رۆژنامەی ھەولێر

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی و ئەندامانی دەستە پێشوازییان لە یەکێتى قوتابیان و لاوان کرد

لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی بە ئامادەبوونی ئەندامانی دەستەی کارگێری و مەکتەب سیاسی پێشوازی لە سکرتاریەتى یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان کرد.

ئەمڕۆ ٢٩ی٩ی ٢٠٢٥، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە سکرتاریەتى یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئازاد بەروارى و سیداد بارزانى و هۆشیار زێبارى و مەحموود محەممەد ئەندامانى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و زاگرۆس فەتاح و ڕێبوار یەڵدا ئەندامانى مەکتەبى سیاسى پارتى ئامادەى بوون بە دەقیقەیەک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنى شەهیدان و سەرکاروانیان بارزانى نەمر و کاکە ئیدریسى هەمیشە لە یاد دەستى پێکرد.

فازڵ میرانی، بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى وێڕاى زۆر بەگەرمى بەخێرهێنانى شاندى میوان بەناوى سەرکردایەتى سیاسى پارتى پیرۆزبایى ئاراستەى دەستەى نوێى سکرتاریەتى یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان و سەرکەوتنى کۆنگرەکەیانى کرد.

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی ڕۆڵ و خەبات و شەونخوونى یەکێتى قوتابیان و لاوان لە شۆڕشەکانى یەک لە دواى یەکى بزووتنەوەى ڕزگارىخوازى گەلى کوردستان بە ڕۆڵێکى کاریگەر و سەرکەوتوو وەسفکرد.

هەروەها میرانى ڕاشیگەیاند کە یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان قوتابخانەیەکى دێرینە بۆ پێگەیاندنى کادرى لێهاتوو کە دەتوانن لە ناو کارى پارتایەتى و حکومڕانى جێگاى خۆیان بکەن و سەرکەوتووبن.

فازڵ میرانی دووپاتیکرد کە یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان لە ڕێکخراوە هەرە گرنگەکانە و پارتى دیموکراتى کوردستان بە چاوێکى گرنگ لە کار و چالاکییەکانى ئەم ڕێکخراوە دەڕوانێت و ئێستا دواى یەکگرتنى یەکێتى قوتابیان و یەکێتى لاوان چاوەڕوان دەکرێت کە یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان بە گەرم و گوڕى زیاتر لە ناو خەڵک دا بێت و زیاتر لە خزمەتى توێژى لاوان و قوتابیان دا بێت، هاوکات میرانی داواى سەرکەوتن و بەرەو پێشەوە چوونی بۆ سکرتاریەتى تازەى یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان خواست.

لەلاى خۆیەوە شڤان مەحموود، سکرتێرى یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان، سوپاسى سەرکردایەتى سیاسى پارتى کرد بۆ ڕەخساندنى ئەم دیدارە و تیشکى خستەسەر کار و چالاکییەکانیان لە دواى دواهاتنى کارەکانى کۆنگرەى یەکگرتنەوەى هەردوو یەکێتییەکان و هەروەها پڕۆژەکانى داهاتووى ڕێکخراوەکەی خستەڕوو و تەئکیدى کرده‌وه‌ کە یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان لە خزمەتى وڵات و توێژى لاوان و قوتابیان دا دەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجى گەلى کوردستان.