ڕائیب جادر – هەولێر
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، لە كەرتی گەشتیاریدا، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوی گرنگی ناوە و ژێرخانێكی بەهێزی بۆ دروست كردووە.
ئاماژەی بەوەش داوە: لەو ماوەیەدا، 80 پڕۆژەی نوێی گەشتیاری، بە گوژمەی 7 ملیار و 555 ملیۆن و 305 هەزار دۆلار جێبەجێ كراون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەڕووی گەشتیارییەوە، لە هەرێمی كوردستاندا، زیاتر لە سێ هەزار شوێن و بنكەی گەشتیاری هەن، وەك: هۆتێل، مۆتێل، ڕێستۆڕانت، كافتریای گەشتیاری، كۆمەڵگەی گەشتیاری، شوێنی سروشتیی گەشتیاری.
ئاماری بەشێك لەو شوێنانەی وەك بنكەی گەشتیاری تۆمار كراون، بەم شێوەیە: 480 هۆتێل، 282 مۆتێل، 44 كۆمەڵگەی گەشتیاری، 20 گوندی گەشتیاری، نزیكەی هەزار ڕێستۆڕانت و خواردنی خێرا، نزیكەی 700 كافتریا و 28 شاری یاری.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەختی لەوە كردووەتەوە: ئەم گەشەپێدانە هاوكاتە لەگەڵ گەشەی ژێرخان و ڕێگەوباندا، بووەتە هۆی زیاتر ڕاكێشانی گەشتیارانی ناوەوە و دەرەوە و بووژاندنەوەی كەرتەكە، كە ساڵانە زیاتر لە حەوت بۆ هەشت ملیۆن كەس دەبنە گەشتیاری كوردستان.
فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” دەڵێت: دوای هاتنە كایەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كەرتی گەشتوگوزار لەم دەڤەرە قۆناغی باشی بڕیوە و گرنگی زۆری پێدراوە، لە پێشینەی كارەكانیش بیر لەوەكراوەتەوە چۆن گەشتیار بەشێوەیەكی ئاسان و سەلامەت بگاتە ناوچە گەشتیارییەكان، بۆیە هەوڵی ڕژد دراوە بۆ نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی ڕێگای نوێ بۆ ناوچە گەشتیارییەكان، لەلایەكی دیكەوە هەوڵماندایە ڕێكخستنەوەیەكی باش لە كەرتی گەشتوگوزار بكەین، بەتایبەتی لەڕووی كواڵێتی و چاودێریكردنی پڕۆژەكان، بۆ ئەو مەبەستە كارەكانمان بە باشی و بەبێ گرفت بەڕێوەدەچن، لەگەڵ ئەوەش بەردەوام هانی وەبەرهێنەر و سەرمایەداران دەدەین تا پڕۆژەی گەشتیاری لە سنوورەكەمان جێبەجێ بكەن، خۆشبەختانە كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگی گەشتیاری لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیەكەمان جێبەجێ دەكرێن، ساڵ بە ساڵیش پڕۆژەكان لە زیادبووندان.
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، لەبارەی ماستەرپلانی گەشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتی: ماستەرپلانی گەشتیاری گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، ماوەی چەند ساڵێكە كاری لەسەر دەكرێت، خۆشبەختانە لە ئێستادا كەوتۆتە بواری جێبەجێ كردنەوە، بێخاڵ و تاڤگەی گەلی عەلی بەگ ناوچەی گرنگن و سۆرانی پێ دەناسرێتەوە و بە دیزاینێكی جوان و سەرنجڕاكێش كەوتوونەتە بواری جێبەجێ كردنەوە و ئومێد دەكەین لە ماوەی ساڵێكدا كۆتایی بە كارەكان بهێندرێت تا بخرێتە خزمەتی دانیشتووانی سنوورەكە و گەشتیاران، هەروەها دوای تەواوكردنی ئەو پڕۆژانە بەپێی ئەو ماستەرپلانەی كە دانراوە ناوچەی دیكەی بەدوادادێت و گرنگی پێ دەدرێت، ئەمەش وادەكات ناوچەكە بووژانەوەیەكی باش بەخۆیەوە ببینێت، وێرای بەخشینی سیمایەكی جوانتر بە ئیدارەی سۆران، هەلی كاریش بۆ هەزاران هاووڵاتی دەڤەرەكە دەڕەخسێنێت.

