رۆژنامەی ھەولێر

گرنگی دروستکردنی ڕێگاوبان لە گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان

ئاشنا بابان
ڕێگاوبانەکان بە یەکێک لە پێکهاتە ودیاردەکانی ژێرخانی ئابوورى دادەنرێت،کە بەشدارییەکی گرنگ لە گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا دەکات. کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکان وئاستى بازرگانی بەرز دەکاتەوە دەوڵەتێکی بەهێز و یەکگرتوو بەبێ تۆڕێکی ڕێگاوبانی یەکگرتوو دروست نابێت. ڕێگاوبانەکان تەنها ئامرازێکی گواستنەوە نیین، بەڵکو ئامرازێکی ستراتیژییە بۆ بەهێزکردنی سەروەری و گەیشتن بە گەشەپێدان و بنیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و دەستەبەرکردنی سەقامگیری و یەکگرتوویی درێژخایەن. ڕێگاوبانەکان وەک پایەیەکی ژێرخانی
بریتییە لە ڕێگاوبان و پرد و کارەبا و ئاو و پەیوەندی و گواستنەوەی گشتی. ڕێگاوبانەکان ئەو بناغەیەن کە ئەم کەرتانەی تر لەسەری بنیات دەنرێت، گرنگی دروستکردنی ڕێگاوبانەکانە لە هەرێمی کوردستان، لەڕووی ڕۆڵی لە بەستنەوەی هەرێمەکان، هاندانی گەشەی ئابووری، و باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.
ژێرخانی بەهێز بەردی بناغەی هەر پرۆسەیەکی گەشەپێدانە، تۆڕی ڕێگاوبانیش بڕبڕەی پشتی ئەم ژێرخانە و ئاسانکاری بۆ جووڵەی خەڵک و گواستنەوەى کاڵا و بەرزکردنەوەی پەیوەندی جوگرافی و ئابووری لە نێوان ناوچە جیاوازەکاندا ،ڕۆڵی ستراتیجی دروستکردنی ڕێگاوبان لە کوردستان کە بریتیە لە:
١-هاندانی گەشەی ئابووری
پەرەپێدانی تۆڕی ڕێگاوبانەکان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئاسانکاری بازرگانی ناوخۆیی و دەرەکی و کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوە و دابینکردنی ژینگەیەکی سەرنجڕاکێشی وەبەرهێنان، کە بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم بەرز دەکاتەوە.
٢-باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتیەکان
دروستکردنی ڕێگاوبان بەشدارە لە ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەیی و کارگێڕییەکان بۆ هاوڵاتیان، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوی و دوورەکان کە بەدەست ئاستەنگە جوگرافییەکانەوە دەناڵێنن.
٣-پێشخستنی کەرتی گەشتیاری
کوردستان هەرێمێکە کە توانای گەشتیاری بەرچاوی هەیە، بۆیە پەرەپێدانی ڕێگاوبانەکان بۆ گەشەپێدانی گەشتیاری بەردەوام پێویستە.
٤-پەیوەندییە جوگرافییەکان لە نێوان ناوەندەکانی شار و گوندەکاندا
بەهێزکردنی تۆڕی ڕێگاوبانەکان بەشدارە لە تێکەڵکردنی ناوچە گوندنشینەکان لەگەڵ سیستەمی گەشەپێدانی گشتی، کۆچی ناوخۆیی کەمدەکاتەوە، و سەقامگیری دانیشتووان بەرەوپێش دەبات.
٥-پەرەپێدان و پلانێکی تۆکمە و ستراتیژی گشتگیر بۆ پەرەپێدانی ڕێگاوبان کە ئەولەویەتی جوگرافی و ئابووری ڕوون لەخۆبگرێت،هۆکارێک دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی هاوبەشی گشتی و تایبەت کە لە ڕێگەی فۆرمولەکانی دارایی هاوبەش بە بەشداری دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانریت گەشەى پێبدریت.
بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن لە دیزاین و جێبەجێکردن و چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکاندا، لەوانەش بەکارهێنانی سیستەمی زانیاری جوگرافی (GIS) و زیرەکی دەستکرد لە پلاندانانی ڕێگاکاندا . لە نمونە زیندوکان وەک وولاتی چین لە چوارچێوەی دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگاوبان، یەکێک لە گەورەترین تۆڕەکانی ڕێگاوبانەکانی جیهان دروستکردووە. تۆڕی ڕێگاوبان ڕۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە بەستنەوەی شارە پیشەسازییە گەورەکان بە ناوخۆی وڵاتەوە. بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە چاودێری و چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان. بەکارهێنانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان.
هەر وڵاتێک هەوڵی بنیاتنانی ئابوورییەکی بەهێز بدات دەبێت لە ڕیگەى وەبەرهێنان لە ڕێگاوبانەکاندا دەست پێبکات چونکە ئەوان:
• تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە کەمدەکاتەوە.
• هانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی دەدات.
• بازرگانی ناوخۆیی و دەرەکی بەهێز دەکات.
• ئیستغلالکردنی سەرچاوە سروشتییەکان لە ناوچە دوورەکان چالاک دەکات.
هەروەها ڕۆڵ و گرنگى دروستکردنى ڕێگاوبان لە دروستکردنی دامەزراوە دەوڵەتییەکان گرنگە چونکە ڕێگاوبانەکان نەک تەنها خزمەت بە ئابووری دەکەن، بەڵکو ئاسانکاری بۆ:
١-درێژکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لە هەموو ناوچەکانیدا، بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکان و دوورەدەستەکان.
٢-دەستڕاگەیشتن بە کارگێڕی و ئەمنی بۆ ناوچە دوورەکان.
٣-بەرزکردنەوەی خزمەتگوزارییە حکومییەکان وەک پەروەردە، تەندروستی، و دادپەروەری.
جگە لەوانەى سەروە کە ئاماژەمان پێدا ڕێگاوبان کاریگەریەکى یەکڕیزی نیشتمانی هەیە وەک:
• ڕێگاوبان پێکهاته کۆمه ڵایه تی و جوگرافییه کانی وڵات کۆده که نه وه .
• جیاوازی گوند و شار کەم دەکەنەوە.
• هەستی یەکگرتوویی نەتەوەیی و سەربەخۆیی دروست دەکەن.
• تۆڕێکی ڕێگاوبانی باش بەشدارە لە وەڵامدانەوەی خێرای دەوڵەت بۆ قەیران و کارەساتەکان.
• ئاسانکاری بۆ جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکان دەکات
واتا دروستکردن ومۆدێرنکردنی ڕێگاوبانەکان لە هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام. بە پشتبەستن بەوانەی سەرەوە، وەبەرهێنان لەم کەرتەدا تەنها بژاردەیەکی گەشەپێدان نییە، بەڵکو پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ دەستەبەرکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵگەی کوردی و بەرزکردنەوەی توانای کێبڕکێی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی. ئەمەش پێویستی بە ئیرادەی سیاسی ڕوون و پلانی زانستی سیستماتیک و هاوکاریی هەمەلایەنەی دامەزراوەیی هەیە. دروستکردنی ڕێگاوبان و پەرەپێدانی تۆڕەکانی گواستنەوە بناغەیەکی سەرەکین بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن. گەشەسەندنی بەردەوام و سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابووری بەبێ ژێرخانی بەهێز و بەتایبەتی ڕێگاوبانەکان بەدی نایەت.