مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
گواردیۆلا: دێربی، خاڵی وەرچەرخانی وەرزەكەمانە
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی، ئاماژەی بە ئاستی یانەكەی و یاریزانی بەلژیكی حێریمی دۆكۆ دا، بەوەی پێشكەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە لە بڕیاردان، ئەوەش دوای سەركەوتنی یانەكەی هات 5-1 گۆڵ بەسەر یانەی بێرنلی لە خولی ئینگلتەرأ.
دۆكۆ، ڕۆڵیكی سەرەكیی لە ئاستی یانەی مانچستەر سیتی گێرا، لەو یارییەی 5-1 گۆڵ بردیانەوە، بە جۆرێك بووە هۆی گۆڵی یەكەم، دوای ئەوەی تۆپێكی ئاڕاستەكراوی لە بەرگریكارێكی بێرنلی دا و چووە بە گۆڵدا و بووە گۆڵی یەكەم. پێش ئەوەی گۆڵێكی دیكە بۆ ئیرلینگ هالاند دروست بكا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتا وەرزەكانیدا لەگەڵ ئەو یانەیە ڕەخنەی لێ دەگیرا.
ئەم وەرزە ئەو یاریزانە تەمەن 23 ساڵە، بە شێوەیەكی باش دەستی پێ كردووە و دەركەوتووە، بە جۆرێك لە 7 یاریدا گۆڵێكی كردووە و 3 گۆڵی دروست كردووە.
گواردیۆلا، ڕایگەیاندووە: داوام لە باڵەكان كرد، كە بەرەوڕووی یاریزانێك یان دوو یاریزان بڕۆن، هەستم كرد بڕیارەكانی جێریمی لەو ناوچەیە زۆر باشتر بوون بەراورد بە ڕابردوو. گۆڵێكی بۆ هالاند دروست كرد و ئێستە بۆشاییەكانی یاریگە دەبینێ.
باسی لەوەش كرد: جێریمی یاریزانێكی زۆر گرنگە، رەنگە بە هەندێ هەڵوێستی هەڵبەز و دابەزدا ڕۆیشتبێ، بەڵام ئەو كاتەی تۆپەكەی لایە، تیپی بەرانبەر ناچارن بگەڕێنەوە ناوچەی سزا.
دەشڵێ: ئێستە دۆكۆ یاری بە باشی دەخوێنێتەوە، ئەوكاتەی بەرەو گۆڵ دەڕوا، دوو یان سێ یاریزانی تیپی بەرانبەر چاودێریی دەكەن و بە جێی ناهێڵن بە تەنیا رووبەڕووی یاریزانێك بێتەوە، چونكە ناتوانن ڕایبگرن، هیچ یاریزانێكی باڵ لەو خێراتر و بەهێزتر نییە لە ماوەی 5 تا 10 مەتردا. دەتوانێ بە لای ڕاست و چەپدا بڕوات، ئێستە زۆر بە باشی یاری دەخوێنێتەوە، كە تیپی بەرانبەر چ شتێكی لاوازە و پێویستە بیقۆزێتەوە. زۆر پێش كەوتووە.
ئەو لێدوانەی گواردیۆلا، بەوەی بردنەوەیان لە بێرنلی، خاڵی وەرچەرخانە، دوای ئەوە هات كە دوو یارییان بەرانبەر تۆتنهام و براتیۆن، دۆڕاند.
سلۆت: یەكێك لە یاریزانانمان هۆكاری دۆڕاندنمان بوو بە كریستاڵ پاڵاس
راهێنەری هۆڵەندیی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، دانی بەوە دا، كە یەكێك لە یاریزانانی یانەكەی، هۆكاری دۆڕاندنیان بووە (1-2) گۆڵ بە یانەی كریستاڵ پاڵاس لە خولی ئینگلیزی.
