مستەفای سەید مینە
گەر بە دەست من با، هێندەم درێژدەکرد
دەمبردە ڕیزی ڕۆژی بەهارێ
ڕۆژگاری پایز بۆ هێندە کورتە؟
بۆ چاو لێکدەنێ لەگەڵ ئێوارێ؟
***
هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵمدایە
فەڕشی زێڕینی گەڵای سەر ڕێیە
هەر گەڵایەکی شیعرە، ڕۆمانە
کێ هێندەی پایز پەیامی پێیە؟!
***
شەوە زەنگیش بێ، پایزی پرچ زەرد
زەردایی بزەی هەر لەسەر لێوە
تیشکبارانی گەڵاڕێزانە
لەو دەر و دەشت و لەو کەژ و کێوە
***
پایز ئاوێنەی ئاسمانی بەرزە؛
یەک گەڵای هەیە، یەکیان ئەستێرە
گەرەکتە تێبگەی لە ڕازی گەردوون
گوێ بۆ هەناسەی پایز ڕادێرە

