لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن
سێبەری ڕەخنە لەو کاتەی کە ڕەوتی ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری هەندێجار دەکەوێتە ناو جەمسەرەکانی نەریت و مۆدێرنیتە و جاری وایە دەکەوێتە سەر ڕێگای دووبارەبوونەوە، پێشنیار دەکات وەک میتۆدێکی ڕەنگدانەوە، خوێندنەوەی دەقەکە ڕێک بخەین نەک بە پێچەوانەی مێژوو و مەبەستی نووسەر، بەڵکو لە دیالۆگدا لەگەڵ خودی دەقەکە و بەردەنگی هۆشیار. ئەم شێوازە بەناساندنی سێ پێگەی بنەڕەتی: دیسپلین، ڕەوانی، ئاژاوە، ڕێگە بە جووڵە، گونجاندنی و دروستکردنی مانا دەدات لە فەزای دینامیکی و ناپلەبەندیدا.
بنەما تیۆری و فەلسەفییەکانی تریلۆژیی ڕەخنە
ئەم میتۆدە ڕەگوڕیشەی لەنەریتە هێرمۆنیتیکیەکاندایە، بەڵام تێیاندەپەڕێنێ و ئەو دۆخە بەکاردەهێنێ کە دەتوانن لە هەر ساتێکدا ڕۆڵی خۆیان بگۆڕن، بگۆڕدرێن یان لەیەکتریدا بتوێنەوە، نەک سەرنجدان لە مێژووییبوونی مانا یان پانتایییە ناجێگیرەکەی ئاماژە. تریلۆژیی ڕەخنە بەڕەوتی تیۆری فرەجۆرو هەندێکجار دژبەر بەهێز دەبێت.
ئەم شێوازە بە تایبەت لە یەکگرتنی ستراکچەرالیستی و پۆستستراکچەرالیستیدا، وێنەیەکی نەرمونیانی مانا دەخاتە ڕوو. لە لایەک، دووپاتەی ستراکچەرلیستەکان لە سیستمە بنەڕەتیەکانی زمان و ئەفسانە (ڕێبازەکانی کلۆد لیڤیشتراوس یان ڕۆلاند بارت) لە خوێندنەوەی ستراکچەرە جێگیر و نەخشە دووپاتەکاندا، ڕۆڵی لە داڕشتنی پێگەی “ڕیزبەندی” تریلۆژی هەیە. لە لاکەی دیکەوە، پۆستستراکچەرالیستەکان (درێدا و بارت) لە قۆناغی دووەمی کارەکانیاندا، بە دووپاتەی پچڕان و دواکەوتن و خلیسکان لە مانادا، ئیلهامبەخشی دۆخەکانی “ڕەوانی” و “ئاژاوە”ن.
ڕێبازی دەروونشیکاریی ئەم تیۆرە، هەم لەژێر کاریگەریی لاکان و تیۆری سێلایەنەی واقیعی، خەیاڵی و ڕەمزی، کە پەیوەندی چەمکی بە سێلایەنەی دۆخی تریۆلژییەوە هەیە و هەم لەژێر کاریگەری “سێبەر”ی یۆنگ، کە نوێنەرایەتی چینە سەرکوتکراو و ناهۆشیارەکانی مانا دەکات لە بەرهەمێکی هونەریدا. بۆنموونە، لە دۆخی ئاژاوەدا، مرۆڤ دەتوانێت سەرهەڵدانی لەناکاوی تریلۆژی کلتووری و دەروونی شیکار بکات کە دەقەکە دەپچڕێنن یان مانا دەکەنە دەرەوەی بازنەی فەرمییەوە.
جگەلەمانە، تریلۆژیی ڕەخنە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی تیۆری گەمە زمانیەکانی ویتگنشتاین، که زمان نەک هەر بۆگواستنەوەی مانا، بەڵکو بۆ جێبەجێکردنی مانا لەپێکهاتە جۆربەجۆرەکانی کلتووری بەکار دەهێنرێت. مانا لەم قاڵبەدا، زادەی گەمەکانی فۆرم، پێگە و بەکارهێنانە، نەک لە هاوتابوونی ڕاستەوخۆ لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا.
لە ئەنترۆپۆلۆژیای کلتووری و نیشانەناسیی مۆدێرنیشدا، قاڵبێکی تیۆرییە ڕێگە بە تریلۆژیی ڕەخنە دەدا مانای ڕووکەش تێبپەڕێنێت بۆ شیکارکردنی تۆڕی نیشانە، کۆدو ڕێکەوتنە کلتوورییەکان. دووپاتەی پرۆسەی دروستبوونی مانا، تریلۆژی لەتیۆرەکانی پێشو جیادەکاتەوە، نەک دوابەرهەمی. لەم ڕێبازەدا ڕەخنە خۆی بە هاوبەشێک لە پرۆسەی دروستکردندا دەبینێت، هەندێکجار لەگەڵ دەقەکەدا دەجووڵێت، جاریوایە بەرەنگاری دەبێتەوە و جاروباریش دەبێتە کارئەکتەر لەناو خودی دەقەکەدا.
