خوسرهو جاف
ئەشهەدو منداڵێكی لاسار و شەڕانگێز و چەتوون و بێگوێ بووم، لەگەڵ كوڕە خزمەكانمدا هەمیشە لە شەڕدا بووم و زام لە ڕوخسار و دەستوپام نەدەبڕا، هەمیشە لە لایەكەوە برینێكم پێوە بوو. هەر منداڵە بەگزادەیەك شەوانە لەگەڵ بڕێك منداڵی سەربەخۆیدا شەوانە یارییان دەكرد، ئیتر ئەوە قەرەقەرەیە (چاوشاركێ)، زۆرانبازییە، ئەو یارییانەی شەوانە دەكران بەتایبەت لە شەوانی مانگەشەودا چەند بەیتی هەڵەمان دەخوێندەوە، بۆ گەنم گردی منداڵەكان:
مانگەشەوە
تەقڵی تەوە
بەرانە حیزەی چاولەخەوە
لەیەكی بدەیتەوە، ئەو سێ ڕستەیە، هیچ مانا و مەفهوومێكی نییە و هەر هەموو منداڵان ئەوەمان لەبەر بوو، ئیدی ئەوە وەك زەنگ منداڵانی كۆ دەكردەوە، جاروبار پەلاماری ئەو تاقمەم دەدا وا سەر بە یەكێك لە خزمانم بوو، جگە لەوەی بۆ خۆم شەڕم دەكرد، شەڕەسەگ و شەڕەكەڵەشێر و شەڕەنێرەكەریشم دەكرد.
هەرچی سەگی دڕی ناو ئاوایی و هەرچی كەڵەشێری شەڕانی و زیت و قنجی ناو كەلارم دەناسی و دەمزانی هی كام ماڵە، یەكێك لە منداڵانی خزمم لاسار و گرینۆك و دەم بە هاوار بوو، لەبەر ئەوەی دواچۆڕی باوكی بوو… لەولاشەوە حەوت خوشكی لە خۆی گەورەتریشی هەبوو، یەك لە دوانێكیان منداڵەكانیان هاوتەمەنی ئێمە بوون، ئەم خزمەم ملبارێكیكی دیزداشە لەبەر و دارلاسیقێكی لە ملدا بوو، مومكێن نەبوو بەردێكی بە زاحا بڕوات، هەر چۆلەكە و پەلەوەرێكی نیشان گرتبا دەیپێكا، هەروەكوو ” ڕۆبن هود”ی تیر و كەمان وەشێن… چوون مەحاڵ بوو تیرێكی بە هەوانتە ڕۆیشتبا، ئەم “بارام”ی خزمی منەیش بەردە لاستیكێكی بە خەتا نەدەچوو، ئەو بە خوشكەكانیەوە پشتی قایم بوو، بەڵام من لەوە چەمووشتر و چاوقایمتر بووم لە خوشكەكانی بترسم.
ناوبراو دەمپیس، جنێوفرۆش وەك مەتریلوز، لە یەك چركەیدا دە جنێوی ناشیرینی دەدا، لە هەر كوێدا گیرم بهێنا، مومكین نەبوو دەستی لێ نەوەشێنم، یەكێك لەو ڕۆژانە لە جێگەیەكدا بە گیرم هێنا… دارلاسیقێكی وەك هەمیشە لە ملدا بوو، دارلاسیقەكەم ڕاكێشا ڕاكێشا، لەپڕ دار لاسیقەكەم بەڕەڵا كرد، دەمولووتی پڕ بوو لە خوێن و زیڕەی لێ هەڵسا.
