مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
ماركیزیۆ، خەون بەوەوە دەبینێ پێدری و تۆنالی بچێتە یوڤێنتوس
كلاودیۆ ماركیزیۆ، ئەستێرەی پێشووی یانەی یانەی یوڤێنتووس، سەرسامە بە ئاستی پێدری، یاریزانی یانەی بارسێلۆنا و خەون بەوەوە دەبینێ ئەستێرەی نیوكاسڵ تۆنالب بچێتە یانەی یوڤێنتوس.
كلاودیۆ ماركیزیۆ، یاریزانی پێشووی یانەی یوڤێنتوس، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی بەناووبانگی ئیتاڵی (لاگازێتتا دێللۆ سپۆرت)، سەرسامیی خۆی بە ئاستی پێدریی تەمەن 21 ساڵان نەشاردووەتەوە، كە سەرسامە بە ئاست و تواناكانی، هەروەها ئاماژەی بە ئاستی هەڵكشاوی ئەستێرەی یانەی یوڤێنتوس یەڵدزی تەمەن 20 ساڵان كرد.
ماركیزیۆ رایگەیاندووە: یەڵدز، توانایەكی زۆر باشی مانەوە و بەردەوامیی هەیە، ڕۆڵی تەنیا لە یاریدروستكردنی كلاسیكیدا كورت ناكرێتەوە، بەڵكوو یاریزانێكی تێكۆشەرە و هەموو وزەی خۆی دەبەخشێ، هانی هاوڕێ و هاوكارانی دەدا، جێپەنجەی بە بەهێزی لەنێو یاریدا دادەنێ، نزیكەی نیمچەكاریگەرییەكی لامین یامالی ئەستێرەی یانەی بەرشلۆنەی لەسەرە.
باسی لەوەش كردووە: كەنعان یەڵدز، شوێن و پێگەی خۆی بە باشی لە یوڤی كردووەتەوە، شایانی ئەوەیە گرێبەستەكەی نوێ بكرێتەوە، یاریزانێكی باڵای بیانییە لە یوڤێنتوس، دەگمەنە بتوانی یاریزانێك بەو هێز و بەها و خاوەن بازاڕگێڕییە بەرزەی ئەورووپا بدۆزیتەوە. لە هەمان كاتدا خەون بەوەوە دەبینێ ببێتە ئەفسانەی یوڤێنتوس.
بۆ زانین و بیرهێنانەوە، ماركیزیۆی تەمەن 39 سالان، لە ئۆكتۆبەری ساڵی 2019ـدا، لەگەڵ یانەی زینت سانت پترسبۆرگ كۆتایی بە كاروانی یاریكردنی هێنا.
دیكۆ پشتپەردەی ماوەی گواستنەوەی هاوینەی بارسێلۆنا ئاشكرا دەكات
دیكۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا، باسی لە چەند پرسێكی نەزاندراوی ماوەی گواستنەوەی هاوینەی تایبەت بە یانەكەی كرد.
لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی لانسی بەڕازیلی، دیكۆ لەبارەی مێركاتۆوە ڕایگەیاند: پێشینكارمان، پاراستنی ئەوانە بوو كە هەمانە و هیچ یاریزانێك لەدەست نەدەین، گرێبەستی لامین یامال و رافینیا و كۆندیمان نوێ كردەوە، ئامانجەكە پاراستنی پێگە سەرەكییەكانی یانەكە بوو، كە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بنیاتمان نابوو و پتەومان كردبوو.
لەبارەی گرێبەستكردن لەگەڵ خوان گارسیای گۆڵپارێز، ڕایگەیاند: ماوەیەكی زۆر بوو چاودێریمان دەكرد و بە شوێنیەوە بووین، بۆ هاوین لە پێشینەی كارەكانمان نەبوو، بەڵام دوای پێكانی تیر شتیگن لە وەرزی ڕابردوو، بڕیارمان دا گرێبەستی لەگەڵ بكەین.
