ئامادەکردن و وەرگێڕانی: شێرکۆ حەبیب
ڕۆڵی سیاسی ئەو زۆر بەباشی ناسراوە و دەتوانرێت بە شێوەیەکی زۆر جەخت و پوخت و کورت ئاماژەی پێ بکەیت. هەڵبەتە مێژووەکەی هەندێک تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕاستییە. دڵنیایی زۆری لایەنی کەسایەتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی پەروەردەکردنی و بارودۆخی دەوروبەری ئەم پەروەردەکردنە. بەتایبەت لایەنی سۆفیگەری و دینداری و زاهیدی لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا گەورە بووە و سەرکردایەتی لە یەکێک لە فەرمانەکانی سۆفیگەری وەرگرتووە، بەو پێیەی باوکی یەکێک بووە لە شێخەکانی فەرمانی نەقشبەندی.
ناوی مستەفا بارزانی لە ساڵی 1931 دەرکەوت کاتێک بە چەک بەرەنگاری دەسەڵاتی ناوەندی بووەوە و سەرکردایەتی چەندین پێکدادانەکانی کرد تا مانگی حوزەیرانی ساڵی 1932، لەو کاتەوە پێکدادانەکان بەردەوام بوون، تەنها بۆ ساتێک رادەوەستا و دەستی پێدەکردەوە، تا سەرهەڵدانی جەنگی جیهانیی دووەم.
بارزانی دوای ئەوەی ژمارەیەک ئەفسەری کورد پەیوەندیان بە بزووتنەوەکەیەوە کرد، بە ڕێکخراوتر و باشتر مەشق و ڕاهێنانەوە گەڕایەوە ناو شۆڕش.
لە ٢٠ ئایار ساڵی ١٩٤٧ کاتێک هێزەکانی سەربازی ئیران ئەو ناوچانەی کۆماری مهابادیان داگیر کرد، لە سنووری عێراق دەرباز بوو لەگەڵ ٥٣٠ لە هەڤاڵەکانی لە ڕێپیوانێکی بەپێ بەرەو تورکیا لە ئێرانەوە بەڕێکەوت تا گەیشتە یەکێتی سۆڤیەت و لە ١٤ تەمموزی ساڵی ١٩٥٨ گەڕایەوە عێراق. ڕووداوەکان دوای ئەو کات زانراون.
ئەمانە وێنەیەکیان لە هزرم نەخشاندبوو سەبارەت بە کەوسە سیاسەتمەدارە، کاتێک لە ماشینەکە دابەزیم لەو شوێنەی بارەگاکەی لێیە کە بە شاخەکان چوار دەورە دراوە، لەناو دڵی چیای حەسارۆست، بەرزترین شاخی ناوچەکە، هەروەها بارەگای کوڕەکەی ئیدریس بارزانی لەوێ یە، کە دەکەوێتە نێوان گەڵالە و چۆمان، شوێنێکی سەختە و لە سنووری عێراقی ئیران نزیکە، بە فرۆکەی هەلیکۆپتەر گواستراینەوە بۆ چۆمان لەوێشەوە بە ماشێن بۆ شوێنی دیدار، لەگەڵ دکتۆر مەحمود عوسمان سەرۆکی شاندی دانوستاندنی کورد بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ بەغدا لە قسەکردن دابووین، لە چاوەروانی مستەفا بارزانیدا بووین ساتیک کوڕەکەی مسعود بارزانی هات بەخێرهاتنی کردین.
ئۆتۆمۆبێلێکی تۆیۆتا دروستکراوی ژاپۆن، بۆ گواستنەوەی مستەفا بارزانی بەکار دێت، زانیم ئەوە دیارییە لەلایەن سەددام حوسێن تکریتی جێگری سەرۆککۆمار (جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش بوو نەك جێگری سەرۆک کۆمار – وەرگێڕ) و سەرۆک شاندی دانوستاندن پێشکەشی کردووە.
