رۆژنامەی ھەولێر

مەرگ و کچ؛ ئاوازێکی شانۆیی لەناو ئازار و دادپەروەریدا

سەردار ئەکرەم/ بەریتانیا

 

کەم دەق هەیە بە قووڵی و وردیەکەی “مەرگ و کچ”ـەکەی ئەریێل دۆرفمان، نووسەری ناوداری چیلی، گەڕان بەدوای دادپەروەری و کاریگەرییەکانی دیکتاتۆریەتی وێنا کردبێت. شانۆنامەکە ساڵی 1990 نووسراوە؛ ئەو شانۆنامەیە تەنها چیرۆکێکی سادە نییە، بەڵکو گەشتێکە بەناو تاریکترین گۆشەکانی دەروونی مرۆڤدا، لە کاتێکدا هەوڵ دەدات لە سایەی ڕابردوویەکی پڕ لە زڵم و ستەمدا، مانایەک بۆ ئێستا و داهاتوو بدۆزێتەوە. دۆرفمان بە لێهاتووییەکی بێوێنەوە، بابەتی وەک توندوتیژی، تۆڵەسەندنەوە، لێبوردن و، یادەوەریی نیشتمانی دەورووژێنێت، بەڵام ئەوەی ئەم دەقە لە زۆرێک لە دەقەکانی تر جیا دەکاتەوە، بەکارهێنانی هونەرییانەی موزیکە، بەتایبەتی کوارتێتی ژێداری ژمارە 14ی فرانتس شوبێرت، ناسراو بە “مەرگ و کچ”، کە وەک کاراکتەرێکی شاراوە و هێمایەکی قووڵ لەناو دراماکەدا ئامادەیی هەیە.
چیرۆکێک لە دڵی تاریکیدا؛ پۆلینا، گێراردۆ و ڕۆبێرتۆ
چیرۆکی “مەرگ و کچ” لە ماڵێکی دوورەدەست لە کەنار دەریاوە دەست پێ دەکات؛ کاتێک پۆلینا سالاس، قوربانییەکی ئەشکەنجەدراوی سەردەمی دیکتاتۆریەت و، گێراردۆ ئێسکۆباری مێردی و، ئەو پارێزەرەی تازە بۆ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ڕابردوو دەستنیشان کراوە و، دکتۆر ڕۆبێرتۆ میراندا، ئەو رێبوارەی کە گێراردۆ بەهۆی کێشەی تایەی ئۆتۆمبێلەکەیەوە دەیهێنێتەوە ماڵەوە، یەک دەگرنەوە؛ پۆلینا دەنگ و شێوازی قسەکردنی دکتۆر میراندا بە ئەشکەنجەدەرەکەی دەچوێنێت، ئەو پیاوەی کە ساڵانێک لەمەوبەر لە ژوورێکی تاریکدا ئەشکەنجەی داوە و لاقەی کردووە (دەستدرێژیی کردووەتە سەری). ئەم گومانە سەرەتای دروستبوونی گرژییەکی قووڵە کە سەرانسەری شانۆنامەکە دادەگرێت.
پۆلینا بڕیار دەدات دادگایەکی تایبەت بۆ دکتۆر میراندا ساز بکات، بەو هیوایەی دان بە تاوانەکانیدا بنێت و دادپەروەری بەدی بێت. ئەم دۆخە سێ کاراکتەرەکە دەخاتە ناو ململانێیەکی دەروونی و ئەخلاقییەوە، کە تێیدا سنوورەکانی نێوان قوربانی و تاوانبار، ڕاستی و درۆ، لێبوردن و تۆڵە تێکەڵ دەبن. دۆرفمان لێرەدا پرسیارگەلێکی بنەڕەتی دەوروژێنێت: کامەیە دادپەروەریی ڕاستەقینە؟ دەکرێت ڕابردوویەکی پڕ لە ئازار بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانباران تێپەڕێنرێت؟ قوربانی چۆن دەتوانێت لە سێبەری یادەوەرییە تاڵەکانیدا بژیێت؟
ئاوازی مەرگ و کچ: شوبێرت و هێمای ئازار
ئەوەی قووڵاییەکی بێوێنە بە شانۆنامەی “مەرگ و کچ” دەبەخشێت، بەکارهێنانی موزیکی کوارتێتی ژێداری ژمارە 14ی فرانتس شوبێرتە، کە بە هەمان ناوی شانۆنامەکەوە ناسراوە. ئەم پارچە موزیکە، کە ساڵی 1824 نووسراوە، یەکێکە لە بەناوبانگترین و کاریگەرترین کارەکانی شوبێرت. ناونیشانەکەی لە گۆرانییەکی پێشووتری شوبێرتەوە وەرگیراوە بە ناوی مەرگ و کچ (Der Tod und das Mädchen)؛ کچێک لە مەرگ دەپاڕێتەوە لێی گەڕێت، بەڵام مەرگ بە نەرمی و بەڵێنەوە دڵی دەداتەوە و دەیبات. لەناو شانۆنامەی دۆرفماندا، ئەم موزیکە تەنها پاش‌بنەمایەکی دەنگی نییە، بەڵکو هێمایەکی زیندووە بۆ ئەو ئازار و ترس و یادەوەرییە تاڵانەی کە پۆلینا بە درێژایی ژیانی هەڵیگرتووە. کاتێک دکتۆر میراندا ئەم موزیکە لێ دەدات، پۆلینا دڵنیا دەبێتەوە کە ئەو پیاوە ئەشکەنجەدەرەکەیەتی، چونکە ئەو موزیکە لە کاتی ئەشکەنجەدانیدا لێ دراوە. لێرەدا، موزیکەکە دەبێتە پردێک لە نێوان ڕابردوویەکی پڕ لە ئازار و ئێستایەکی پڕ لە گوماندا.
