دەریاچەی وان مەترسی وشكبوونی لەسەر نەما

كارزان گلی – هه‌ولێر

دەریاچەی وان لە باكووری كوردستان، كە بە گەورەترین دەریاچە دادەنرێت لە توركیا، ساڵی پار بە هۆی وشكەساڵییەوە مەترسی وشكبوونی لەسەر بوو، بەڵام لەمساڵدا شارەزایانی بواری كەشناسی دەڵێن ئەو مەترسییە روایەوە.

لەمساڵ و لە وەرزی زستاندا، بەفر و بارانێكی زۆر باریوە و ئەمەش وای كردووە كە دەریاچەكە ببوژێتەوە و رێژەی ئاو زیاد بكات و هاووڵاتیان دڵخۆش بكات.
بەفری ئەمساڵی باكووری كوردستان زۆر نائاسایی بوو، بەجۆرێك هاتوچۆی نێوان زیاتر لە هەزار گوند راگیرا، لە وانیش بە هەمان شێوە بەفرێكی زۆر باری و هاتوچۆی هاووڵاتیان سەخت بوو، بۆیە خەڵكی وان دەڵێن بەفر و باران ژیانی سەخت كردووین و شارەزایانیش بە جۆرێكی تر بابەتەكە دەخوێننەوە و بەفرەكە بە گرنگ دەزانن.
موستەفا ئاككوش، مامۆستای زانكۆ پێیوایە، لەم دوو هەفتەیەدا بەفرێكی زۆر لە وان باریوە و لەوانەیە بۆ زۆر كەس ئەو بەفرە مانای خراپی كەشو هەوا بدات، بەڵام ئێمە خۆشحاڵ دەكات.
ئەو دەڵێت: ”ئەم بەفرەی ئێستا دەبارێت، كۆگای ئاوی وەرزی هاوینەیە بۆ ئێمە و خەڵكی ناوچەكە“.
دەریاچەی وان، ئاوێكی زۆر گل دەداتەوە، ئەو ئاوەش بۆ ماڵان و باغ و زەوی كشتوكاڵی بەكاردەهێنرێت، بۆیە ئەگەر بەرەو وشكبوونەوە بچێت، كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ دەبێت.
نازلی خەتیبئۆغڵو، شارەزای بواری جوگرافیا پێیوایە، بەفر نیعمەتێكە دەبێت دڵمان پێی خۆش ببێت، نەك پێی نیگەران بین، چونكە ئەو بەفرە دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ ئاوی ژێر زەوی و هەروەها پڕبوونەوەی دەریاچەی وان.
ئەو پێیوایە، لە ئێستادا دەریاچەی وان لە مەترسی وشكبوون رزگاری بووە، بەڵام كاتێك بەفری چیاكانیش دەتوێتەوە و دەڕژێتە ناو دەریاچەكەوە، ئەوكات زیاتر دەریاچەكە پڕ دەبێت و مایەی دڵخۆشی زیاترە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، بارینی باران لە وان و دەورووبەری زۆر كەمی كردووە، بە هۆیەوە ئاوی دەریاچەی وان كەمی كردووە و كەمبوونەكەش دوو كیلۆمەترە بەشێوەی ئاسۆیی، ئەمەش مەترسییەكی یەكجار گەورەی دروست كردبوو كە بەرەو وشكبوونەوە دەچوو، بۆیە شارەزان هیواخوازن ئەم بەفر و بارانە بەردەوام بێت، تا بتوانن زیانی ئەو پێنج ساڵەی كەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەكە پڕ بكەنەوە.
دەریاچەی وان، گەورەترین دەریاچەی كوردستان و توركیایە، رووبەرەكەی سێ هەزار و 713 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و چوار دوورگەی تێدایە و بە خوێ و سۆدە دەوڵەمەندە.
بەپێی سەرچاوەی مێژوویی و زەویناسان، تەمەنی دەریاچەكە شەش هەزار ساڵ دەبێت و 103 جۆر رووەك و 36 جۆری ماسی تێدایە.
ئەو دەریاچەیە بووەتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ ئاوی پاكی ماڵان و هەروەها كەرتی كشتوكاڵی. بە هۆی ئەوەی لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بەشێوەیەكی بەرچاو ئاوی دەریاچەكە كەمی كردبوو، بۆیە زۆرترین زیان بەر كەرتی كشتوكاڵ كەوت و بە هەزاران جووتیار بێكار و بێداهات مانەوە، ئەمە جگە لەوەی نرخی میوە و سەوزە و بەرووبوومی كشتوكاڵی لە تەواوی توركیادا بەرزبووەوە.

ھەواڵی زیاتر