رۆژنامەی ھەولێر

گۆرانیبێژێكی توركیا سەری جەهەپە دەخوات

كارزان گلی – هه‌ولێر

پۆلیس هەڵیكوتایە سەر شارەوانی ئەنكەرا و ١٣ كەسی دەستگیر كرد، هۆكارەكەشی گەندەڵی و ئەنجامدانی چەندین كۆنسێرتی گۆرانیی بووە، كە بووەتە هۆی ئەوەی زیان بە سامانی دەوڵەت بگەیەنرێت، بەڵام جەهەپە و مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی شارەوانی ئەنكەرا، دەڵێن ئەوەی روویداوە سیاسییە و یاسایی نییە.

داواكاری گشتی ئەنكەرا، لێكۆڵینەوەی لەسەر ٣٢ كۆنسێرت لە ئەنكەرا ئەنجامدا، كە لە ٢٠٢١ تا ٢٠٢٤ ئەنجامدراوە و ١٥٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لیرەی توركی تێدا خەرج كراوە و دەڵێن ئەوەی كراوە بەهەدەردانی سامانی گشتییە.
ئەوەی زۆر قسەی لەسەر دەكرێت، كۆنسێرتی ئیبڕۆ گوندەیش گۆرانیبێژی ناوداری توركیایە، كە باس لەوە دەكرێت زیاتر لە ٤٠ ملیۆن لیرەی توركی لە كۆنسێرتی ئەودا خەرج كراوە.
بەڵام مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی شارەوانی ئەنكەرا رایگەیاند، دوای ئەوەی قسە لەسەر كۆنسێرتەكان كرا و تۆمەتبار كراین سامانمان بەهەدەر داوە، سێ دەزگای لێكۆڵینەوە هاتن و لێكۆڵینەوەیان ئەنجامدا و بەهیچ شێوەیەك باسیان لەوە نەكرد گەندەڵی كراوە و هەروەها راپۆرتی خۆیان پێشكەش كرد و گوتیان كۆنسێرتەكان بەشێوەیەكی یاسایی ئەنجامدراوە و گەندەڵی تێدا نەكراوە.
لەسەر داوای داواكاری گشتی ١٣ كەس لە شارەوانی ئەنكەرا دەستگیر كراون، تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ گەندەڵیان لەو كۆنسێرتانەدا كردووە و هەروەها رەشوەیان وەرگرتووە و سامانی دەوڵەتیان بەهەدەر داوە.
شارەوانی ئەنكەرا بڵاوی كردوەتەوە، لە سەردەمی ئاكەپە، واتە ئەوكاتەی شارەوانی ئەنكەرا لەدەستی ئاكەپە بوو، لە ٢٠١٤ تا ٢٠١٩، نزیكەی ٨٠ چالاكی هونەری ئەنجام دراوە، ٣٣ ملیۆن دۆلار خەرج كراوە، بەڵام لە ٢٠١٩ تا ٢٠٢٤، ئەوكاتەی شارەوانی لەدەستی جەهەپە بووە، ٤٢٦ چالاكی ئەنجام دراوە و ٣٠ ملیۆن دۆلار خەرج كراوە.
شارەوانی ئەنكەرا لە راگەیێنراوێكدا ئاشكرایان كردووە، ئەوكاتەی مەلیح گۆكچەك، سەرۆكی شارەوانی بووە و سەر بە ئاكەپە بووە، ١١ كەس بە هۆی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی دراونەتە دادگا، بەڵام دادگا ئازادی كردوون. هەروەها باس لەوەش دەكەن، پێنج دۆسیەی گەندەڵیان داوەتە دادگا و شەش ساڵە دادگا هیچ هەنگاوێكی نەناوە.
ئەوەی قسەی زۆری لەسەر دەكرێت، كۆنسێرتی ئیبرۆ گوندەشە، كە میدیاكانی ئاكەپە بڵاویان كردووەتەوە ٤٠ ملیۆن لیرەی توركی بۆ خەرج كراوە، بەڵام شارەوانی ئەنكەرا و گوندەیش پێشتر بڵاویان كردبووەوە، كە ١٨ ملیۆن لیرە خەرج كراوە بۆ هەموو ستافی كۆنسێرتەكە.
ئەوەی جەهەپە لێی دەترسێت، دوای دەستگیركردنی ١٣ كەس لە شارەوانی ئەنكەرا، بەدوای ئەواندا مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی شارەوانی ئەنكەراش تۆمەتی بدرێتە پاڵ و دەستگیر بكرێت، چونكە هەموو ئەو پارانەی لەو كۆنسێرتانەدا خەرج كراوە، بە ئیمزای یاڤاش بووە.
یاڤاش دەڵێت: ”دەزگای نەزاهەی توركیا، بەهۆی ئەنجامدانی ئەو كۆنسێرتانە، لێكۆڵینەوەی دەستپێكرد و نەیتوانی هیچ گەندەڵییەك ئاشكرا بكات، بۆیە دەستگیركردنی هەر كەسێك لەسەر ئەو كۆنسێرتانە، سیاسییە و یاسایی نییە.“
فشار بۆ سەر شارەوانییەكانی هەدەپە، لە سەرەتای ٢٠٢٥دا دەستیپێكرد، تاوەكوو ئێستا زیاتر لە ١٠ سەرۆك شارەوانیی سەر بە جەهەپە دەستگیر كراوە و شارەوانییەكەشیان قەیوم كراوە، لەناویاندا ئەكرەم ئیملمئۆغڵو، سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵیشی تێدایە.