كارزان گلی – ههولێر
دادگای تێهەڵچوونەوەی توركیا، سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ و ١٥ رۆژ زیندانی بەسەر ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستانبۆڵدا سەپاند، كە ئێستا بە تۆمەتی گەندەڵی خراوەتە زیندانەوە.
ساڵی ٢٠١٩، ئەوكاتەی لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا ئیمامئۆغڵو توانیی بە جیاوازی هەشت هەزار دەنگ بەپێش بیناڵی یڵدرم، بەربژێری ئاكەپە و مەهەپەوە بكەوێت و شارەوانی ئیستانبۆڵ بباتەوە، بەڵام كۆمیسیۆن بڕیاری دا هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە و ئیمامئۆغڵوش بە كۆمیسیۆنی گوت ”دەبەنگ“، بۆیە داوای یاسایی لەسەر تۆمار كرا.
پارێزەرەكانی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، دەڵێن سزایەكە بواری ئەوەی تێدایە كە تانەی لێ بدرێت، بۆیە تانەی لێ دەدەن، چونكە بە نایاسایی سزای بەسەردا سەپێنراوە.
بە گوێرەی مادەی ٥٣ی دادگای تاوانسەلمێنی توركیا، ئەگەر كەسێك زیاتر لە ساڵێك سزای زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، قەدەغەی سیاسەتی لەسەر جێبەجێ دەكرێت، بۆیە ئیمامئۆغڵو ناتوانێت ببێتە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بۆ ٢٠٢٨.
رێکەوتی ١٩ی ٣ی ٢٠٢٥، ئیمامئۆغڵو، بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر كرا و كەسێكی تر لە شوێنی دانرا؛ هەربۆیە جەهەپە بڕیاری دا لەناو پارتەكەیدا هەڵبژاردن بكات بۆ دیاریكردنی بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، بەمەش ئیمامئۆغڵو توانیی ١٥ملیۆن دەنگ بەدەست بهێنێت بە فەرمی بووە بەربژێر، بەڵام ئەگەر ئەو سزایەی بەسەریدا سەپاوە، جێگیر بكرێت و دادگای توركیا تانەكە قبوڵ نەكات، ئیمامئۆغڵو ناتوانێت ببێتە بەربژێر.
چاوەڕێ دەكرێت، بەهۆی ئەو بڕیارەوە جەهەپە زیاتر شەقام بجووڵێنێت و بارودۆخی توركیا بەرەو خراپی بچێت، چونكە پێشتر جەهەپە هەڕەشەی دەكرد، ئەگەر ئیمامئۆغڵو لە سیاسەت دوور بخەنەوە شەقام دەجووڵێنن.

