بە بەراورد بە ساڵی 2020، كەرتی گەشتیاری لە توركیا و لە 2021 دا، بەرێژەی 88.8% زیادی كردووە، داهاتی گەشتیاری توركیا لە 2021 دا زیاتر لە 24 ملیار دۆلار بووە.
وەزارەتی كلتوور و گەشتوگوزاری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، لە 2021 سەرەڕای بوونی پەتای كۆڕۆنا، بەڵام توانیویانە كەرتی گەشتیاری ببوژێننەوە.
وەزارەتی كلتوور و گەشتوگوزار، ئاماژەی داوە داهاتی گەشتوگوزار لە 2021 دا 24 ملیار و 482 ملیۆن و 332 هەزار دۆلار بووە.
باسی لەوەش كردووە، لە 2021 دا، رێژەی گەشتیار بۆ توركیا 30 ملیۆن و 38هەزار و 961 گەشتیار بووە، كە ئەمەشیان پێ سەركەوتنێكی باشە.
بۆ ئەمساڵیش روسیا یەكێك بووە لەو وڵاتانەی زۆرترین گەشتیاری هاتووەتە توركیا و 3 ملیۆن و 85 هەزار و 215 گەشتیار بووە.
باكووری كوردستان، یەكێك لەو شوێنانەی كە گەشتیاری بیانی رووی تێدەكەن، ئەمەش بووەتە سەرچاوەیەكی باشی گەشتیاری بۆ توركیا.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی (هەولێر) كەوتووە، زیاتر لە 4 ملیۆن گەشتیار لە 2021 دا رووی لە باكووری كوردستان كردووە.
مێردین، ئەو شارەیە كە گەشتیاری ئێرانی زۆر حەزی پێدەكات، بۆیە ساڵانە هەزاران گەشتیاری ئێرانی روو لەو شارە دەكەن و لێی دەمێننەوە.
شارەوانی مێردین ئاماژە دەدات، لە 2020 دا، بە هۆی بوونی پەتای كۆڕۆنا، گەشتیاری كەم رووی لە مێردین كردووە، بەڵام بۆ 2021 توانیویانە ئەو بۆشاییە پڕ بكەنەوە و رێژەی گەشتیار یەك ملیۆنی تێپەڕاندووە، زۆربەی گەشتیارەكانیش ئێرانی بوونە.
هەروەها، لەناو توركیاشەوە گەشتیار روو لە باكووری كوردستان دەكات، بەتایبەت مێردین و زان و روحا، كە ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیاری ناوەخۆیی هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، كاتێك توركیا باس لەوە دەكات، كە داهاتی كەرتی گەشتیاری لە 2021 دا زیاتر بووە لە 24 ملیار دۆلاری ئەمریكی، لەو داهاتە نزیكەی سێ ملیار دۆلاری لە داهاتی گەشتیاری باكووری كوردستان دەست كەوتووە.
یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە، گەشتیارێكی زۆری ئێرانی و عێڕاقی روو لە باكووری كوردستان بكەن، دابەزینی بەهای لیرەی توركییە بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی.
حالیس دەمیر، دوكانی هەیە لە مێردین، دەڵێت ئەگەر گەشتیاری ئێرانی نەبوایە، بۆ ئەمساڵ نەیاندەتوانی كەلوپەلەكانیان ساغ بكەنەوە، چونكە ئەوەندە گران بووە، خەڵكی خۆیان ناتوانن بیكڕن و ناچار دەبێت چاویان لە كڕیاری بیانی بێت، ئەویش لە رێگەی گەشتیارییەوە.
ئەو باسی لەوەش كرد، لە 2020، زیانێكی زۆریان بەركەوت، چونكە گەشتیار رووی تێنەكردن، ئەویش بە هۆی بوونی پەتای كۆرۆنا، بەڵام 2021 دا، رێژەی گەشتیار زیادی كرد و توانییان هەناسەیەك بدەن تا بڕێك داهات بۆ خۆیان كۆ بكەنەوە.