ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.10.1، لە ژێرچاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە گەلەری میدیای هەولێری پایتەخت، بە ئامادەبوونی فەرهەنگ غەفور، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەر و ژمارەیەکی تر لە هونەرمەند و هونەر دۆستان، پێشانگای هاوبەشی کاریکاتێریی ” پەیامی هێڵە گەرمەکان ” بۆ هەردوو هونەرمەندان ( بەکر عەبدولرەحمان و جەبار سابیر قادر ) كرایەوە.
دوای كردنەوەی پیشانگاكە و بینینی تابلۆكانی، پارێزگارى هەولێر، وێڕای دەستخۆشى لە هونەرمەندان، تیشكی خستەسەر ئەوەی فاکتەری گرنگی گەشەی کۆمەڵایەتی هەر كۆمەڵگایەك رەخنەیە، هونەری کاریکاتێر یش وەك هونەرێكی باڵا بەزمانی وێنە جگە لەوەی خەندەیەك دەخاتە سەرلێو ، هونەری ڕەخنە و تیر و تانە و توانج گرتنە، لە بواری ڕۆژنامەگەری جیهانیش گرنگی و تایبەتی خۆی هەیە، هیواى سەرکەوتن و بەردەوامى بۆ هەردوو هونەرمەندی كاریكاتێرست خواست، كە توانیویەتی لە ڕێگەی كارەكانیانەوە رۆڵێکی دیار و بەرچاوو بگێرن.

