ڕائیب جادر – هەولێر
بابەكر زێباری، ڕاوێژكاری سەربازیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “هەولێر” ئاشكرای كرد: كۆتایی ساڵی 2026، هەرێمی كوردستان 11 فیرقە و یەك هێزی پێشمەرگەی دەبێت، كە ئێستا یەكخستنەوەی چەندین فیرقە تەواو بووە و كار بۆ یەكخستنی سێ فیرقەی دیكە دەكرێ، كە هەنگاوێكی گرنگە بەرەو دروستكردنی سوپایەكی نیشتمانیی یەكگرتوو بۆ هەرێمی كوردستان. دەشڵێ: داعش لە ئێستادا شوێنێكی جێگیری بۆ حەوانەوە نییە، بەڵام دوای تێكشكاندنی داعش بەتەواوی لەناو نەچووە و هێشتا بۆ سەر عێراق مەترسییە.
ڕاوێژكاری سەربازیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەڵێت: پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە شێوەیەكی بەردەوام و سەركەوتوو بەڕێوەدەچێت و پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لە قۆناغی ئێستادا سەرقاڵی دامەزراندن و ڕێكخستنی فیرقەكانین، كە هەنگاوێكی گرنگە بەرەو دروستكردنی سوپایەكی نیشتمانیی یەكگرتوو بۆ هەرێمی كوردستان، ئەمە خەونێكی دێرینی گەلەكەمانە كە ئێستا خەریكە دەبێتە ڕاستی.
بابەكر زێباری، ڕاوێژكاری سەربازیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەشڵێ: ئامانجی سەرەكیمان ئەوەیە كە هەموو هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا یەك بخەین، ئیتر نامانەوێت هیچ جیاوازییەك لە نێوان پێشمەرگەكاندا هەبێت، یان بگوترێت ئەمە پێشمەرگەی لایەنێك و ئەوەی تر سەر بە لایەنێكی دیكەیە، هەموو پێشمەرگەكانمان دەبێت تەنیا لە ژێر ئاڵای پیرۆزی كوردستان و بە فەرمانی حكوومەت و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كار بكەن، چونكە ئەمە گرنگە بۆ پاراستنی یەكێتی و سەروەریی هەرێمەكەمان، لەبەرئەوە ئێمە پێداگرین لەسەر بەردەوامبوونی ئەم پرۆسەیە و داوا لە هەموو لایەك دەكەین، پشتیوانیی لەم هەنگاوە نیشتمانییە بكەن، چونكە تەنیا بە یەكگرتوویی دەتوانین هەرێمێكی بەهێزتر و سەقامگیرتر بنیات بنێین، تا ئێستا چوار فیرقە تەواوبوونە و دەستبەكار بوون، ئێستاش سێ فیرقەی دیكە ئامادە كراون و لە قۆناغی كۆتاییدانە و تا كۆتایی 2026 هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەن 11 فیرقەی پێشمەرگە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر جددییە لەسەر ئەوەی یەك هێزی پێشمەرگەمان هەبێت.
ڕاوێژكاری سەربازیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، هاوپەیمانان بەردەوام لەگەڵ هێزی پێشمەرگەن و لە هەموو هەنگاوەكان هاوكار و پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەن و پەیوەندی و هەماهەنگی زۆر باشیان هەیە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگە، بەردەوام هاوكار و پاڵپشتن وەك چۆن گرنگی بەهێزی خۆیان دەدەن بەهەمان شێوە گرنگی بەهێزی پێشمەرگە دەدەن.
ڕاوێژكاری سەربازیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، گوتیشی: بۆشایی ئەمنی لە ناوچە كوردستانییەكان ڕاستە لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە، بەڵام ئێستا چەندین لیوا دروست كراون ئەو لیوانە بە هاوبەشی ئەو شوێنانە دەپارێزن ئەوەش وا دەكات هیچ مەترسییەك لەسەر ناوچە كوردستانییەكان نەبێت.
سەبارەت بە مەترسییەكانی جارێكی دیكە سەرهەڵدانەوەی داعش، بابەكر زێباری، ڕاوێژكاری سەربازیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، داعش كۆتایی نەهاتووە و هێشتا لە عێراق مەترسی هەر ماوە، بەڵام وەكو پێشوو نییە كە بنكەیان هەبێت و شوێنیان دیاربێت، بەڵكو ئێستا لە شێوەی شانەی نووستوون و 99%ـیان عێراقین، بەڕۆژ كار دەكەن و بەشەویش دەبنەوە بە داعش، بەڵام توانای جارانیان نەماوە، لە هەمان كاتدا ئێستا سنووری عێراق تۆكمە كراوە و سیم كراوە و ژمارەیەكی زۆر كامێرای چاودێری دانراوە و دەربازبوون و هاتنی چەكدار و ئەندامانی داعش بۆ عێراق وا ئاسان نییە.

