستا و ژمارەیان هەر سی چل ماڵێک دەبوون، بەڵام تاهیر ئاغا لەسەر زەویەکی خۆی کە رووبەرێکی فراوانی هەبووە سەرەتا خانوو و حەسارێکی تیا دروست کردووە بۆ ماڵی خۆی و مەڕوماڵاتەکانی و دواتر چلوپێنچ خانووی بۆ کەسانی نزیکی خۆی و دەوروبەری دروست کردووە و، ویستی ئەوە بووە ئەو ناوە گەشە بکات و ئاوەدان بێتەوە بۆیە دەستی بەفرۆشتنی زەویەکان کردووە و بە گوریس فرۆشتوویەتی؛ وەک دەڵێن ئەو کات هەر گوریسێک دوو مەتر دووجا بووە و ئەو کەسانەش دەرەتانیان نەبووە بەبێ بەرامبەر زەوینی پێ داون؛ مەبەستی تەنها ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە بووە و هەر لبەر دەستکراوەیی و پیاوەتیی تاهیر ئاغا خەڵکی لە خۆشەویستیان بە حاجی تەیرۆ بانگیان کردووە و، سەرەتا ناویان لەو گەڕەکە ناوە تاهیراوە و بە تێپەڕبنی کات بۆتە تەیراوە؛ وەک مامۆستا عەبدولکەریم شێخ عەلی پێی راگەیاندم کاتی خۆی ئیبن‌مستەوفی هەبوو چل ماڵێکی قوڕین بوون تا مزگەوتی ئیمام غەزالی (ئەوقافی ئێستا) هەروەها تاهیر ئاغا کەسایەتیەکی چاکەخواز و پۆشتەوپەرداخ بوو؛ بیرمە شێستەکان لەگەڵ باوکم چووینە لای و شەش گوریس زەوینی بە نۆ دینار لێ کڕی.
لەبارەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکانیش بۆ ناو شاری هەولێر مام عەبدولکەریم وتی کەس هێندەی ئیسماعیل حەقی متەسەڕیفی ئەوکاتی هەولێر خزمەتی بە هەولێر نەکردبوو لە سەردەمی ئەو خانووەکانی ئیدارەی خۆجێیی و گەڕەکی شۆڕش و ئازادییش کە ناوی ئیسماعیلیە بوو دروست کران و تاهیر ئاغاش لە چاکە و پیاوەتی رکابەری نەبووە و هەمیشە بە جلوبەرگی جوان و پۆشتە دەردەکەوت کە جێی باسوخواسی خەڵکی بوو.
بۆ پتر ئاشنابوونمان بە کار و خزمەت و کەسایەتیی تاهیر ئاغا و کارەکانی، دوو نەوەی تاهیر ئاغامان دواند؛ سەرەتا پارێزەری راوێژکار لوئەی سابیر تاهیر ئاغا گوتی: رۆژێکیان باوکم بۆی باس کردم سەعید قەزاز کە وەزیری ناوخۆی عێراق بوو برووسکەیەک بۆ تاهیر ئاغا دەکات و داوای لە تاهیر ئاغا کردووە لەبەر سەرپێچیە زۆرەکانی ئەوکاتی شار، با تاهیر ئاغا سەرپەرشتیی شار بکات؛ لەبەرئەوەی تاهیر ئاغا نەخوێندەوار بووە و دکتۆر سابیری باوکی لوئەی ئەوکات لە قۆناغی سەرەتاییدا بووە ئەرکی خوێندنەوە و نووسین و وەڵامدانەوەی برووسکەی سەعید قەزازی پێ سپێردراوە؛ باپیرم ئەوکات دەسەڵاتێکی زۆری هەبوو، خەڵکێکی زۆریشی لە دەوروبەر بوو؛ ٤٥ خانوویشی بۆ کەسە نزیکەکانی دروست کردبوو؛ بۆیە توانیی بەسەر گیروگرفتەکانی ئەوکات زاڵ ببێت.