مستەفا بارزانی وردبین و وریایە، هەوڵ دەدات تا دەتوانێت خۆی لە وەڵامدانەوە بەدوور بگرێت. لە هەموو شتێکدا بەخشندەیە جگە لە گفتوگۆ. هەست دەکەیت لەگەڵ پیاوێکی سادە و زاهید لە دونیا دانیشتوویت.
ئاخافتنەکەی بەوە دەست پێکرد، کە دوێنێ کۆمەڵێک رۆژنامەنووس سەردانیان کرد، لێی پرسین بۆ ئەم گۆڕانکاریە، دواتر چیرۆکی ئەو رۆژنامە نووسەی گێرایەوە کە سوور بوو دەستی ماچ بکات، کە قەبووڵی نەکرد و هەروەها قەبووڵی نەکرد گفتوگۆی لەگەڵ بکات، گوتی “ئیوە پرسیاری گرفتی رۆژهەڵاتی ناوەراست و هەڵوێستمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەکەن، من یوسانت و نیکسۆن یا ویلسۆن نیم، لەگەڵ ئەوەی یوسانت تاکێکە هیچ بابەتێک خاوەنداری ناکات، ئەوجا من چی”.
سەر سوڕمانی خۆی نیشاندا لەوەی ئەگەر یەکێک ڕاستییەکانی گوت بە درۆی دەخەنەوە، و ئەگەر درۆی گوت باوەڕی پێدەکەن.
پرسیارم لێکرد ئایا بەدرخان یەکێکە لەکەسایەتییەکانی ناسراو لە بزاڤی کورد؟
بارزانی: بەدرخان یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی بزاڤی کوردە.
دکتۆر مەحمود عوسمان: ئەو ئەندامی حزب نییە، کەسێکی بەساڵا چووە وتەمەنی ٧٤ ساڵە لە کوردەکانی تورکیایە.
* تۆپی نوێتان هەیە؟
بارزانی: ئایا کارگەمان هەیە؟ سەرکەوتن نییە فرۆکە ئەنجامی بدات، کارگەری پیاوەکانە نەک جەگ، بابەتەکانیش قەزا و قەدەرە، و دونیا دەسورێتەوە لە نێوان ئەقڵ و بێ ئەقڵی، و مرۆڤ هەموو زانیارییەکی لەسەر بابەتەکان نییە، هەموو شتێک بە فەرمانی خودایە.
ئەو پرسیارەکی ئاراستە کردم “گوێت لە چیرۆکی سولیمان و (العنقا –Phoenix بەئینگلیزی، نازانم بە کوردی چی پێ دەڵێن باڵندەیەکی ناوازەیە بۆ ماوەی پێنج شەش سەدە لە بیابانی عەرەبیدا ژیاوە، دوای ئەم ماوەیە خۆی لەسەر ئاگرێکی پرسە سووتاندووە و لەگەڵ گەنجی نوێبووەوە لە خۆڵەمێشەکە هەڵدەستێت بۆ ئەوەی بە خولێکی دیکەدا بژی. وەرگێر) ؟ گوتم نەخێر گوتی بۆت دەگێرمەوە ”
بارزانی: عنقا باوەری بە قەزاو قەدەر نییە، لاوێک و کیژێک یەکدیان خۆش دەویست، و لەبەر ئەوەی (عنقا) رێگری لە قەدەر دەکرێت، کیژۆڵەکەی ڕفاند بەرەو دەریا و زریاکانی برد و جێی هێشت لەناو دوورگەیەکی چۆڵ، کوڕە لاوەکەش بەدوایدا دەگەڕێت لە وڵاتیک بۆ وڵاتێک، تا بەلەمەکەی لە دەریایەک نغرۆ دەبێت و لەسەر دوورگە چۆڵەکەدا جێگیر دەبێت و خۆشەویستەکەی دەدۆزێتەوە و بەیەک شاد دەبن، لەو کاتەوە سولێمان بە عنقای گوت لەبەر ئەوەی باوەڕت بە قەزاوقەدەر نییە بۆیە تۆ هیچ نرخێکت نییە و بی سوودی، لەو کاتەوە ئەو باڵندە مەزنە ناوێکی بێ مانایە.