سێ پێگەی تریلۆژی: دیسپلین، ڕەوانی، ئاژاوە
1. دیسپلین (Order)
دۆخێکە، دەقێک خۆی وەک ستراکچەر و هۆشیار لە مانا و قاڵبێک خۆی دەخاتەڕوو. وەک هێڵکاریی وردی تەلارسازیی کلاسیک یان کێشی عەروزی لە شیعری کلاسیکدا. لەم دۆخەدا، توخمە پێکهاتەییەکانی دەقەکە، یەکگرتوویی و ئاراستەکردنی مانادار دەخەنە ڕوو.
2. ڕەوانی (Fluidity)
لەو شوێنەی مانا لەجووڵەدایە، نیشانەکان لە چەندین سنوردا دێن و دەچن و خوێنەر دەبێت بابەتەکان بدۆزێتەوە. هاوشێوەی تابلۆی ئیمپڕێشنیستی یان فۆرمە شانۆییوکانی ئەزموونی. زۆرجار ئەم دۆخە لە ڕێگای گەمەی زمان و پچڕانی ڕستەسازی و بەزاندنی مانا یەکلاکەرەوەکانەوە دروست دەبێت.
3. ئاژاوە (Chaos)
دۆخێکە دەق خۆی دەباتە ژێر پرسیارەوە، ماناکان پێچەوانە دەبنەوە و فۆرم، پێگەی پێشووی خۆی لەدەست دەدا. لێرەدا نەک تەنها ڕووبەڕووی نادڵنیایی دەبینەوە، بەڵکو بەرەوڕووی بەرەنگاربوونەوەی تێگەیشتنیش دەبینەوە. نموونەی ئەمەش لە شیعری سوریالیستی یان سینەمای ناهێڵیدا دەبینرێت.
تریلۆژیی ڕەخنە و پەیوەندییەکانی بە هونەرەوە
بۆ وێناکردنی مەودای بەکارهێنانی تریلۆژیی ڕەخنە، دەتوانین نموونە لەهونەرە جیاکاندا بهێنینەوە:
لە ئەدەبدا، بۆنموونە چیرۆکەکانی بۆرخیس بەستراکچەری لەناویەکدا (دیسپلین)، پچڕان لە گێڕانەوەدا (ڕەوانی)، دوودڵی لە هەقیقەت (ئاژاوەی) نوێنەرایەتیی هەرسێ دۆخەکە دەکەن.
• لە سینەمادا، فیلمی «Tenet»ـەکەی کریستۆڤەر نۆلان، بە پێکهاتەیەکی کاتیی پێچەوانە و گێڕانەوەی ناهێڵی، نموونەی ڕەوانی و ئاژاوەیە کە بینەر و کات پەلکێشی ناو گەمەکە دەکات.
• لە تەلارسازیدا، بینایەکی وەک “تاقی سەرکەوتن” لە پاریس (دیسپلین) دەکەوێتە بەرامبەر شاری ژێرزەمینی “کەپادۆسیا” یان بازاڕە تەقلیدییە پێچاوپێچەکانی ئێرانەوە (ئاژاوە-ڕەوانی).
• لە تابلۆدا، بەرهەمەکانی «کلۆد مونه» وەک Impression, Sunrise نیشاندانەوەی ڕەوانین، لە کاتێکدا لە تابلۆکانی میسری یان پرسپیکتیڤی ڕێنسانسی پێشینەی دیسپلینن.
• لە پەیکەرسازیدا، لە پەیکەرسازیدا، “دەیڤد”ی میشێل ئەنجێلۆ نوێنەرایەتی بەرزترین فۆرمی دیسپلین دەکات، لە کاتێکدا بەرهەمە سەرەتاییەکان یان شامانیستەکان بە فۆرمی ناتەواو و ڕەمزی مەیلی ئاژاوەگێڕییان هەیە.