ئەوە شەستوحەوت ساڵ بەسەر ئەوەیدا گوزەراوە، یەشتا ئەو كارە ناشیاوەم لەبیر ناچێت، كە من بۆ وام كردووە. “مام بارام”، سوپاس بۆ خوا یەشتا تەندروستی باشە و ئێستایش باسی ئەو كارە ناڕەوایەی منە دەكا، خۆ با ئەویشە بڵێین دەم بە هاواری و جنێوفرۆشییەكەی بێ حەد و سنوور بوو، ڕێبوارێكی نەناسیشی بدیبایە، لە خۆڕا جنێوی پی دەدا، ناكۆكییەكەی منی منداڵ لەگەڵ “بارام”دا لە خۆڕا نەبوو، كەڵەشێرە لاریەکی شەڕكەریان بۆ هێنابوو، هەرچی كەڵەشێر بوو هەرهەمووی بەزان، ئاخر مەحاڵە كەڵەشێری خۆماڵی بەرگەی دەنووك و شەق و شاپی كەڵەشێری شەڕكەری لاری بگرێت…
ئەو كەڵەشێرە بۆم بووبووە گرێیەكی گەورە، كەڵەشێری من لە ئاستی كەڵەشێری شەڕكەری “بارام”دا جووجكەیەك زۆرتر نەبوو، بەڵام بۆ خۆم هەقی كەڵەشێرەكەم لە بارام دەكردەوە.
ڕۆژ هات و چوو، بارام خاڵۆیەكی هەبوو، ئەویش ئەهلی كەڵەشێر بوو، ماڵێشی هەر لەناو حەوشی ماڵی بارامدا بوو. ئەم پیاوە ناوی عەلی سەلیم بەگ بوو، كەڵەشێرێكی لاریی سەند، نازانم لە كوێی سەندبوو، هێنای بۆ كەلار و لەگەڵ كەڵەشێری بارامدا شەڕێكی خوێناوییان كرد و سەرەنجام كەڵەشێری بارام ڕاو نرا و پۆرتی شكا، ئیدی وای بەسەر هات كەڵەشێرەكەی خاڵوی وەك مریشێك سواری دەبوو. ئەوە بۆ من و كەسانی تریش وەك دەستكەوت وابوو، ئیدی، كە دەماندی، دەمانوت ها كەڵەشێرحیز! ئەویش گڕی دەسەند و هەزار جنێوی دەدا.
جگە لە شەڕەكەڵەشێر، ئاشقی شەڕەسەگ بووم، ئەوسا قەرەچی (قەرەج) دەهاتن بۆ كەلار؛ ئەو قەرەجانەی دەهاتن بۆ كەلار، خاوەنی پیشەی خۆیان بوون؛ دەسکاری زۆریان دەکرد، كە خەڵكی دێ و عەشایەرەكە نەیاندەزانی؛ لە چەقۆدروستكردنەوە بیگرە تا دەرخۆنە و تۆڵینە و چەرمسازەوە، زۆر دەسکاری تریشیان دەکرد، زۆرتر لە مانگێك دەمانەوە و بە كوردی دەدوان، نازانم لە كوێنەوە دەهاتن. سەگی باشیان هەبوو. سەگێكی ئەو قەرەچیانەم دەستنیشان كردبوو، بە ئەندازەی جاشوولكەیەك دەبوو، وڕكم لە دایكم گرت پیاوێكی نارد و سەگیان لە قەرەچی بۆ سەندم، یەك دوو سەگی ناو دێ داخیان لە دڵما پەنگی خواردبوویەوە، بەڵام نەك وەك كەڵەشێرەحیزەكەی بارام، گۆپاڵم دایە بەر و بەرەو گەڕەكی یەكێك لەو سەگانە ڕۆیشتم، سەگ خۆی بە خاوەنی سەرتاسەری گەڕەكەكەی دەزانی… هەر چاوی بە گۆپاڵ كەوت یەكسەر پەلاماری دا، گۆپاڵ لەوانە نەبوو، قەپی لە بۆقەتەی ملی سەگەكە گرت و بەری نەدا، منیش بە تەمای خنكاندنی سەگەكە نەبووم، سەگ لە پەلەپرتێ كەوت، گۆپاڵ وازی لێ هێنا، ئیدی گۆپاڵ وەك كەڵەشێرەكەی بارام لە پێش حیزبوونیا ناوی دەركرد و گۆپاڵ هەی گۆپاڵ!
من لە مەڕ و بەران و پەز و تەگە و بزنم نەدەزانی، دووان لە منداڵەكانی هاوڕێم بوو، خۆیان ڕاندار بوون، زۆر بە ئاسانی دەیانتوانی دوو بەرانی ناو یەك ڕان بەشەڕ بدەن. ئێمەیش دەبووینە تەماشاكەری شەڕی دوو بەران. تەگە تا خوا حەز بكا، مەغروورە، دەستت بۆ دوای ببردایە بە شاخ پەلاماری دەدای، نەماندەتوانی دوو تەگە بەشەڕ بدەین، بەڵام لە كەڵەهەرزدا دوو تەگەی ناو یەك ڕان خۆیان لەسەر بزنێك بەشەڕ دەهاتن.
