رۆژنامەی ھەولێر

دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوە و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، بۆردی ئەمینداران کۆبووەوە .

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی دەستەکە بەشداربوو، سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی بۆردی ئەمینداران، ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجی دەستەکە پێشخستن و باشترکردنی پێوەر و ستاندارد و کواڵێتی خوێندنە لە هەرێمی کوردستان.

سەرۆكی حكوومەت جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی و هاریکاری دەستەکە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراو و ئاژانسەکانی تایبەت بەم بوارە کردەوە. هەروەها سوپاسی دەستەی ئەمیندارانیشی کرد بۆ هەوڵ و کارکردنیان لەم پێناوەدا.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەبارەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، چەند بڕیارێکی پێویست دران، لەوانە پەسەندکردنی ستانداردەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، ڕێبەری متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی ئەکادیمی و سیستەمی ڕیزبەندیی ئەو دامەزراوانە لە هەرێمی کوردستان بەپێی ستانداردەکانی متمانەبەخشین.

هەروەها بڕیار درا زانکۆکانی کاتۆلیک لە هەولێر، زانکۆی سۆڕان، زانکۆی نەورۆز، زانکۆی گەرمیان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ببن بە بەشیك لە پرۆژەی تاقیکاری متمانەبەخشین.