(ئایا شوشەکە نیوەی بەتاڵە یان نیوە پڕە؟)
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
دەشێ نەرێنیبوون لەمپەری زەمەنی بەردەوامی بیركردنەوەی ئاسۆیی، لەمپەری بنیادنانی دنیابینیەكی گونجاو و باو بێ، بەڵام نەك بەو مانایەی ئارسەر شوپنهاوەر (Arthur Schopenhauer) دەڵێ: (ژیان ڕووداوێكە بە شێوەیەكی بێكەڵك و ئازاردەرانە خەونی بەختەوەرانەی نەبوون دەزڕێنێ.) بەڵكە وەك جۆرێك لە بیركردنەوە و جیهانبینییەکی جیاواز لەوەی هەیە؛ وەك جۆرێك لە گومانكردن لەوەی هەیە. هەڵبەتە (ژیان و لەگەڵیەكبوون) یان كۆمەڵایەتیبوون لە ناوەوە چارەی کێشە و بیرکردنەوە نەرێنییەكان و گۆشەگیری و دوورەپەرێزی دەكات؛ لە دەرەوەش نەرێنیبوون تەنیایی لە داهێنان نزیك دەكاتەوە! بەو مانایە دەبێت دوو جۆر ڕەشبینی یان نەرێنیبوون لە یەكدی جیا بكەینەوە! لای شوپنهاوەر بوونی مرۆڤ هەڵەیە؛ هەر بەو مانایەش ڕەشبینی، نەرێنیبوون بەرز دەنرخێنێ، بەڵام ئەم نووسینە لەسەر جۆرێكی دیكە لە پرسی نەرێنیبوون و ڕەشبینیی كار دەكات، كە نرخ بۆ گومانكردن و بیركردنەوەی جیاوازی ئەویدیكە دادەنێ؛ جۆرێك لە پرسی نەرێنیبوون و ڕەشبینیی، كە دژە باوە و حەز و مەیلی کەسیی پەرەپێدەدات؛ نەرێنیبوون وەك دەنگی ڕۆحێكی یاخی بەرەو ژیان و داهێنان و بەرهەمهێنانەوە بەرز دەنرخێنێ.
هەڵبەتە زەمەنی بەردەوامی و بیركردنەوەی ئاسۆیی و لەگەڵیەكبوون و هاوگونجان، کۆمەڵایەتیبوونی لێ دەكەوێتەوە؛ بە دیوەكەی دیكەش ڕەتكردنەوەی گۆشەگیری و دوورەپەرێزییە، بەڵام مرۆڤی داهێنەر لەنێوان گۆشەگیری و لەگەڵیەكبووندا دەكەوێتە كوێ؟! وەك دەزانین چەمكی داهێنان پشت بە فاکتەرگەلێک دەبەستێت، کە هەندێجار بیرکردنەوەی خودی داهێنەرانەش تێدەپەڕێنێ، بەو مانایە جەوهەری پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا داهێنان توانایەكی كۆمەڵایەتییە یان تاكەكەسی؟!
دەشێ ئەرێنیبوونی چەمكی داهێنان وەک پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی و چارەی نوێی سەرکەوتن یان دابینکردنی ئەزموونی خۆشی بۆ کەسانی تر سەیر بکرێت، لەو بارەشەوە چەندین توێژینەوە، بەڵگەی جۆراوجۆر دەخەنە سەر بوونی هۆکارە بەهێزەکانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و بارودۆخی ئەڕینی و کاریگەرەكانیان؛ بەڵام بەدیوەكەی دیكەش لە كۆمەڵێ حاڵەتدا، هەستە نەرێنییە تووندەکان دەتوانن ببنە هاندان بۆ بیرکردنەوەیەکی بەهێزی دژە باو؛ گۆشەنیگای سەرسامكەر و گۆڕانكاری گەورە پەرە پێ بدەن؛ بۆیە دەبینین کاتێک تاکەکان لەڕووی بایۆلۆژییەوە كار لە هەستی نەرێنی دەكەن، ڕووبەڕووی بارودۆخێک دەبنەوە، بارودۆخێکی جیاواز کە ڕێگای داهێنان و داهێنانی هونەری خۆش دەكات! بەمجۆرە دەشێ بڵێین داهێنان دەرکەوتنی ڕۆحی مرۆڤی تاكگەرا و جیاواز و یاخییە؛ هونەری نكۆڵیكردن و نەرێنییە، ڕەتکردنەوەی جیهانی بەڵێ و باوە. بەدیوەكەی دیكەش دەربڕینی کەموکورتی و گۆشەگیری و تەنیایی و دڵەڕاوکێی بوونە، بەڵام ئایا ئەوانەی، هەست بە ئاسوودەیی و بەڵێبوون دەکەن، ئەوانەی بارودۆخی خۆیان و ژیانی ئێستایان خۆش دەوێت و لە ژیانیان ڕازین، پێویستیان بە داهێنانی جیهانێکی دیكەی جیاواز نییە؟