بە ڕاستی تەماشای شەڕە بەران بۆ خۆی عالەمێكە.
لەبیرمە، سی ساڵ لەمەوبەر، یەكێك لە كوێخا ناسراوەكانیان هێنا بۆ بەغدا، كڵۆكی شكابوو، داستانی شكانی كڵۆكی خۆی دەگێڕایەوە باوكمردووی دەهێنایە پێكەنین. بابم لە یەكێك لە بیمارستانەكاندا دایمەزران و خرایە ژێر چاودێرییەوە، بۆخۆی دەیگێڕایەوە و دەیوت: وەك دەزانن مەڕ و ماڵاتێكی زۆرم هەیە و هەر هاوینێك بەسەربانەوە دەنوین كوڕەكانم گەورەن… شەو هەوەسم هەڵسا و دەستی كەیوانووم گرد و لەسەربان هاتینە خوارەوە، بۆ مەبادا ڕۆیشتینە ناو ڕانەكە و بەڕەیەكمان داخست و دەستمان پێ كرد، وەك دەبینن سوور و سپیم، ئیدی ئەوە مانگەشەوە، بەرانێكم لەناو ڕانەكەدا هەیە، فرە نەگبەتە… هەتاوەكوو بە قۆچ پەلاماری ئەسپیش دەدا. لەو مانگەشەوەیدا گەڵ و قوونێكی سپی دەبینێ، وا دێت و دەڕوا، بۆچی بە بەرانێ نەزانێ لەو كەین و بەینەیدا زرمە لە قوونمەوە هات، تمەز بەران لەوە دڵنیایە وا بەرانێكی تر سمكۆڵانیەتی بۆ شەڕەقوچ ئەوەندە تووند قۆچی لێ دام پێنج گەزی شا بەسەركەی وانومادا فڕەی دامە ئەولاوە، باوكە ڕۆم لێ هەڵسا.. تمەز بەرانە نەگبەتوو كڵۆكی شكاندووم، ئیتر بە دارە مەیت هێناومیانە خۆی، گەلێك بێ توێكڵ دەیگێڕایەوە و، دوو لە كاردا دەمامەك دەجووڵاندەوە.
لێم پرسی: باشە چیت لەو بەرانە نەگبەتە كرد؟
وتی: پیا ڕانەگەیشتووم، هەمووی چوار پێنج ڕۆژە جووتبوونێك وای بەسەر هێناوم، با بڕۆمەوە، پارچەی گەورەی دەكەمە ئەندازەی لەپێك.
وتم: مام” ….” وەعدی شەرەفم بدەرێ هیچ لەو بەرانە نەكەی؛ حەز ناكەی بیبینی، ها ئەوە پارەكەی؛ بەران بەرانی منە.
وتی: قوروان! وام پێ مەكە، هەر ڕۆیشتمەوە بۆت دەنێرم، بۆ ئەم بەغایە.
وتم: نا، وەعدی شەرەفم بدەرێ هیچ لەو بەرانە نەكەی ئەو دیفاعی لە ناوچەی دەستەڵاتی خۆی كردووە، ئاوا بەرانێك جێگەی ڕێز و حورمەتە.
وتی: كوڕە! خوا بێتە خوات، بەرانی تۆ كوڕێكیشم بكوژێ دەستی بۆ نابەم.
دوای مانگێك مام فڵان بە دو دار كەوتە ڕێ و، هێنایان بۆ ماڵی ئێمە، دوو ڕۆژ مایەوە و گەڕایەوە، لە پێش گەڕانەوەیدا وتم:
دوای وەعدت بە من داوە ئەو بەرانە لەناو نەدەی… هەردوو دەستی خستە سەر چاوی، وەك بیستم بەران هەر وەك خۆی لە بەرانەتیەکەی خۆیدا بەردەوامە… خۆزگە هەموو كوردێك وەك ئەو بەرانە نەگبەتە پارێزگاریی لە وەڵاتەكەی دەكرد.
ساڵی 1960 بهغدا