لەو یارییەی شەممەی ڕابردوو لە یاریگەی سێلهێرست پارك لە خولی ئینگلیزی لە نێوان لیڤەرپوول و كریستاڵ پاڵاس بەڕێوە چوو، لیڤەرپوول یارییەكەی 1-2 گۆڵ دۆڕاند، لەو رووەوە راهێنەری لیڤەرپوول بۆ تۆڕی ئێسپن ڕایگەیاندووە: ناكرێ هیچ بڵێین تەنیا مەگەر سەرزەنشتی خۆمان و ئەو ڕێگەیە بكەین كە بەرگریمان پێ لە خۆ كرد، یەكێك لە یاریزانانمان بەرەو پێشەوە چوو بۆ هێرشێكی هەڵگەڕاوە، هەرچەندە كاتیشی تەواو دەبوو، ئەوەی پێویستمان بوو، بەرگری بوو، یاریزانەكەمان بە بیرۆكەیەكی زیاد لە پێویست بۆ هێرشبەرانە جووڵایەوە، ئەوەش وای لە یانەی بەرانبەر كرد كە ڕێگەیان بۆ خۆش بێ و گۆڵ تۆمار بكەن.
ریاڵ مەدرید ڕەنگە كارڤاخال بۆ یاریی كلاسیكۆ لەدەست بدا
یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی، هەواڵی ناخۆشی لەبارەی بەرگریكاری یانەكەی دانی كارڤاخالەوە پێگەیشت، چونكە لە یاریی ڕابردووی ریاڵ مەدرید و ئەتلەتیكۆ مەدرید (كە ریاڵ مەدرید بە ئەنجامێكی گەورە 2-5 گۆڵ یارییەكەی دۆڕاند)، ئەو بەرگریكارە ڕاستەی تووشی پێكانی ماسوولكەی ڕانی ڕاستی بووە.
یانەی ریاڵ مەدرید، لە ڕاگەیاندراوێكی پزیشكیدا، ئاشكرای كردووە كە كارڤاخال تووشی پێكان بووە و پشكنینی وردی پزیشكیی بۆ دەكرێ، بۆ زانینی پێكانەكەی و ماوەی دووركەوتنەوەی.
لای خۆیەوە رۆژنامەی ماركای ئیسپانی، باسی لەوە كردووە، سەرەڕای ڕاگەیاندراوەكەی یانەی ریاڵ مەدرید كە گەڕانەوەی كارڤاخالی وابەستەی حاڵەتی پێكانەكەی كردووە، بەڵام لەو جۆرە پێكانانەی تووشی ئەو بەرگریكارە بووە، نزیكەی چوار هەفتە دابڕان و كاتی بۆ چاكبوونەوەی تەواوەتی دەوێت.
ئەوەش واتە دابڕانی كارڤاخالە لە یاریی كلاسیكۆی ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنە، كە بڕیارە لە رۆژی 26ی ئۆكتۆبەر بەڕێوە بچێت.
چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، لە خولەكی 59ی یارییەكەدا، ئەو كاتەی ئەتلەتیكۆ مەدرید 3-2 گۆڵ لەپێش بوو، بڕیاری دا گۆڕانكاری بە كارڤاخال بكات و لە شوێنی ئەو ئیدواردۆ كاماڤینگای بردە شوێنەكە، بۆیە ئەو بەرگریكارە ئیسپانییە بە تووڕەبوونەوە بەرەو ژووری جلگۆڕین ڕێگەی گرتە بەر، ئەوەش بەهۆی كەمتوانیی تیپەكەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید.
دوای پشكنینەكان، دەركەوت كە پێكانەكەی كارڤاخال لە ماسوولكەی ڕانیەتی، ئەوەش بە واتەی ئەوەیە چابی ئەلۆنسۆ، یەكێك لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی یانەكەی بۆ ماوەی مانگێك لەدەست دا و ئەوەیش بووە كێشەیەكی دیكە بۆ چابیی راهێنەر و سەرباری كێشەكانی دیكەی دەخرێ، كە هاوكات یاریزانی تازەهاتوو بۆ یانەكە ترێنت ئەلێكسەندەر ئەرنۆڵدیش بەهۆی پێكانەوە دابڕاوە، بۆیە دەستەی هونەریی یانەی ریاڵ مەدرید ڕووبەڕووی بەربەستی زۆر دەبنەوە و كێشەیان لە دۆزینەوەی یاریزانێك بۆ لای ڕاست دەبێ.

