خراپی رەوشی ئابووری لە توركیا، رۆژ بە رۆژ بەرەو هەڵكشانە، ئەمەش خراپ كاری کردووەتە سەر هاووڵاتیان، بەڵام ئەوەی مەترسییە بۆ ئەو وڵاتە، كەمبوونەوەی كەرتی كشتوكاڵە، بەتایبەت لە باكووری كوردستان. هەروەها توێژی پزیشكانی توركیاش بە جۆرێك نیگەرانن، بە سەدانیان توركیایان بەرەو ئەورووپا جێ هێشتووە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی یاڵچن دۆغان، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركیا، ساڵ بە ساڵ رێژەی ئەو پزیشكانەی لەبەر خراپی رەوشی ئابووری توركیا بەجێدەهێڵن لە هەڵكشانە.
تەنیا لە ساڵی 2021دا،هەزار و 361 پزیشك توركیایان بەرەو ئەورووپا بەجێهێشتووە، لەو پزیشكانە بەشێكی لە شارەكانی باكووری كوردستان بووە.
لە 2012 تەنیا 59 پزیشك توركیان بەرەو ئەورووپا بەجێ هێشتووە، لە 2018 ئەو رێژەیە بۆ 802 بەرز بووەتەوە و لە 2021دا،هەزار و 361 پزیشك توركیایان بەرەو ئەورووپا بەجێ هێشتووە.
جگە لە توێژی پزیشك، بە هۆی قەیرانی ئابووری، كەرتی كشتوكاڵ بەرەو لەناوچوون دەچێت، بە تایبەت لە باكووری كوردستان، چونكەهەزاران جووتیار وازیان لە جووتیاری هێناوە و چوونەتە ئەورووپا و لەوێ گیرساونەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی دۆغان، لە 2009 توركیا خاوەنی یەك ملیۆن و 16هەزار جووتیار بووە، كە بەشێكی زۆری ئەو جووتیارانە لە باكووری كوردستان بووە.
بەڵام لە 2021 دا رێژەی جووتیار لە توركیا بۆ 541هەزار كەم بووەتەوە، كەواتە نیوەی جووتیار لە توركیا وازیان لە جووتیاری هێناوە و چوونەتە ئەورووپا.
لە 2002 رێژەی جووتیار لە توركیا 20% دانیشتوانی ئەو وڵاتەی پێكدەهێنا، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە بۆ 8% كەم بووەتەوە.
قەیرانی دارایی لە توركیا تا دێت گەورە دەبێت، بە جۆرێك هەموو سێكتەرەكان پەكی كەوتووە، بەتایبەت پیشەسازی و كشتوكاڵ، چونكە كرێی كارەبا و گازی سروشتی 100% زیادی كردووە و بەهای دۆلاریش بەرامبەر لیرەی توركی بەرز بووەتەوە، ئەمەش وای كردووە ئەو دوو كەرتە گرنگە پەكی بكەوێت و رەوشی هاووڵاتی بەرەو خراپی بچێت.
باكووری كوردستان، سەرچاوەیەكی گرنگی كشتوكاڵی توركیایە، بەڵام بە هۆی وشكەساڵی و هەروەها، دابەزینی بەهای لیرەی توركی، كەرتی كشتوكاڵ زۆر دابەزیوە، ئەمەش وای كردووە كاریگەریەکی خراپی لەسەر تەواوی توركیادا هەبێت، هەموو ئەو بەروبوومانەی لە باكووری كوردستان بەرهەم دێت، نرخەكەی بۆ دوو بەرامبەر زیاد بكات.
نرخی (گۆشت، ماست، پەنیر، ئارد، میوە)، 80% بەرز بووەتەوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە، رێژەی جووتیار لە باكووری كوردستان كەمی كردووە و بەرهەم وەكو پێویست نییە، بۆیە نرخیش بەرەو گرانی دەچێت.