مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئەکیرا ئیندۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کرد.
لە دیدارێکدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان، دۆخی گشتیی عێراق و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران کرا.
هاوکات باڵیۆزی ژاپۆن باسی لە کار و چالاکی و پڕۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان کرد، کە لە ڕێگەی ئاژانسی جایکاوە، چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن.
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و پشتیوانییەکانی ژاپۆن دەربڕی و جەختی لە گرنگیی سوودوەرگرتن لە شارەزایی و ئەزموونی دەوڵەمەندی ژاپۆن لە بوارەکانی پیشەسازی، پەروەردە و گەشەپێدانی ئابووریدا کردەوە.

