رۆژنامەی ھەولێر

هاوکارییەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاوارەکان ٨٠% کەمبووەتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئاوارەکانی شنگال کە لە سنووری پارێزگای دھۆک لەناو کەمپەکان نیشتەجێن پێویستییان بە کەلوپەلی وەرزی زستان ھەیە، وەکو خۆیان دەڵێن، حکوومەتی عێراق پشتی لە ئێمە کردووە، ئەوەی خۆ بە خاوەنی ئێمە دەزانێت تەنیا حکوومەتی ھەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانییە. بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سنووری پارێزگای دھۆک، ڕاگەیاند، حکوومەتی عێراق پشتی لە ئاوارەکان کردووە، ھاوکارییەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش ٨٠% کەم بووەتەوە.

ماوەی زیاتر لە ١١ ساڵە خەڵکی شنگال ژیانی خۆیان لەناو کەمپەکان و لەژێر خێمەیەکی دوو مەتری بەسەر دەبەن و ھێشتا شتێک لە چارەنووسی خۆیان نازانن. ئاوارەکانی شنگال کە لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دھۆک دەژین، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، حکوومەتی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بە تەواوەتی ئێمەی پشتگوێ خستووە و ڕۆژێک خۆی لە ئێمە نەکردووتە خاوەن، تەنیا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھاوکاری ئێمە دەکەن.
پیردەیان خدر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سنووری پارێزگای دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بەپێی ئەو توانایەی کە لە بەردەستی خۆمانە ھاوکاری خەڵکی ئاوارەبووی شنگال دەکەین.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سنووری پارێزگای دھۆک، دەشڵێ: ھاوکارییەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ٨٠% کەم بووەتەوە، ھەروەھا حکوومەتی عێراق بە ئەرکی خۆی ھەڵنەستاوە و ھاوکاری خەڵکی شنگال ناکات، بۆیە ئەوەی لە توانای ئێمەدا بێت بە ھاوکاری لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام دەبین لە ھاوکاریکردنی ئاوارەکان.
پیردەیان خدر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سنووری پارێزگای دھۆک، گوتیشی: وەرزی زستان کێشەکان زیاتر دەبن، ھەموو ئەو کێشانەش ڕووبەڕووی ئێمە دەبنەوە، لەوانە دابینکردنی نەوت، گۆڕینی خێمە، لەگەڵ دابینکردنی خزمەتگوزاری ڕۆژانە، ئەوەی پێویستە داوامان کردووە، ھەر کاتێک کەلوپەلی پێویست گەیشت بەسەر ئاوارەکاندا دابەش دەکەین، لەگەڵ ئەوەش لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ گۆڕینی خێمە قسەمان کردووە، بۆیە ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خەڵکی خۆمان دابین دەکەین، بۆ ئەوەی لە وەرزی زستان بێ کێشە بن.