ڕائیب جادر – هەولێر
كاركردن لە ڕێگەی دهۆك-باعەدرێ بەردەوامە و تا ئێستا 70%ـی پڕۆژەكە تەواو بووە، كۆمپانیای جێبەجێكار هەموو هەوڵەكانی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی پێش ئەو وادەی كە بۆ دیاری كراوە كۆتا پێ بێنێت و بكەوێتە خزمەت هاووڵاتییان و شۆفێران.
پڕۆژەی ڕێگەی دووسایدی دهۆك-باعەدرێ لە حوزەیرانی پار بەردی بناغەی دانرا و لە مانگی تەممووزی هەمان ساڵ دەست بە كاركردن لە پڕۆژەكەدا كرا، پڕۆژەی دووسایدی دهۆك – باعەدرێ زۆر بە باشی و بە گوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەكانی ڕێگەوبان جێبەجێ دەكرێت. ڕۆژی دووشەممە، 3-6-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی ڕێگەی باعەدرێ – دهۆكی دانا و لە گوتارێكدا ڕایگەیاند، بە تەواوبوونی پڕۆژەكە، كەرتی گواستنەوە و هاتووچۆ لەم دەڤەرە پێشكەوتنێكی باش بە خۆوە دەبینێت.
ڕێگەی باعەدرێ- دهۆك، بە یەكێك لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەژمار دەكرێت كە ڕێگەی دهۆك -هەولێر بەخۆیەوە دەگرێت، ئەگەر ئەو پڕۆژەیە بە كۆتا بێت لە زاخۆ تا سلێمانی ڕێگەكە دەبێتە دوو ساید، لە هەمان كاتدا قەرەباڵغیی هاتووچۆش بە شێوەیەكی بەرچاو كەم دەبێتەوە.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە، ئاشكرای كرد: نزیكەی 70% پڕۆژەكە تەواو بووە، واتە نزیكەی 10 كیلۆمەتر ڕێگەكە هەموو بە تەواوەتی چاككراوە و ئامادەیە بۆ هاتووچۆ، هەر لە دیواری پاڵپشت بگرە تا دەگاتە قیڕتاوكردن، ئەمەش لە كاتێكدایە چەندین كێشەی گەورە لەبەردەم پڕۆژەكەدا هەبوون، كە هەموو ئەوانە هۆكار بوون كە كاركردن لە پڕۆژەكەدا زیاتر بێت و ئەوەش كاتێكی زیاتری دەویست، هەروەها ناوچەكە شاخاوی بوو هەوڵمان داوە ڕێگەیەكی ستاندەر دروست بكەین لە زۆر شوێن بڕینی گەورە هەبووە و كراوە.
پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای نۆرتایل لەژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی ڕێگەوبانی پارێزگای دهۆك جێبەجێ دەكرێت، سەرەڕای ئەوەی 26 كیلۆمەتر ڕێگەی سەرەكییە، 30 كیلۆمەتریش ڕێگەی گوندەكانە، چونكە ژمارەیەكی زۆر ڕێگەوبانی گوندەكان دەكەونە سەر ڕێگەكە، هەروەها لەناو پڕۆژەكەدا زیاتر لە 7 ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس هەنە، كار بەشێوەیەكی بەردەوام لە پڕۆژەكەدا دەكرێت، ئۆڤەرپاسی باعەدرێ لەسەر ڕێگەی سەرەكی شێخان تا دەگاتە گوندی دێركێ دوو چینی تەواو بوونە، هەروەها كاریش بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەو بەشانەی كە ماون ئەوانیش تەواو بكەین.
گوژمەی پڕۆژەكە 135 ملیار دینارە و لەسەر بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و 70% پڕۆژەكە تەواو بووە و كۆمپانیای جێبەجێ كار هەموو هەوڵەكانی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی پێش ئەو وادەی كە بۆ دیاری كراوە كۆتا پێ بێنێت و بكەوێتە خزمەت هاووڵاتییان و شۆفێران. خەدیجە محەممەد، بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی دهۆك، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد: بەپێی گرێبەستەكە، پێویستە ڕێگەكە لە مانگی حوزەیرانی 2027 تەواو بێت، بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە كارەكان بەڕێوەبچن، پێش وادەی خۆی تەواو دەبێت.

