رۆژنامەی ھەولێر

پرۆژەکە لە ڕووی ڕووبەرەوە لە هەندێک وڵاتی جیهان ڕووبەرەکەی فراوانترە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

حکوومەت دەستی بە جێبەجێکردنی پشتێنەی سەوزایی هەولێر کردووە و خەریکی تەلبەندکردن و پاککردنەوەیەتی لە زبڵ و خاشاک و پلانەکە ئەوەیە بە پانیی دوو کیلۆمەتر و درێژیی نەوەد و دوو کیلۆمەتر بۆ سەوزایی و دارستان بگۆڕدرێت، پڕۆژەیەک کە ڕووبەرەکەی لە ڕووبەری حەوت وڵاتی جیهان زۆرترە و بە جێبەجێکردنی ژینگەیەکی زۆر پاک بە پایتەخت دەبەخشێت و هەولێر دەباتە ڕیزی شارە زۆر پاک و جوان و دڵڕفێنەکانی جیهان.

بڕیارە ئەو پڕۆژەیە بە هەشت قۆناخ جێبەجێ بکرێت و دەست بە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەم کراوە. کۆمپانیای جێبەجێکار دەستی بە پاککردنەوە و ئامادەکردنی ڕووبەری دیاریکراو بۆ پشتێنەی سەوزایی هەولێر کردووە، قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژەیە دەگاتە سێزدە هەزار دۆنم کە داری زەیتوون و فستقی لێ دەچێنرێت و سەرووی سی و دوو کیلۆمەتری دووجای پڕۆژەکە لەخۆ دەگرێت.
کۆی ڕووبەری پڕۆژەکە سەد و هەشتا و چوار کیلۆمەتری دووجایە و هەموو ئەو ڕووبەرە فراوانە دەبێتە دار و سەوزایی و پڕۆژەی پێوەندیدار بە کشتوکاڵ و ژینگە، شوێنی پڕۆژەکەش دەکەوێتە دەرەوەی شەقامی بازنەیی سەدو پەنجا مەتریی هەولێر.
رووبەری ئاماژەپێکراوە کاتێک دەبێتە سەوزایی دیمەنێکی زۆر نایاب و سەرنجڕاکێش بە هەولێر دەبەخشێت کە لە ئاسمانەوە سەیری شارەکە بکەیت دەبینیت بە دارستانێکی گەورە دەور دراوە و هەولێر لە شێوەی ڤێلای ناو باخێک خۆی دەنوێنێت.
بۆ ئەوەی باشتر ئەو ڕووبەرە وێنا بکرێت ئاماژە بە ڕووبەری ژمارەیەک وڵات دەکەین، حەوت وڵات هەن کە ڕووبەرەکەیان ناگاتە ڕووبەری پشتێنەی سەوزایی هەولێر. بۆ نموونە دوورگەکانی مارشاڵ کۆی ڕووبەریان سەد و هەشتا و یەک کیلۆمەتری دووجایە و هێشتا سێ کیلۆمەتری دووجای لە پشتێنەی سەوزایی هەولێر کەمترە. یان ڕووبەری وڵاتی لیختنشتاین سەد و شەست کیلۆمەتری دووجایە و بیست و چوار کیلۆمەتری دووجای کەمترە.
رووبەری پشتێنەی سەوزایی هەولێر سێ هێندەی ڕووبەری وڵاتی سان مارینۆیە، جگە لەمە وڵاتێکی وەک مۆناکۆ ڕووبەرەکەی تەنیا دوو کیلۆمەتر دووجایە و پشتێنی سەوزایی هەولێر نەوەد و دوو هێندەی وڵاتەکەیە، باسی ڤاتیکان هەر ناکەین کە ڕووبەرەکەی ناگاتە نیو کیلۆمەتریش و پشتێنەکە جێی چوارسەد وڵاتی وەک ڤاتیکان دەکاتەوە. وڵاتی ماڵدیڤ دوو هێندەی پشتێنەی سەوزاییە، وڵاتێکی وەک سێنگاپوور کە یەکێکە لە پێشکەوتووترین وڵاتەکان ڕووبەرەکەی تەنیا سێ هێندەی ڕووبەری پشتێنی سەوزایی هەولێرە یان وڵاتێکی وەک بەحرێن تەنیا چوار هێندە لە پشتێنەکە فراوانترە.
بڕیارە لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر حەوت ملیۆن نەمامی زەیتوون و فستق بچێندرێن، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە سوود لە ئەزموونی وڵاتانی تر وەرگیراوە و بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ ئاو و خاکی هەولێر کراوە و دەستنیشانکردنی هەر دوو نەمامی زەیتوون و فستق هەر لەسەر ئەو بنەمایە بووە چونکە بۆ کەشوهەوای هەولێر زۆر گونجاون و جگە لەوەی کە سەوزایی بە شارەکە دەبەخشن لە هەمان کاتدا بە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات و دابینکردنی هەلی کاریش دادەنرێن.
پشتێنەی سەوزایی هەولێر بۆ پاراوکردن جگە لە باران پشت بە کۆمەڵێک سەرچاوەی ئاو دەبەستێت کە گرنگترینیان ئەو دە پۆندە دەبن کە بڕیارە لە هەمان پشتێنەی سەوزایی بنیات بنرێن. هاوکات پشت بە ئاوی ڕووباری زێی گەورە و ئاوەڕۆی هەولێر دوای پاڵاوتن دەبەسترێت.
پڕۆژەکە بۆ سەوزایی و پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان زۆر ستراتیجییە و بەپێی ئامارێک کە فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی کردووەتەوە توانای هەیە تا دووسەد و دە هەزار تۆن دووان ئۆکسیدی کاربۆن کەم بکاتەوە، ئەم قەبارەیە لە کەمکردنەوەی ئەو جۆرە گازە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پلەی گەرما و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بەبیابانبوون و کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی خۆڵبارین. پڕۆژەکە پارێزگاری لە دۆخی تەندروستی گشتی دەکات و کوالێتیی ژیان بەرز دەکاتەوە.