دەربارەی دانانی سیستەمی حەسحەس بۆ پارێزگاریکردنی شار لە شەواندا و، رووناککردنەوەی دەوروبەری قەڵا بۆ یەکەم جار، وەک مامۆستا محەڕەم یاسین، مامۆستای زانکۆ و کچەزای تاهیر ئاغا، ئەوەی خستە روو: “وەک لە دایک و خاڵۆکانم بیستوومە بۆ باشتر پاراستنی تەناهی و، هێمنایی شار هەڵساون حەسحەسی شەوانیان بۆ شار داناوە و، بە چواردەوری قەڵادا فانۆسیان داناوە لە ئێوارانەوە تا بەرەبەیان دایانگیرساندووە و، قەڵا و دەوروبەریان پێ رووناک کردووەتەوە.”
یەکەمین دیوەخانی دیاری هەولێریش دیوەخانی تاهیر ئاغای بووە؛ لەم بارەوە پارێزەری راوێژکار لوئەی سابیر تاهیر ئاغا دەڵێ: وەک باوکم بۆی باس کردووم تاهیر ئاغا سەرەتا دێتە هەولێر خانووەکەی خۆی دروست دەکات کە زیاتر لە دووهەزار مەتر دووجا بووە و، دیوەخانەکی گەورەی بەخۆوە گرتووە و، خەڵکی روویان لێ دەکرد و، ئەوکات رەوانبێژی و شیعر و لاوک و حەیران و بەندبێژیش شوێنی تایبەتی لە دیوەخاندا هەبووە؛ یەک لەو بەندبێژانە سەپانێکی تاهیر ئاغا بووە؛ دەنگێکی یەکجار خۆشی هەبووە، ناوی عەلی پاڵانی بووە و، بە عەلۆ پاڵانییش ناوی دەرکردبوو؛ بەناوبانگترین بەندبێژی سەردەمی خۆی بوو. هەر لەو دیوەخانەیشدا پێشوازی لە هەموو چین و توێژێک دەکرا و، هەر میوانەک رووی لە هەولێر کردبا سەردانەکی دیوەخانی دەکرد و، تاهیر ئاغا لە هەموو روویەکەوە دەستی یارمەتیی بۆ درێژ دەکردن.
هەروەها ئەوەش دەڵێن لە سەردەمی یەک لە متەسڕیفەکاندا، هەوڵێک هەبووە بۆ ئەوەی تەیراوە بە ناوە کۆنەکەی خۆیەوە، واتە ئیبن‌مستەوفی زیاتر بناسرێتەوە؛ لە نەخشەی شاریشدا هەر وا هاتووە، بۆیە وەک مامۆستا محەڕەم یاسین گوتی: متەسەڕیفی ئەوکات داوای کردووە ناوەکە بکەنەوە ئیبن‌مستەوفی؛ هەرچەندە لە نفووسیشدا هەر وا نووسراوە؛ ئەویش واتە تاهیر ئاغا پێی گوتووە گەر دەتوانن بیگۆڕن فەرموون بەڵام بەهۆی کارە خێرخوازییەکانی تاهیر ئاغاوە بەرامبەر خەڵکی شار کە لە ژمارە نایەن و تەنانەت چەند جارێکیش لە کرێی حەسارەکانی خۆش بووە، کاتێ خەڵکە کرێچیەکە نەیانتوانیوە کرێ بدەن، بۆیە ئەو خۆشەویستیە کە زادەی خۆشەویستی و هەڵوێستە بەرامبەر کارە باشەکانی تاهیر ئاغا، ئیدی هەر بە تەیراوە ناو دەردەکا و ئەگەر کەسێکی خراپ با ناویشی نەدەما بێگومان خەڵکیش هۆکار بوون ناوەکە بپارێزرێ؛ خۆ ماوەیەک لەمەوبەر دەنگۆیەک بڵاو بووەوە گوایە تەیراوە لە تەیر و تەواڵ و شوێنی کۆبوونەوەی تەیرەکانەوە هاتووە لە کاتی خۆرئاوابووندا بەڵام ئەوەمان روون کردەوە و، وەڵاممان دانەوە؛ نەخێر تەنها خۆشەوستی دانیشتوانی ئەو گەڕەکە بەرامبەر کار و چاکەکانی تاهیر ئاغا ناوەکەی لە ‘تاهیرئاوا’وە کراوەتە تەیراوە؛ تەنانەت حەسەن زیرەکی نەمریش لە گۆرانیەکدا باسی تاهیر ئاغای کردووە.