هونەری هاوچەرخ، دیجیتاڵ و میدیا نوێیەکان
نەرمونیانی یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی تریلۆژیی ڕەخنە بۆ خوێندنەوەی بەرهەم لە میدیا جیا جیاکان و شێوە تازە هونەرییەکان. ئەمشێوازە تەنها تایبەت نییە بە ئەدەب یان هونەری کلاسیک، بەڵکو دەتوانێ بەرهەمە دیجیتاڵییەکان، میدیا مامەڵەییەکان، دیزاینی گرافیک، یارییە کۆمپیوتەرییەکان، ئەنیمەیشن، یان تەنانەت پلاتفۆرمەکانی بەشداریکردنی وەک ئینیستاگرام و تیک تۆکیش شیکار بکات.
لە هونەری دیجیتاڵیدا، بۆنموونە لە بەرهەمە مامەڵەییەکان یان (NFT)ـەکان، پەیوەندییەکانی نێوان بەردەنگ، زۆرجار بەرهەم و پرۆسەی دروستکردنی مانا دەگۆڕێت. لێرەدا، دۆخی ڕەوانی و ئاژاوە ڕۆڵێکی تۆخترییان هەیە: فۆرمەکان ناجێگیرن، هەندێکجار ڕۆڵی بەردەنگ مانا دەخوڵقێنێ و دیسپلین لەقاڵبی کۆد یان ئەلگۆریتمی دەردەکەوێ. نەخشە دروستکراوەکانی زیرەکی دەستکردیش، بەجۆرێک بەرهەمی گەمەی نێوان فۆرم و ئاژاوەن.
لە ڤیدیۆ ئارت یان گێم ئارتدا، لایەنەکانی گێڕانەوەی ناهێڵی و مامەڵەپێکراو، شیکارکردنی تریلۆژی ئاسان دەکەن: لە دیسپلینی دیزاینی بەرایی یارییەکە، تا دەگاتە ڕەوانی جووڵەی بەکارهێنەر و ئاژاوە لە شکاندنی یاساکان. تەنانەت ئەزموونی ڕۆژانەی بەردەنگی دیجیتاڵ، بۆ نموونە بەرەنگاربوونەوەی “میم”ێک یان پۆستی ناڕەزایی هەمەلایەنە، دەتوانین شوێنپێی هەر سێ پێگەکە بدۆزینەوە.
کەواتە، تریلۆژیی ڕەخنە نەک تەنها وەڵامێکە بۆ میراتی تیۆری خۆرئاوا، بەڵکو ئامرازێکی شیکار کردنی بەهێزە بۆ خوێندنەوەی جیهانی بەیەکداچوی ئەمڕۆ، لەبەیەکداچوونی میدیا، تەکنەلۆژیا و خەیاڵی کلتووری.
ڕۆڵی بەردەنگ لە تریلۆژیی ڕەخنەدا
بە پێچەوانەی ئەو ڕەخنانەی بەردەنگ تەنها بەوەرگری مانا دەزانن، تریلۆژیی ڕەخنە، خوێنەر بە هاوکار و هاوئاوازدانەر و هەتا هاونووسەریش لە ڕێگای مانادا دەزانێت. خوێنەر، بەتێپەڕین بە دۆخەکاندا دەقەکە بەرهەم دەهێنێتەوە و مەرج نییە ئەم بەرهەمهێنانەوەیە ئامانجی بنیاتنانەوە بێت، بەڵکو ئامانجی دیالۆگ و بەشداریکردنە.
توخمە سەرەکییەکانی خوێندنەوەی تریلۆژی
دەبێت شیکارکەر بۆ ڕەخنەگرتن لە هەر بەرهەمێک بەم میتۆدە، سەرنج لەم توخمانەی خوارەوە بدات: ستراکچەری دەرەوەیی و ناوەوەیی بەرهەم (فۆرم، ڕێکخستن، ڕێکوپێکی)
• پەیوەندییە هێماییەکان (ڕەنگ، ژمارە، دووپاتە، ڕۆڵەکان).
• دەروونناسی وشەکان و فۆرمەکان.
• پێگەی ئەکتەر و قسەکەران لە فەزا و کاتدا.
• هێما کۆنەکان (ئارکیتایپ) و ئەفسانە دروستکراوەکان.
ئەنجامگیری
تریلۆژیی ڕەخنە نە بانگەشەی دڵنیایی دەکا و نە دەکەوێتە داوی ڕێژەی توندڕەوەوە. ئەم تیۆرە هەوڵی بەرپاکردنی دیالۆگێکی نێوان دەق و بەردەنگ دەدات کە تێیدا مانا، نە لە مێژوودا ون بووە، نە لە دووپاتەی فۆرمە کۆنەکاندا. تریلۆژیی ڕەخنە بیرمان دەهێنێتەوە دەقەکان، گۆڕەپانی یارین و هەر جووڵەیەک لەم گۆڕەپانەدا، هەڵگری ماناو و ئەگەرە.

