رۆژنامەی ھەولێر

دونیای چیرۆکنووسی ئەنتۆن چیخۆف بۆچی قوتابخانەیە؟

ئارام كۆشكی – سلێمانی

یەکێک لە گرنگترین ئەو چیرۆکنووسانەی تا ئێستاش بەردەوام بەرهەمەکانی لە هەموولایەکی جیهاندا برەوی هەیە و لەڕیزی گەورە نووسەراندایە “ئەنتۆن چیخۆف”ـی ڕووسییە. ئەم چیرۆکنووسە لەڕێی نووسینی چیرۆک و شانۆنامەوە جۆرە ڕێبازێکی چیرۆکنووسی داهێناوە، کە لە هەموو جێگەیەکی دونیا بە ئاگاداریی و بێئاگاداریی لاسایی دەکرێتەوە. بەشێک لە چیرۆکنووسە بەناوبانگەکان ناسناوی ئەم چیرۆکنووسە وەردەگرن و ئەمەش وەکو جۆرێک لە پەسندان بۆ ئەوان ماوەتەوە.

دەکرێت لێرەدا ئاماژە بە دوو ناسراوترین چیرۆکنووس بدەم، کە بە ناسناوی ئەم چیرۆکنووسەوە پەسندانیان بۆ دەکرێت. یەکەمیان ئەلیس مۆنرۆ، کە بە چیخۆفی کەنەدی بەناوبانگە و ئەمەش بەهۆی نووسینی مرۆڤدۆستانە و تێڕاماناوییەوە. مۆنرۆ لە چیرۆکەکانیدا چەشنی چیخۆف ئەزموونی مرۆیی بە لێبوردەییەکی زۆرەوە لە وێناکردنی ئاڵۆزییەکانی ژیان و پەیوەندییەکاندا دەخاتەڕوو، کە ئەمەش نزیکییە لە شێوازی کارکردنی ئەنتۆن چیخۆفەوە، هەر لەبەر ئەمەشە ئەو ناسناوەیان پێداوە وەکو جۆرێک لە پەسندان. مۆنرۆ سیازدەهەمین ئافرەتی نووسەرە، کە نۆبڵی وەرگرتووە و لە ساڵی 2013دا بووە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبیات.
ڕەیمۆند کارڤەری چیرۆکنووسی ئەمەریکی ئەویش یەکێکی دیکەیە لەو نووسەرانەی کە بە چیخۆفی ئەمەریکی بەناوبانگە و ئەم ناوبانگەی وەکو پەسندانی چیرۆکەکانی پێ دەگوترێت، چونکە ئەمیش چەشنی ئەو نووسەرە ڕووسییە گرنگی بە وردەکارییەکانی ژیان دەدات و یەکێکە لە پەیڕەوکەرە سەرسەختەکانی ئەو گوتەیەی چیخۆف، کە دەڵێت “ئەگەر لەسەر شانۆیەک دەمانچەیەک بە دیوارێکەوە پیشان درا پێویستە ئەو دەمانچەیە بتەقێنرێت” ئەم گوتەیە هێمایە بۆ ئەوەی هەر شتێکی ورد، کە لە چیرۆک و شانۆنامەدا پیشان دەدرێت، یان باس دەکرێت، گرنگە وەزیفەی تایبەتی هەبێت و نابێت زیادە بێت، چونکە هەموو زیادەیەک زیانە بۆ چیرۆک و گێڕانەوە.
دەکرێت ئێستا بگەڕێینەوە بۆ لای پرسیارەکەی سەرەوە “بۆچی دونیای چیرۆکنووسی ئەنتۆن چیخۆف قوتابخانەیە؟ لە خستنەڕووی ئەو دوونموونەیەی سەرەوە بەشێک لە وەڵامی ئەم پرسیارە درایەوە، کە یەکەمیان پیشاندانی ئاڵۆزییەکانی ژیان و نووسینەوەی ئەو هەستە مرۆڤایەتییەیە، کە گرنگە هەموو نووسەران ئاماژەی پێ بکەن. دووەمیش پێدانی وەزیفەیە بە هەموو ئەو کەرەستانەی کە دەکرێت لە چیرۆک/شانۆدا باس بکرێن، یان پیشان بدرێن. واتە هەموو زیادەیەک لە چیرۆکدا بە زیانی چیرۆکەکە کۆتایی دێت. بەدەر لەوەش چیرۆک فێرمان دەکات گێڕانەوە پێویستی بە جۆرێک لە سروشتیبوون و عەفەویەت هەیە و هەر چیرۆکنووسێک بەبێ بوونی جۆرێک لە ڕسکانی سروشتی چیرۆکەکەی ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، کە ئەمە بنەمایەکی دیکەی چیرۆکەکانی چیخۆفە و بووەتە مەرجی سەرکەوتنیشی.