ناشبێ لەیاد کەین تاهیر ئاغا یەکەم جار گازینۆی بۆ حەسەن ناوێک دروست کردووە و قەوانی بۆ یەکەمجار هێناوەو لەوێ دایناوە و خەڵکی نەیانزانیوە بڵێن قەوان بۆیە بە گازینۆی حەسەن قانوون ناوی دەرکردووە؛ مامۆستا محەڕەم گوتی هەرچەند نەخوێندەوار بووە بەڵام پێی خۆشبوە گازینۆ بۆ حەسەن ناوێ بکاتەوە، تا خەڵکی شوێنێکیان هەبێ لێی کۆ ببنەوە؛ قەوانیشی بۆ دابین کردوون تا خەڵکی هەواڵی دنیا بزانن و لە رۆشنبیری و زانیاری سوود وەرگرن؛ هەروەها باس لەوە دەکرێ بەندیخانەی ئافرەتانیش سەرەتا ئامانەتی تاهیر ئاغا دراوە؛ کاکە لوئەی گوتی: ئەو خانووە گەورە، ژووری زۆری لێ بووە، هەربۆیە حکومەت پێی باش بووە بەندیخانەی ئافرەتان ماوەیەک لە دەست تاهیر ئاغا بێ و، ژوورێکی تایبەتیشی بە چەک و تفەنگی ئەو سەردەمە و پاسەوانەکانی هەبوو تا کێشە و گیروگرفت سەر هەڵنەدا
کاک لوئەی گوتی: بینایەی محافەزەی ئێستا خانووحەسار بووە و تاهیر ئاغا بەخشییە حکومەت؛ تەنانەت ئەو قسەش هەیە کە زەویەکانی قائیمقامیەتی ئێستاش هەر مڵکی تاهیر ئاغا بووە؛ وەک دەڵێن یەک لە متەسڕیفەکان ویستویەتی لێپێچینەوەی لەگەڵ بکات کاتێ ویستوویەتی خانوو دروست بکات، وایان تێگەیاندووە بە زۆری هاتووە و بێبەڵگەیە، کەچی تاهیر ئاغا قۆچانی رەشیان نیشان دەدات؛ جارێکیان متەسڕیف هەڕەشەی چۆڵکردنی هەولێر لە تاهیر ئاغا دەکات کەچی جێگرەکەی پێی دەڵێ ئەو کارەت پێ ناکرێ، چونکە سێ بەشی هەولێر مڵکی تاهیر ئاغایە و وەک دەڵێن رۆژێک ژنێک روو لە تاهیر ئاغا دەکات بۆ دەربڕین باری خراپی و داواکردنی خانوو کەچی داوا دەکات و تاهیر ئاغا بەڵێنی پێ دەدات خانووی بۆ دروست بکرێ و ئامانجی تەنها ئەوە بوو ئاوەدانی روو لە تەیراوە بکات؛ تەنانەت باس لەوە کراوە رۆژێکیان کاوێس ئاغا رووی لە دیوەخانەکەی کردووە و، لاوک و حەیرانی گوتووە.
*تێبینی ئەمە پوختەی دیمانەیەکی بەرنامەی واڵایە کە لە دەنگی کوردستان پێشکەش کراوە.