شوبێرت لەم کوارتێتەدا بە لێهاتووییەکی سەرسوڕهێنەرەوە هەستی ترس، خەم، بێهیوایی و، لە هەمان کاتدا جۆرێک لە ئارامی و قبووڵکردنی چارەنووس دەردەبڕێت. ئەم هەستانە بە تەواوی لەگەڵ دۆخە دەروونییەکەی پۆلینا و، ململانێ ناوەکییەی ناخیدا، دەگونجێن. موزیکەکە دەبێتە دەنگی بێدەنگیی قوربانییەکان، دەنگی ئەو ئازارەی دەربڕینی بە وشە ئەستەمە و، دەنگی ئەو یادەوەرییەی کە هەرگیز نامرێت.
موزیک وەک دادوەر و شایەتحاڵ لە “مەرگ و کچ”دا
موزیک تەنها هێمایەک نییە، بەڵکو ڕۆڵێکی کارا دەگێڕێت لە پەرەپێدانی دراماکەدا. کاتێک پۆلینا گوێی لە موزیکەکە دەبێت، یادەوەرییەکانی زیندوو دەبنەوە و هێزی ئەوەی پێ دەبەخشێت کە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدەرەکەی ببێتەوە. موزیکەکە دەبێتە شایەتحاڵێک بۆ تاوانەکانی ڕابردوو، دەنگێک کە ناتوانرێت کپ بکرێت. لە هەمان کاتدا، موزیکەکە وەک دادوەرێکیش کار دەکات، چونکە پۆلینا بە هۆی موزیکەکەوە دکتۆر میراندا تاوانبار دەکات و هەوڵ دەدات دانپێدانانی لێ وەربگرێت. ئەمەش پرسیارێکی گرنگ دەوروژێنێت: ئایا یادەوەریی قوربانی بەسە بۆ سەلماندنی تاوان، یان پێویستمان بە بەڵگەی زیاترە؟ دۆرفمان لێرەدا سنوورەکانی دادپەروەریی یاسایی و دادپەروەریی ئەخلاقی تێکەڵ دەکات. موزیکەکە دەبێتە ئەو هێزەی کە ڕابردوو دەهێنێتەوە ناو ئێستا و، ناچاریان دەکات ڕووبەڕووی ڕاستییە تاڵەکان ببنەوە.
هەروابێتەوە (هەروەها)، موزیکەکە جۆرێک لە تەوس (ئیرۆن)ـی تێدایە؛ شوبێرت ئەو کوارتێتەی لە کاتێکدا نووسیوە خۆی تووشی نەخۆشییەکی کوشندە بووە و، هەستی بە نزیکبوونەوەی مەرگ کردووە؛ هەربۆیە موزیکەکە قووڵاییەکی زیاتری وەرگرتووە، چونکە دەبێتە دەربڕینێک لە ئازار و نەهامەتیی نووسەرەکە خۆی، کە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لەگەڵ ئازارەکانی پۆلینا و گەلێک کە لەژێر دیکتاتۆریەتدا ژیاوە، یەک دەگرێتەوە. کاریگەریی موزیک و کۆتاییەکی کراوە، بەکارهێنانی موزیکی “مەرگ و کچۆڵەکە”ی شوبێرت لە شانۆنامەکەی دۆرفماندا، تەنها زیادکردنێکی هونەری نییە، بەڵکو توخمێکی بنەڕەتییە کە پەیامەکانی دەقەکە قووڵتر دەکاتەوە. موزیکەکە وەک هێمایەک بۆ یادەوەریی تاڵ، وەک شایەتحاڵێک بۆ تاوانەکانی ڕابردوو و، وەک دادوەرێک بۆ دادپەروەریی ئەخلاقی کار دەکات. دۆرفمان بە لێهاتووییەکی زۆرەوە، چەمکی موزیک وەک زمانێکی گەردوونی بۆ دەربڕینی ئازار و ترس بەکار دەهێنێت، کە لە توانای وشەدا نییە بەو شێوەیە دەری ببڕێت.
لە کۆتاییدا، دۆرفمان کۆتاییەکی کراوە بۆ شانۆنامەکەی بەجێ دەهێڵێت؛ دکتۆر میراندا لە کۆنسێرتێکدا موزیکی “مەرگ و کچ” دەژەنێت و، پۆلینا و گێراردۆ لەناو بینەراندان. ئەم کۆتاییە پرسیاری زۆر لەسەر دادپەروەری، لێبوردن و، توانای مرۆڤ بۆ تێپەڕاندنی ڕابردوو دەورووژێنێت. ئایا پۆلینا توانیویەتی ئاشتی لەگەڵ خۆیدا بدۆزێتەوە؟ ئایا دکتۆر میراندا دان بە تاوانەکانیدا دەنێت؟ ئایا کۆمەڵگا دەتوانێت لە سێبەری ڕابردوویەکی پڕ لە ئازاردا، داهاتوویەکی باشتر بنیات بنێت؟ “مەرگ و کچ”ـەکەی ئەریێل دۆرفمان، بە هاوکاریی موزیکە کاریگەرەکەی شوبێرت، دەقێکی هەمیشەییە کە بەردەوام پرسیارگەلێکی بنەڕەتی لەسەر سروشتی مرۆڤ و کۆمەڵگا دەوروژێنێت و، هانمان دەدات بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن دەتوانین ڕووبەڕووی ڕابردوومان ببینەوە و داهاتوویەکی دادپەروەرانەتر دروست بکەین.