گۆشەگیری، تەنیایی و داهێنان
زۆرجار پەیوەندییەکی ئاڵۆز لەنێوان گۆشەگیری، تەنیایی و داهێناندا دەبینرێت؛ ئەم سێ چەمکە دەتوانن لە شێوەی سێکوچکەیەکدا ئاوێتەی یەكتربن، کە تێیدا یەکێکیان کاریگەری لەسەر ئەوانی تر دادەنێت؛ گۆشەگیری، دەتوانێت پشوویەك بێ، بۆ دووبارە هەڵسانەوە و كاركردنێكی دیكەی بە گوڕ وجیاواز و بەئاگاهاتنەوەیەكی دیكە جیاواز. تەنیایی، ڕامان و جیابوونەوەیەكی قووڵە لەگەڵ باو، لەگەڵ بیركردنەوەی ئاسۆیی، زەمەنی بەردەوامی، لەگەڵ کەسانی ئاسوودە، بەو مانایە (داهێنان) ئەو جیاوازی و گۆڕانكارییەیە، كە توانای دروستکردنی بیرۆکە یان شتی نوێ و ناوازەی هەڵگرتووە؛ داهێنان دەتوانێت خۆی لە هونەر، نووسین، مۆزیكا، یان هەر بوارێکی تردا ببینێتەوە، کە پێویستی بە ڕامان و بیرکردنەوەی جیاواز و دەربڕینی ناباو هەبێت.
كەواتە کاتێک مرۆڤ هەست بە گۆشەگیری یان تەنیایی دەکات، وەک ڕێگایەک بۆ دەربڕینی هەستە كپكراو و نەرێنییەكانی ڕوو لە داهێنان دەكات، لەم حاڵەتەدا، داهێنان دەبێتە دەرچەیەک بۆ ئاسوودەیی دەروونی. هەڵبەتە بە دیوەكەی دیكەش داهێنان دەبێتە هۆی تەنیایی و گۆشەگیری، بۆ نموونە لە هەندێک حاڵەتدا، ئەوانەی کە داهێنەرن، لەوانەیە زیاد لە پێویست هەست بە جیاوازی بکەن، ئەوەش زێتر دەبێتە هۆی تەنیایی، جگە لەوە پرۆسەی داهێنان خۆی ماندووکەرە و دەبێتە هۆی گۆشەگیری؛ جگە لە هەموو ئەو حاڵەتە نەرێنییانەش دەشێ گۆشەگیری و تەنیایی ڕێگری لە داهێنان بکەن، گۆشەگیری و تەنیایی دەتوانن ببنە ڕێگر لەبەردەم داهێنان بەگشتی، چونکە وزە و تواناكانی تاک کەم دەکەنەوە؛ واتە کەسێک کە گۆشەگیرییەكەی گەورە بێت، ناتوانێت تەرکیز بکات یان بیرۆکەی نوێی هەبێت.
بۆیە دەڵێین ئەو سێکوچکەیە ئاڵۆزە، ئاڵۆزی و كۆی جیاوازەکانی مرۆڤایەتی لەخۆ گرتووە! بەكورتی وەك چۆن نەرێنی و گۆشەگیری و تەنیایی دەبنە هۆی درووستبوونی کاری داهێنەرانەی قووڵ، لە هەمان کاتیشدا دەتوانن ڕێگر بن لە بەردەم پڕۆسەی داهێناندا.
بوونی مرۆڤ، هەڵەیە
ئەمڕۆ پرسی نەرێنیبوون و ڕەشبینی لە بە هەڵەبوونی مرۆڤدا كۆتایی نایەت، بەڵكە زێدە- ئەرێنی و دیكتاتۆریەتی واقیعی دیجیتاڵی و چێژی ڕووت و رازیبوونی خێرا و بێ ڕامان و بیركردنەوە، بە جۆرێک لە پاسیڤیتی کوشندە کۆتایی دێت! دەشێ زێدە ئەرێنی و وەهمی ئازادی مرۆڤ بباتەوە خاڵی هەرە بەرزی هاوگونجان – خۆبەدەستەوەدان؛ ئەو قسەیە مەرجی نەرێ نەبوونی هەڵنەگرتووە، بەڵام گومان لە مەرجی زێدە ئەرێنیبوونی دیجیتاڵی دەكات!