کاریگەریی چیخۆف تەنها لەنێو وڵاتەکەی خۆیدا نەمایەوە، بەڵکو بە تەواوی دونیادا بڵاوبوویەوە و زۆرێک لە چیرۆکنووس و شانۆنامەنووسانی هاوچەرخ لەم نووسەرەوە فێری ئەوە بوون چۆن باری دەروونی کاراکتەری چیرۆکەکانیان و ئەو وردەکارییە وردانەی کە دەردەکەون و لەناوکۆیی ڕووداوە دەرەکییەکانی ناو چیرۆکەکەوە بەکاربهێنن. “کەمانچەکەی ڕۆچێڵد” یەکێکە لە ناودارترین چیرۆکەکانی ئەم نووسەرە و لەوێدا بەر چیرۆکی پیاوێکی تابووتساز دەکەوین، کە بە تابووتدروستکردن ژیانی خۆی و خێزانەکەی دابین دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەم تابووتسازیەیدا عاشقی کەمانچەژەندنە و ناوە ناوە لەگەڵ گروپێکدا لە بۆنەی جۆراوجۆردا کەمانچە دەژەنێت. چیرۆکی ئەم پیاوە ئەوکاتە دەگاتە ئەوپەڕی حوزن، کە خێزانەکەی کۆچی دوایی دەکات و بە کەمانەکەی شیوەنی بۆ دەگێڕێت و ئەوەش ئەوکاتەیە، کە بەڕاستی ڕۆحی خۆی ئاوێتەی کەمانەکە دەکات. چیرۆکنووس وێنەیەکی گەلێک قەشەنگی ئەو هەستەی گواستووەتەوە کاتێک هونەرمەندێک لە ئاهەنگێک کەمان دەژەنێت و پەیوەستی ڕیتمی گرووپێکە لەگەڵ ئەو هەستەی کەمانچە بۆ خۆی بژەنێت، چیخۆف لەڕێی ئەم کاراکتەرەوە دەیەوێت بڵێت؛ موزیکی ڕاستەقینە ئەوکاتە لەدایک دەبێت کە مرۆڤ بۆ خۆی بژەنێت، نەک ئاوێتەی ڕیتمی گرووپێک بێت.
یەکێکی دیکە لە جوانییەکانی ئەم چیرۆکە ئاماژەدانە بە ڕۆچێڵدی فلووتژەن، ئەو لەو گرووپەدایە کە تابووتسازەکە ناوە ناوە کەمانی لێ دەژەنێت، بەڵام ئەو بەپێچەوانەی تابوتسازەکەوە لەوێ بە چەشنێک فلوت دەژەنێت، کە هەمووجار تابووتسازەکە ئاگای لەخۆی نامێنێت و ئاوێتەی نەغمەکانی فلووتەکەی ڕۆچێڵت دەبێت. لێرەدا وێنەیەکی جیاوازمان لە وێنەی کاراکتەری تابووتسازەکە پیشان دەدات، کە پێچەوانەی ئەوەیە کە لەسەرەوە خستمانەڕوو، واتە ئەگەر لە یاکوفی تابووتساز نەتوانێت لەنێو گرووپێدا موزیک بۆخۆی لێ بدات و بەتەنیا بتوانێت ئاواز بۆ ڕۆحی برینداری بژەنێت، ئەوا کەسانێکی دیکە هەن کە لەنێو گرووپیشدان دەتوانن ئاوازی نەمر بژەنن چەشنی ڕۆچێڵدی فلووتژەن. لێرەدا چیخۆف پێچەوانەی قسە هەڵگۆزراوەکەی پێشووی دەشێت بڵێت؛ موزیکژەن لە هەر جێگەیەک بێت دەتوانێت هونەری خۆی بەشێوەیەکی ڕاستەقینە ئاوێتەی ڕۆحی خۆی بکات و لەگەڵ نۆتەکاندا گەشتی خۆی دەست پێ بکات.
ڕێبازی نووسینی چیرۆک لای چیخۆف دەبێتە قوتابخانە، چونکە لەنێو یەک چیرۆکدا (وەک لە نموونەکەی سەرەوە خرایەڕوو) دوو بۆچوونی گرنگ و جیاواز دەخاتەڕوو، کە خوێنەر لەنێوان ئەم دووبۆچوونەدا دەتوانێت دەست بە بیرکردنەوەیەکی مرۆییانە لەبارەی مرۆڤبوون و موزیکەوە بکات. چیرۆکەکانی چیخۆف هەمیشە بە نەمری دەمێننەوە، چونکە ئاوێتە جۆرە هەستێکی مرۆیین، کە مرۆڤ لە هەر جێگەیەک و لە هەر سەردەمێکدا دەبێت بەبێ ئەو هەستە مرۆییانە ناتوانێت درێژە بە بوون و ژیانی ڕاستەقینەی خۆی بدات.