رۆژنامەی ھەولێر

بۆ سێیەمین جار پڕۆفیسۆرێکی کورد ناوی چووە ڕیزبەندی باشترین زاناکانی جیهانەوە

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

پڕۆفیسۆرێکی کوردی بواری زانستی فیزیا بۆ ساڵی سیێەمین ناوی لە ڕیزبەندی ٢٪ی زانایانی جیهان دێت.

پڕۆفیسۆر دکتۆر عەزیز بەرزنجی، پڕۆفیسۆری بواری فیزیا و مامۆستا لە زانکۆی سۆران بۆ ساڵی سێیەم لەسەر یەک ناوی لە ڕیزبەندی ٢٪ی ئەو زانا و پڕۆفیسۆرانە دێت کە توێژینەوە کردارییەکانیان وەک سەرچاوەی زانستی باوەڕپێکراو لە جیهاندا کاری پێ دەکرێت.
ڕێکخراوی یونیسێف ساڵانە ١٠ملیۆن زانای بوارە جیاوازەکان دەستنیشان دەکات و دواتر لەلایەن زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکی لە کۆی ئەو ١٠ملیۆنە توێژینەوەی ٢٠٠هەزار زانا هەڵدەبژێرێت کە دەکاتە ٢٪ی زانایانی جیهان. ئەمساڵیش دکتۆر عەزیز بەرزنجی یەکێک بووە لەو زانا بەناوبانگانەی جیهان.
پڕۆفیسۆری ناوبراو وتی”بۆ ئەو ناسناوە، پێشکەشکردن نییە، بەڵکو خۆیان دێنە نێو داتا و پرۆفایلەکانمان لە گووگڵ سکوولەر، توێژینەوەی زاناکان دەبێت لە زانستی پراکتیکی بن، ئەو کارانە بن کە خزمەتی کۆمەڵگە دەکەن، بۆیە ئەوان خۆیان ئەو زانایانە هەڵدەبژێرن”. وتیشی ” سوپاس بۆ خوا، ساڵ لە دوای ساڵ پۆلێنی جیهانیم بەرزتر دەبێتەوە؛ پارساڵ لە لیستەكەدا لە ڕیزبەندی ١٦٧٥٠٧ بووم، ئەمساڵ بەشێوەیەكی بەرچاو پۆلێنەكەم بەرز بووەتەوە و بووەتە ٧٦٥٢٧. كە لەسەر بنەمای پسپۆڕی وردی بوارە زانستییەكان و سوودی كردەیی ئەو توێژینەوانەی پێشكەشی دەكەین، دەستنیشان دەكرێین.
پڕۆفیسۆر د. عەزیز بەرزنجی، ساڵی ١٩٧٣ لە شاری هەولێر لەدایک بووە، بەکالۆریۆسی لە بواری فیزیا لە زانکۆی سەلاحەدین بەدەست هێناوە و دواتر هەر لە هەمان زانکۆ ماستەری بەدەست هێناوە و لە ساڵی ٢٠١٤ لە وڵاتی بەریتانیا دکتۆرای بەدەست هێناوە، دواتریش لە زانکۆی سۆران بووەتە پڕۆفیسۆر لە تەکنەلۆجیای نانۆ. ئێستاکەش لە زانکۆی سۆراندا کار دەکات لەنێو پێنج رێکخراوی متمانەپێکراوی جیهانیدا ئەندامە. ئەڵبەت کاری کردووە بۆ دۆزینەوەی نوێترین چارەسەر بۆ شێرپەنجە لە رێگەی نانۆپارتیکڵەکان.
ئەو پڕۆفیسۆرە کوردە خاوەنی ١٤٠ توێژینەوەیە، بەشێکی زۆر لە توێژینەوەکانی لەسەر ئاستی جیهان وەکو سەرچاوە بەکار دێن.