رۆژنامەی ھەولێر

ناچار بکرێیت وەک مرۆڤێکی باش هەڵسوکەوت بکەیت بێسوودە

گوهدار شوكری ئاكرەیی
زۆر گرنگە لە دەستپێکی ژیانی مرۆڤ، کەسێکی مەزنی مەنتیقی و زانستیمان هەبێ، کە هەموو یاسا هزرییەکانی لەگەڵ چەرخەکە گونجاو بێت، تا بتوانین بە تێگەیشتنەوە لێکدانەوەی پێویست لەگەڵ رووداو و دیاردە نوێیەکان بکەین، بەتایبەتی هەموو ئەو راستیانەی جیهانی دەرەوە و جیهانی ناوەوەمان وەک خۆی پێمان بناسێنێت، چونکە هەموو ئەو شتانە، پەیوەست دەبن بە (ئەقل)ـەوە. بەمەش ئەقڵ و زانیاری، هاوکاری یەکتر دەبن لە کاتە هەستیارەکاندا. ئیتر تاکەکە بە تێگەیشتنی خۆی باش و خراپی لێک جیا بکاتەوە، نەک “ناچار بکرێت” هەڵسوکەوتی نابەجێ نەکا. چونکە هەموو ئەو بۆچوون و تێگەیشتنە مەنتقیانەی کە بەبەڵگەی سەلمێنراو پێی دەدرێت، وەک ئەزموونێک لە یادگەیدا هەڵدەگیرێت. جا بە باشی دەزانم، بۆ زیاتر ئاشنابوونمان بەم بەشەی یادکردنەوە، کە خودی مرۆڤ خاوەنیەتی. هەر زوو زانا و شارەزا و پسپۆڕەکانی ئەم بوارە گەیشتوونەتە ئەم ئەنجامە کەوا کاری ئەم بەشە ئەوەیە، هەموو رووداو و کارەسات و بۆچوون و کێشەکانی دەورووبەرمان، لەم جیهانە هەڵبگرێت (خەزن بکات)، لە کاتی خۆیدا بەکاری بهێنێ. بەڵام ئەوەی جێی تێبینییە، ئەم (یادگە)یە سنووردارە، ناتوانێت هەموو ئەو زانیاری و شتانەی روو دەدەن لە ژیانیدا لەم یادگەیەدا هەڵیبگرێت؛ کەواتە زۆر مەرجە هەوڵ بدرێت لە دەستپێکی ژیانی هەر تاکێک لە ئێمە، هەرزوو ئاشنای ئەو زنجیرە تەکنیکە توانستە هزریانەی بکرێن و شوێنیان بۆ بکرێتەوە لەم یادگەیەکە خودی مرۆڤ خاوەنیەتی، کە بەهۆیەوە ئاستی بیر کردنەوەو تێگەیشتنی بەرز دەبێتەوە و دەبنە سەرچاوەی هەڵسوکەوتی. کەواتە وەک ئەوەی ئێمە مەبەستمانە ”بۆ ئەوەی مرۆڤ بە تێگەیشتنی خۆی باش بێت، نەک ناچار بکرێت باش بێت” یەک لەو فاکتەرە بەهێزانە، کە هۆکارە و کاریگەرییەکەی راستەوخۆ بەسەر ئەم بابەتەوە هەیە، لە دەستپێکی ژیانی هەر مرۆڤێک ئەو کەسەی ئەرکەکانی لەئەستۆی خۆی دەگرێت، زۆر پێویستە تەکنیک و توانستە هزریەکانی فرەوان بن، لەسەر بنەمای مەنتیقی و زانستی بن، بتوانێت هۆشیاری بڕژێنێتە ناو مێشکی تاکەکەوە، تاوەکوو هەموو شتەکانی بەباشی بڕۆن، ببن بەبەشێک لە نەریتی ڕۆژانەی، خۆی فەرمانرەوایی ناخی خۆی بکا، نەک ناچار بکرێت پەنا بۆ ئامڕازی تر ببات. چونکە ئەوەمان لەیاد نەچێت، مرۆڤ لە کاردانەوەی تێرنەبوون (تێنەگەیشتن) و کارە ناچارییەکان، بە سروشتی خۆی ئامادەباشی (استعداد) لێ بەدەردەکەوێ، هەوڵی ئەوە دەدات لەدەست ئەو ناچارییە، خۆی رزگار بکا. کەواتە ئەمەش هەموو ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ، مرۆڤ سوودی نابێت کاتێ ناچار دەکرێت، وەک مرۆڤێکی باش هەڵسوکەوت بکا، چونکە ئەو هێزە دەرەکیە کە وای لێ کردووە باش بێت، زوو یا درەنگ لەناو دەچێت، لەبەرئەوەی هەموو شتێک کات و تەمەنی خۆی هەیە، ئیتر ئەو کاتە کەسێک بە ویژدانی ئیفلیجی پڕ لە حەز و ئارەزووی خراپ لەدایک دەبێت. تەنیا ئەو شتانە دەبینێت، کە ناچارکرابوو هەوڵی بۆ نەدا پێی بگا. بۆ نموونە زۆرجار بیستوومانە یان بەسەرماندا هاتووە، کەوا هاوڕێیەکی زۆر خۆشەویست و لەسەرخۆ، هەموو هزر و ئاخاوتنەکانی لەپێناو مرۆڤایەتی بوون، بەڵام لەناکاو دەگۆڕدرێت بۆ کەسێکی زۆر ترسناک، هەروەک چۆن گلۆبێک بسووتێت، ئەوەی بیرت لێ نەدەکردەوە روو بدەن. ئەمەش بۆ ئەو هێزە دەرەکیییە دەگەڕێتەوە کە تاکەکەی ناچارکردبوو، یا لە پێناو بەرژەوەندیەکی تایبەت یا لە ترسان بووە. کە ئەم بەرگە ناچارییەی لەبەر کردبوو، نەک لە تێگەیشتنی خۆی بووە. کەواتە لەکۆتایی بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم، کەوا ئێمەی مرۆڤ ناچارییەکانمان دروست کردووە، نەک مرۆڤ دروستکراوی ناچارییەکانە، مرۆڤیش بەهێزترین هێزی گەردوونە، لە ڕەگی هەموو چارەسەرەکاندایە.