لەبارەی دەستخستنی ماركۆس ڕاشفۆردەوە دەڵێ: پێویستمان بە یاریزانێك بوو، كە لە لایەكانەوە یاری بكا یان لە قووڵایی یاریگەوە، ئەوەش بەشێك بوو لە بیركردنەوەمان، هاوین سەرنج و دیقەتمان خستە سەر ئەوە، وامان نەبینی ئەو بڕیار و پێویستییەمان، پێویستی بە گۆڕین بێ، مەگەر لە دواساتەكاندا شتێك بگۆڕێ.
گوتیشی: واژۆكردنی بۆند لەگەڵ رۆنی باردغی، یاریزانێكی لاو بوو لەو كاتەوەی لە كۆپنهاگن بوو، چاودێریمان دەكرد، چەند یاریزانێكی لاومان وەك ئامادەكاریی بۆ وەرز هێنا، دوو یان سێ گرێبەستیشمان هەیە، كە دەتوانن لە ریزی تیپی یەكەم خۆیان بسەلمێنن.
لەبارەی رۆیشتنی ئینیجۆ مارتینیزەوە بۆ یانەی نەسری سعوودی، ڕوونی كردەوە: هەڵوێستێكی چاوەڕێنەكراو بوو، گرێبەستێكی لە سعوودیەوە بۆ هات و بە دەمیەوە چوو، پێویست بوو ئێمە ئازادیی ئەوەی پێ بدەین كە ڕێگەی خۆی هەڵبژێرێ، بەو شێوازەی خۆی دەیەوێ، وەكوو ڕێزێك بۆ ئەو.
لەبارەی ئامانجەكانی بەرشلۆنە، دیكۆ دووپاتی دەكاتەوە، كە بردنەوەی چامپیۆنس لیگ، خەونی گەورەیە، بەڵام: “تیپی بەهێز هەن كە خۆیات بەهێزتر كردووە، وەكوو لیڤەرپوول و ریاڵ مەدرید، پێویستە لە بەهێزان بین بۆ ئەوەی ویستی ڕكەبەریمان لەسەر یاریی كۆتایی هەبێت.
دەشڵێ: پاریس تیپێكی سەرنجڕاكێشە، لیستێكی بەهێزی یاریزانانی هەیە و گرێبەستی گونجاوی مۆر كردووە، راهێنەرێكی ئەزموونداری هەیە و ركەبەریی توند دەكات. یاریمان لەگەڵ ئەو یانەیە گەورە و سەرنجڕاكێش دەبێ، بەڵام تەنیا یارییەكی خولی گرووپەكانە. پێویستە لە یاری بۆ یارییەكی دیكە بیر بكەینەوە، سوودی نییە خەون بینین بە ناسناوەكەوە، ئەگەر خولی یەكەم نەبڕین.
دەشڵێ: وەرزی ڕابردوو سیستەمی نوێی خولەكە دادوەرانە نەبوو، زۆربەی یارییەكانی هاتنەوەمان لە دەرەوەی یاریگەی خۆمان كرد، بەڵام ئەمساڵ ئەوە ڕاست كراوەتەوە.
لەبارەی جێگرتنەوەی چاڤی بە هانز فلیك، وتی: چاڤی بۆ ماوەی خۆی گرنگ بوو، سەقامگیری بەرپا كرد و ناسناوی بردەوە، بەڵام گواستنەوەی فلیك بەهۆی پێویستیمان بوو بەوەی كەسێك توانای كارگێڕیی جیاوازی هەبێت، فلیك راهێنەرێكی سەردەمییە و ماوەیەكی زۆر یارمەتیی ئەڵمانیای داوە، لەگەڵ ئەڵمانیا و بایرن میونشن سەركەوتوو بوو، شێوازی یاریكردنیشی لە هی بەرشلۆنە دەچێ، راهێنەرێكە گەر یاریزانی باشی هەبێ، بە باشی لە ئەنجامەكان دەردەچێ و وەرزی ڕابردوو سەركەوتنی بەدەست هێنا.