بێگومان داهێنان بەڕووی هەموواندا کراوەیە، داهێنان دانی بە هەڵەبوونی مرۆڤدا نەناوە، بەڵام دانی بە زاڵبوونی واقیعی زڕەوێنە (سیمۆلاكراو) و پاسیڤیتی کوشندە ناوە، کارکردن لەناو کۆمەڵگای دەستکەوتدا جۆرێکە لە زێدەچالاکییەکی پەتی، کە ڕۆحی یاخیبوون و نەرێنیبوونی سرووشتی لە مرۆڤدا كوشتووە؛ چێژی پشوودان و ڕامان و چاوەڕوانی و گۆشەگیری و دوورەپەرێزی بێنرخ كردووە، لە كۆمەڵگای دەستكەوتدا ئیتر نەرێنیبوون ئەو وزە هاندەر و زیندوو و سرووشتییە نییە، كە هاوسەنگی ژیان بە زیندووی دەهێڵێتەوە، ئەوە ئامێرە ئەرێیەكان لە پشت شاشەیەکەوە سرووشتیبوونی مرۆڤ فەرامۆش دەكەن، بۆیە (بیۆنگ- چول هان) پێی وایە چەمكی زێدەیی لە كۆمەڵگای دەستكەوتدا هاوسەنگی مرۆڤ دەشێوێنێ و حەز و چاوتێبڕینی ناسرووشتی پەرەپێدەدات، بەمجۆرە (زمانی نەرمی دیجیتاڵی) كۆی (زمانی داهێنانی ڕامانئامێز) لە فەزای بەڵێی لایكە بێسنوورەكان (کە هیچ کەس و هیچ شتێک تێیدا زاڵ نییە) دادەخات! بەو مانایەش لە كۆمەڵگای بەکاربەری ئەرێنییدا ئەوەی بە جیهاندا دەڕوات داهێنان نییە، زڕەوێنەی سێڵفییە، ئەوەی بە جیهاندا دەڕوا مرۆڤی تەنیا و داهێنەر نییە، مرۆڤی خەمبار و دەماری و زێد-نێرگزییە.
ڕووداوەكانی ژیان
ڕێنماییە تەندرووستییەكان، هۆڵی وەرزشی لەشجوانی، تاوەر، بانک، فڕۆکەخانە، مۆڵەکانی بازرگانی و تاقیگەكان، نمایشگاكان، داوی زێدەییەكان و یاسای بهڵێ دهتوانم (وەك ترێنتی سهدهی بیستویەك)، تەواوی ڕووداوەكانی ژیانی مرۆڤ و ناوەوەی مرۆڤی بەخۆیەوە خەریك كردووە. لە هەموو ئەو باشترین و ئەرێنییانەدا، کێ دەڵێت جیهان ئاشکرا بووە؟! ئەمڕۆ جیهان زۆر نادیارترە، لەوەی وێنای دەکەین؛ هەر تەنها دیواربەندی ناخی یاخی و گوماناوی و نەرێنیبوونی نەكردووە، بەڵكە كۆمەڵگایەكی پڕووكاوی بەرهەم هێناوە؛ بە بڕوای (بیۆنگ چوول هان) لە کۆمەڵگای پڕووکاودا هیچ شتێك مومكین و ڕهخساو نییه، كەچی دەبێ باوهڕت وابێت، كە هیچ شتێك مهحاڵ نییه، چونكە نائاگایی کۆمەڵایەتی لە یاسای دەرەوەی (دەبێت)ی سنووردارەوە بۆ یاسای ناوەوەی (دەتوانم)ـی بێسنوور دەگۆڕێت، بەڵام دەتوانین بڵێین لە فیكری ڕەشبینخواز و نەرێنیبوونی (ئارسەر شوپنهاوەر)دا، چەمكی (دەتوانم) ڕووەكەی دیكەی نێرگزییەتە؛ چونكە كێبڕكێكردنە لەگەڵ ناوەوەی خۆی، نەك دەرەوەی جیاواز. لە كۆمەڵگای نمایشكاردا هەتا دێ (دەتوانم) بێبەرگری و بێسنوورتر دەبێ، تا دەگاتە ئەوەی هەموو سنوورەكان و ئەویدیكە وەك نمایشێكی دیكەی وەهمی تەماشا دەكات؛ بەڵام هەرگیز خۆ بەبابەتكردن ئازادی نییە! ئازادی پەیوەندی بە ئەویدیكەی جیاوازەوە هەیە، هەرگیز ئازادی لە ناوەوە نابینرێت، لە دەرەوە بەدەست دێت.
