پاڤین ڕەمەزان
ڕەنگە پۆلینی ئەم قۆناخە سەختەی هەرێمی کوردستان، بە “قۆناخی خۆڕاگری” پۆلینێکی دروست بێت. بەهۆکاری توندتربوونەوەی فشارە سیاسی و ئابورییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەکەی و بە بارمتەگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی کە دەرئەنجامی ئەمانە سەختکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانی لێ کەوتەوە و تا ئێستاش درێژەی هەیە.
پەرجۆی حوکمڕانی
قەبارەی ئەو کۆسپ و تەگەرانەی خرانە سەر ڕێی هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو، بە ئەندازەی ئەوە گەورە بوون دووچاری ئیفلیج بوون و ئیفلاسی حوکمڕانی بکاتەوە و سەرئەنجام ئەو کەشتییەی هەموومانی هەڵگرتووە نقوم بکا… بەڵام، بە پێچەوانەوەی ئاراستەی ڕووداوەکانەوە شت گەلێک بینرا و کرا و بەدەست هات، نە خەڵکی کوردستان چاوەڕێی بینینی بوون لەم ئان و ساتانەدا و نە نەیارانی دەرەکی و نە داڕێژەر و ئەندازیارانی پیلانە گڵاوەکانی دژ بە کوردستانیان پێشبینیان دەکرد! لە سادەترین وەسفدا، پەرجۆی حوکمڕانی بوو. ئەو گرفتانەی بەربەستی گەشە و ئاوەدانی هەرێمی کوردستان بوون بە درێژایی تەمەنی لە پەراوێزی قۆناخی سەختی خۆڕاگریدا لەنێوبران و سەرکەوتنی گەورەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان (کارەبا، ڕێگاوبان، ئاو، ژینگە، وەبەرهێنان…) بوون بە وانەیەکی مێژوویی بۆ سزادەرانی خەڵکی کوردستان و کاریگەریشی دەبێت لە هەڵوێستی دژبەرانی هەرێمی کوردستان لە ئایندەدا.
کودەتای سپی بەسەر ڕای گشتیدا
چالنجی پرۆژە نموونەییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ حکوومەتی عێراق قورسە. بێ گەڕانەوە و چاولێکردنی ئەزموونی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، ناتوانێت بکەوێتە سەرپێ و کۆتایی بە گرفتە ڕیشەییەکان بهێنێت و لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک سەرکەوتووبێت. ئەمە نەک لەناوخۆی کوردستان کاریگەری لەسەر ڕای گشتی هەبووە، بەڵکو ئەم بۆچوونە سۆشیال مێدیا و شەقامی عێراقی تەنیوە و لە بری سەرکەوتنی پیلانە دوژمنکارانەکانی هەندێک لایەنی هاوبەش لە حوکمەتی عێراق، خۆیان دووچاری کودەتایەکی سپی بوونە و ناچارن تەسلیمی ئەمری واقیعی ڕای گشتی بن و دەستبەرداری کەللە ڕەقی خۆیان بن. سەرکەوتنی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان لەو بوارانەدا وایکردووە، ڕەنگە چیتر وەک ڕابردوو بۆ سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق نەچێتە سەر بە وتەی شۆڤێنانە و قسەی چەواشەکارانە مارکێتینگ بۆ دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان بکەن و خۆیان پێ بکەنە ژمارە.
کۆتایی تونێلە تاریکەکە
هەموو ئاماژەکان ئەوە پیشان دەدەن، ئێستا هەرێمی کوردستان لە ئامادەکاریدایە بۆ قۆناخێکی نوێ و لەم تونێلە تاریکەش بەرەو دەربازبوون دەچێت، ئەوەی گرنگە بوترێت، بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی دەوترا ئینتیمای نیشتیمانی لای کوردستانیان بەرەو لاواز بوون چووە، دەرکەوت لە هەموو کاتێک زیاتر بە ورە و ئینتیمای بەرزی نیشتیمانییەوە کوردستانیان ئامادەی قوربانیدانن و لە هیچ بارودۆخێکدا دەستبەرداری نابن. ئەو پەیامەی خەڵکی کوردستان گەیاندی بە عەقڵیەتی ناحاڵی و بێ باکی نەیارانی ئەوەندە بەهێز بوو کە پێویست ناکات چیتر ورە و ئینتیمای خەڵکی کوردستان تاقی بکرێتەوە. ئەم پەیامەی خەڵکی کوردستان ئەوەندە کاریگەر بوو ڕەنگە لە دوای ئەم قۆناخەوە بۆ هەمیشە سزادانی خەڵکی کوردستان ببێتە کارتێکی سووتاو لە دەستی ئەوانەی دەیانەوێت جارێکی تر خۆیان تاقی بکەنەوە.

