رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ هەشت ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمڕۆ ھەشت ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان تێدەپەڕێت، ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ بەڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی، گەلی کوردستان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کرد و ٩٣٪ی دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆییدا، ئەگەرچی ڕووداوەکانی دواتر سەربەخۆیی خەڵکی کوردستانی دواخست، بەڵام ئەو داخوازییە تا ئێستا لە دڵ و دەروونی ھەموو کوردێکی سەربەخۆخوازدا ماوەتەوە. بەبڕوای شرۆڤەکارانی سیاسی، ڕیفراندۆم بڕیارێکی ڕاست و دروستی گەلی کوردستان بوو و بە ھەموو دنیای گوت کورد داوای سەربەخۆیی دەکات.

ڕۆژی ٧ی ٦ی ساڵی ٢٠١٧ ئەو ڕۆژە بوو کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان وادەی کردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەستنیشان کرا و ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧ وەکو ڕۆژی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی گەلی کوردستان دیاریکرا، ١٠ ڕۆژ پێش کردنی ڕیفراندۆم لە ١٥/٩/٢٠١٧، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ کردنی ڕیفراندۆمی پەسەند کرد.
کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان سەرپەرشتیکردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کرد، کە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ بەڕێوەچوو، تێیدا ٤٥٦١٢٥٥ کەس لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان مافی دەنگدانیان لە ڕیفراندۆم ھەبوو، لەو ڕێژەیە ٣٣٠٥٩٢٥ کەس بەشدارییان لەو ڕاپرسییەدا کرد کە دەکاتە زیاتر لە ٧٢٪ی کۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان ھەبوو، لە ڕیفراندۆمەکەدا ٢٨٦١٤٧١ کەس بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا کە دەکاتە ٩٢.٧٣٪ی دەنگی ئەو کەسانەی کە دەنگیان دا.
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانیشەوە بەڕێوەچوو، بڕیارەکەش پشتی بە بنەماکانی مافی دیاریکردنی چارەنووس بەست کە مافێکە ‌لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانی پێدا نراوە و گەلی کوردستانیش خاوەنی ھەموو تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانی خۆیەتی، لەڕووی خاک، زمان، کولتوور، مێژوو و شوناس و گشت بنەماکانی نەتەوە، بۆیە بە ھەموو پێوەرەکان مافی ھەیە دەربارەی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بڕیار بدات.
عێراق و وڵاتانی دراوسێ و چەند وڵاتێکی دیکە داوای دواخستنی ڕیفراندۆمیان دەکرد، بەڵام ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم ھیچ جێگرەوەیەکی بۆ ڕیفراندۆم نەخرایە بەردەست و بە ھیچ یەکێک لەو داواکاریانە ڕازی نەبوون، چونکە کێشەکانی ھەرێم لەگەڵ حکوومەت و دەوڵەتی عێراق گەیشتبوونە لووتکە و وەک ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دەیانگووت، بەغدا باوەڕی بە ھاوبەشی نەماوە و زیاتر لە ٥٥ بڕگە و بەندی دەستووری پێشێلکردووە، وەکو ئێستا کە دەبینین شایستەداراییەکانی خەڵکی کوردستان نادات، ئەگەر نەتوانین دوو ھاوبەشی ڕاستەقینە بین، باشترە دوو دراوسێی باش بین.
سەرۆک بارزانی، ئەو کات سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بوو، بەڵام ھەر خۆی بە پێشمەرگەی ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان دەزانی، ئەرکێکی قورسی بەڕێوەدەبرد، ڕۆژانە چەندین شاندی ناوخۆیی و دەرەوەی دەبینی و فشاری زۆریان دەخستە سەر تا لەو بڕیارە پاشگەزبێتەوە، لە ھەمان کاتیشدا سەرقافڵەی بانگەشەکارانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بوو، ئەو نەک ئەوکاتە، تەنانەت لە دوایین دیداریشی پێش ڕیفراندۆم لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەری کە شەوی ٢٣/٩/٢٠١٨ بڵاوکرایەوە گوتی: ھەر سوورم لەسەر ئەوەی گەلەکەم مافی بڕیاردان و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی ھەیە.
نزیکەی یەک مانگ دوای ڕیفراندۆم بە ھێرشی میلیشیاکان بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی نێوخۆیی بۆ سەر کەرکووک و داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەنجامی ڕیفراندۆمی ھەڵپەسارد، ھەرچەندە ئەنجام و جێبەجێکردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە شێوەی کاتی ھەڵپەسێردرا، بەڵام ڕیفراندۆم وەک یەکێک لە ڕووداوە گرنگە سیاسی و بەڵگەیەکی فەرمی و یاسایی و تاپۆیەکی گرنگی بزووتنەوەی نەتەوەیی و سەربەخۆخوازانی کوردستان سەلمێنەری ویست و داخوازی نەتەوەی کورد و گەلانی ھەرێمی کوردستانە و لە مێژوودا تۆمار کراوە.