* چۆن ئەو ٢٠ کەسایەتیە هەڵدەبژێرن لە کوردەکان بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانی؟
بارزانی: بەرژەوەندی گشتی و گەل ئەرکە لەسەرمان، پێویستە لەسەر هەمووان و من کە یەکێکم لەوان خزمەتکاری ئەم میللەتە بین، و بۆیە پێویستە باشەکان خراپەکان بەلاوە نێن و لە سەرەتای مانگی حوزیران کۆنگرەی حزب ئەنجام دەدرێ لەوی ئەو ٢٠ کەسە هەڵدەبژێرن و لە بەرژەوەندی میللەت و وڵات و کامەرانی و ئاوەدانکردنەوەی وڵات بڕیار دەدەن.
* ئایا کوڕەکەت ئیدریس دەبێتە جێگری سەرۆک کۆمار؟
وەک ئەوەی یەک لای کردبێتەوە، گوتی نەخێر، لێرە پێویستیم پێیەتی بۆ ئیش و کارەکان و دەمەوێت لێرە پەروەردە بێت. لەو کاتە دکتۆر مەحمود چوە دەرەوە، گوتی لە کۆنگرەی ئایندە واز دێنم لە سەرۆکایەتی حزب و دەمەوێت ئەو تەمەنەی ماومە لە ژیانم بە ئارامی بەسەری ببەم .
لەکاتی گفتۆگۆ کردن لەگەڵ مستەفا بارزانی، دارجگەرە درێژەکەی دەرهێنا و جگەرەیەکی پێچاوە بە خۆشییەوە دەیکێشا، ویستم گفتۆگۆکە بگۆرم پرسیارم لێکرد.
* ئایا دەتوانیت ئاماژە بە مێژووی پر سەرورەیت بکەی ؟
بارزانی: لە ساڵی ١٩٠٣ لەدایک بووم، و نەمردووم تاوەکو ئیستا ئەمە هەموویەتی، و “وما تدری نفس بای ارض تموت”.
* چی سەبارەت بە گەشتەکەت بۆ یەکێتی سۆڤیەت؟
بارزانی: لەگەڵ ٥٢٠ لە کوردەکان بۆ ماوەی ٥٢ رۆژ بە پیادە رۆیشتین، تاوەکو گەیشتینە سنووری یەکێتی سۆڤیەت، و لەوێش بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەسەر سنوور ماینەوە تا ڕێگایان پێداین و داخڵ بووین و دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ گەراینەوە و ژمارەمان گەیشتە ٩٠٠ کەس.
* چۆن ئەو ژمارەیە زێدە بوو؟
بارزانی: ژنیان هێنا لە رووسەکان و لە جورجیا و منداڵیان بوو و ژمارە زیاد بوو، بە پشتیوانی پەروەردگار چوین و گەڕاینەوە، و خودای مەزن یەکڕیزی لە نێوانمان پاراست، هەموو شتێک بەفەرمانی خودایە.
ئایا هیچ لە ئەندامانی مەکتەب سیاسی یا ئەندامی شاندی دانوستاندن، لەگەڵت دابوون لە یەکێتی سۆڤیەت؟
بارزانی: نەخێر
بەشێکی زۆر لە گفتوگۆکانم لەگەڵ مستەفا بارزانی بڵاوکردەوە، گفتوگۆ لەگەڵی زۆر لە سیفەتەکانی کەسایەتی دەخاتە روو، کە کەسایەتیەکی زۆر سادە و زاهیدە.
رۆژنامە نووس مستەفا نەبیل الهلال المصری