كەواتە لەنێوان كۆمەڵگای پڕووگاو و نێرگزییەتی یاسای (دەتوانم)دا، پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا خەمۆكی و تەنیایی و گۆشەگیری تاكی بەکاربەر وەك پشوویەك بۆ دووبارە هەڵسانەوە و داهێنانە یان خەمۆكی و گۆشەگیری و تەنیایی تاكی بەکاربەر دەرئەنجامی هیستریای زێدەسەركەوتنە، کە بەرهەمەکەی بریتییە لە زێدە-قازانج، ئایا لەنێوان هایپەر واقیعی دیجیتاڵی- ئەرێنی زاڵی درۆزنانە و ڕۆحی یاخیبوون و نەرێنیی نەكۆ و نەكەمدا، لەنێوان هێزی دیاری دەرەوە و هێزی نادیاری ناوەوەدا، مرۆڤ و داهێنان دەكەوێتە كوێی ژیانەوە؟
هەموو کەسێک بۆ پشتڕاستكردنەوە وەك بنەمایەكی بنەڕەتی پەیوەندیكردن، دەتوانیت چی دەوێت بیکات، بەڵام کەسی داهێنەر بە دەگمەن دەتوانێ کۆمەڵاتی بێت، ئەوانەی لە بواری داهێناندا قووڵدەبنەوە، زۆر کەم بەلای لەگەڵیەكبوونی کۆمەڵایەتییەوەن، هەمیشە بۆ فەراهەمكردنی كات، لەپێناو داهێناندا تەنیایی و گۆشەگیری هەڵدەبژێرن؛ تەنیایی و گۆشەگیرییەك كە ناكەوێتە سەر هێلی چاوتێبڕینی زێدەقازانجی ماددییەوە؛ ئەوەی لێرەدا دەمەوی ئاماژەی بۆ بكەم ئاستی بەرزی ڕامان و بیرکردنەوەی قووڵ و جیاوازە، كە مرۆڤ گۆشەگیر دەکات، نەک لەگەڵیەكبوونی کۆمەڵایەتی و زێدەبەڵێ بۆ قازانجی زێتری ماددی، كە مرۆڤ لە خەمۆكی دەپێچێتەوە.
ڕەتكردنەوە
مرۆڤ بە شیكردنەوەی رەخنەگرانەی جیاوازەوە، بە ڕەتكردنەوە باو و گومانكردن لە زێدە-ئەرێنییەوە، دەتوانێت مەعریفەی قووڵ لەسەر سنوور و ئەگەرەكانی داهێنان بەدەست بهێنێت، بە تێگەیشتنێكی قووڵتر لە ئەزموونی مرۆڤ و گۆشەگیری ورد بێتەوە و ڕەتكردنەوە وەك بەشێكی سرووشتی ژیان و هاندان قبووڵ بكات..
كەواتە ڕەتكردنەوە، لە بەكۆمەڵبوون پاشەكشە ناكات، بەڵكە ڕامانێكی ڕەخنەگرانەی جیاواز و گومانكارانەیە لە دیكتاتۆریەتی زێدە-ئەرێنی و بێسنووری (دەتوانم) و باوەڕهێنان بە زڕەوێنە.. ڕەتكردنەوە، تەنها پرسی: شوشە نیوەی بەتاڵە یان نیوە پڕەكە نییە، بەڵكە متمانە بەخۆبوون و هەڵوێستێکی دژە باوە و کاریگەری لەسەر هەموو بوارە سەرەکییەکانی بیرکردنەوە هەیە و ڕاستەوخۆش بە وزە و توانا سرووشتییەكانی داهێنانەوە بەندە.
ئەمڕۆ مرۆڤ لە جاران زیاتر لە مەترسیدایە؛ چوونكە ئەرێنیبوونی زیاد لەپێویست ژیان بەرەو ڕووتی و وەهمی ئازادی دەكاتەوە؛ ئەمڕۆ مرۆڤ لە ناوەوە پڕووكاوە، تەكنۆلۆژیا خودی ئەو پڕووكانە بە ئازادی دادەنێت؛ چاوتێبڕین و زێدە- قازانج بە داهێنان دەفرۆشێتەوە.. ههڕهشهی زێدە-ئەرێنی لە (لەناوەوە)دایە، له دهرهوه)دا نییه، لە خودی خۆتدایە لە ئەویدیكەی جیاوازدا نییە.