سیروان حەمید، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پرسی سەربەخۆیی کوردستان، پرسێکی مێژوویی خەڵکی کوردستانە و لە دێرزەمانەوە ھەوڵی بۆ داوە، داوای سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسینی لە عێراق کردووە، ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی بۆ ھەموو گەلی کوردستان و جیھان ئاشکرا بوو، کە خەونی بەدەستھێنانی سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانە، بۆ ھەمیشە تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان شانازی بە بوونی کاریزمایەکی وەکو سەرۆک بارزانی دەکەن.
ئەو شرۆڤەکارە، دەشڵێ: ئەوەی کورد کردی سەرەتایترین و سادەترین مافی ھەر نەتەوەیەکە، کە خوا دروستی کردووە، گەلی کوردستان وەک میللەتێک کە لە ناوچەکەدا دەژیت و دابەشی سەر چەند دەوڵەتێک کراوە، بە داخەوە لە ڕابردوودا جوگرافیاکەی ھەمیشە لە ژێر دەستی داگیرکەراندا بووە، ستراتیژی حزب و شۆڕشەکانی ڕابردوو بۆ دەوڵەت نەبووە، بەڵام ڕیفراندۆم بووە خاڵی وەرچەرخان و بە ھەموو گەلانی دنیا و نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکەی گوت، کورد داوای دەوڵەتی سەربەخۆ دەکات، بۆیە نەک تەنیا بۆ ئێستا، بگرە بۆ نەوەکانی داھاتووش ڕیفراندۆم بووە ئەو ڕۆژە، کە نەوەکانی داھاتوو دەست بەو خەون و ئامانج و دەستکەوتی مەزنەوە بگرن و بڵێن باب و باپیرانی ئێمە لە پێناو سەربەخۆییدا خەباتیان کردووە و، ئامانجیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بووە، ھەر لەبەرئەوەش پێموایە ڕیفراندۆم بۆ ئێستا و داھاتوو، ھەتا کورد ھەیە شانازی پێوە دەکات.
ئیسماعیل کەمال، ئەویش کە شرۆڤەکاری سیاسییە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ڕۆژی ڕیفراندۆم، ڕۆژێکی مێژوویی بوو بەشێوەیەکی شارستانیانە خەڵکی کوردستان بە جیھانی گوت دەمانەوێت سەربەخۆ بین، بۆیە بە ھەر شێوەیەک بێت ئەمە مافی خۆمانە و دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت، بۆیە بڕیاری ڕیفراندۆم، بریارێکی ژیرانە بوو و دەرگای سەربەخۆیی کردەوە و بووە بابەتی ڕۆژەڤی جیھانی، پرسی کەرکووک و شنگال و خانەقینیشی یەکلا کردەوە، کەوا دوژمن ھەمیشە ویستوویەتی ئەم ناوچانە لە کورد بستێنێت، ئەم

ھەنگاوە مێژووییە نەک تەنیا بۆ ھەرێمی کوردستان، بگرە بۆ تەواوی پارچەکانی دیکەش گرنگ بوو.
ئەو شرۆڤەکارە، زیاتر دەڵێ: ڕیفراندۆم مافێکی شەرعی و دەستووری و یاساییە، ئەوەی گەلی کوردستان بەر لە ھەشت ساڵ کردی، مافێکی دەستووری خۆی جێبەجێ کرد، مانای ئەوەی خەڵک بە گشتی ڕای خۆی دەردەبڕێت، خەڵکیش مافی خۆیەتی لەسەر ھەر پرسێک ڕا و بۆچوونی خۆی ھەبێت، ڕیفڕاندۆم بەشێکە لە دیموکراسی و مافی دەربڕین و دیاریکردنی پاشەڕۆژی خۆی، ئینجا ھەر یەکێک دەیکات، بەداخەوە بەغدا ڕیفراندۆمی کردە بیانوو بۆ ئازاردانی میللەتی ئێمە و سنووردارکردنی دەستەڵات و مافەکانی، ھەتا بەزۆر نکۆڵی لە مافی میللەتی ئێمە کرا، ئەگەر جیهان ویستی میللەتێکی لا گرنگ بووایە کورد بە ئاواتەکانی خۆی دەگەیشت ئەویش دەوڵەتی کوردستان بوو، خیانەتکرا، بەڵام ڕیفراندۆم ھەر دەمێنێتەوە، خەڵکی کوردستان ھەر کاتێک بیەوێت سەربەخۆیی خۆی ڕادەگەیەنێت و کەس ناتوانێت ڕێ لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بگرێت.