رۆژنامەی ھەولێر

ئایا ئێمە بەردەوام لە گۆڕانداین؟

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

بەپێی گوتەی هێراکلیتۆس مرۆڤ بەردەوام لە گۆڕاندایە و هەر ئەم گۆڕانەشە، کە بۆ هەمیشەیی بەرەو پێشەوەی دەبات. ئەگەرچی ڕەگی ئەو لە ڕابردوودایە، بەڵام هەموو چرکەیەک ڕووی لە ئایندەیە. بەڵام پرسی گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا مرۆڤەکان تا چەند ئاگاداری ئەم پرسە گرنگە هەن و چۆن لەم پرسە دەڕوانن؟ مرۆڤ مەحکومە بە ژیان، یان وەکو بەشێک لە نووسەران دەڵێن ژیان سەپێنراوە بەسەریدا، یان ژیان سزایە، نەک پاداشت. لەنێو ئەم مەحکومبوون و سزادانەدا مرۆڤ بەرەو کوێ دەڕوات و چۆن بوونی خۆی بەرهەمدار دەکات؟

هێراکلیتۆس لە کتێبی “فراگمێنتەکان”دا، کە تاکە کتێبێکی ئەوە بە کوردی و لەلایەن “چێنەر جەزا حەسەن”ەوە کراوە بە کوردی و کتێبخانەی ڕۆمان بە چاپی گەیاندووە. لەوێدا لەڕێی کۆمەڵێک فراگمێنتی کورتەوە گەلێک بۆچوونی سەرنجڕاکێشی دەربڕیوە، کە وەکو بروسکە لای ئێمەی خوێنەر دەمێننەوە. یەکێک لەو فراگمێنتانە لەبارەی پەلەکردنەوەیە و لەوێدا دەڵێت “پێویستە هۆشیاربین و پێشبینی بەپەلە نەکەین.” لێرەدا هۆشیاری دەکاتە بنەمایەک بۆ ئەوەی مرۆڤ بڕیاری بەپەلە نەدات و پێشبینی بەپەلە نەکات. خۆ ئەگەر ئەوەی کرد ئەوا ئەوکات لەبەردەم مرۆڤێکی وشیاردا نین. لێرەوە تێدەگەین هۆشیاریی دەشێ یەکێک لە کلیلە گرنگەکانی مرۆڤبوون بێت.
یەکێک لە بەناوبانگترین فراگمێنتەکانی دیکەی ئەوەیە کە “هیچ مرۆڤێک ناتوانێ دووجار هەنگاو بنێتە نێو یەک ڕووبارەوە، چونکە دووەمجار نە ڕووبارەکە هەمان ئەو ئاوەی پێشووی پێدا تێدەپەڕێت و نە کەسەکەش هەمان ئەو کەسەی یەکەمجارە.” لێرەدا تیشکخستنەسەر چەمکی گۆڕانە و ئەم بیرمەندە دەیەوێت بڵێت مرۆڤەکان هەمیشە لە گۆڕاندان، وەک چۆن سروشتیش هەمیشە لە گۆڕاندایە. لێرەوە دەشێ بپەڕینەوە بۆ چەمکی “کات” کە هەموو شتێکی لەسەر بەندە، چونکە کاتیش هەمیشە لە گۆڕاندایە و ئەم چرکەیەی ئێستا لەگەڵ چرکەی پێشوو جیاوازە، چونکە هەمان کات نییە. دەشێ لای ئەم بیرمەندەش گۆڕانی مرۆڤ پەیوەندی بە تێپەڕبوونی کات و ئەو گۆڕانکاریانەوە بێت کە مرۆڤ چەشنی ڕووبارێک بەردەوام هزری نوێ ئەزموون دەکات. بەڵام پرسێک کە لەسەرەتاشەوە لای من جێگەی سەرنجە ئەوەیە ئایا هەموو مرۆڤەکان هەست بەو گۆڕانکارییە دەکەن؟
دەشێ زۆرێک لە مرۆڤەکان هەست بەو گۆڕانکارییە بکەن، بەڵام ئەوانەی هەستیارترن سەبارەت بەو گۆڕانکاریانە ئەو کەسانەن کە مرۆڤی بەرهەمداری نێو کۆمەڵگەن و نایانەوێت ئەمڕۆ لە دوێنێ بچێت و بەرنامەی نوێشیان هەیە بۆ ئەوەی سبەی کارێک، یان چالاکییەک ئەنجام بدەن.
یەکێکی دیکە لە گرنگترین فراگمێنتەکانی ئەم بیرمەندە، کە لێرەدا حەز دەکەم تیشکی بخەمەسەر سەبارەت بە گەمژەییە و لەوێدا دەڵێت “وا باشترە گەمژەیی بە نهێنی بهێڵرێتەوە، نەک نمایش بکرێت.” ئەم بیرمەندە دەڵێی لەم سەردەمەی ئێستادا ژیاوە، ئەگەرچی ئەو 500 ساڵ پێش زایین ژیاوە، بەڵام خاوەنی گوتەگەلێکی هێندە گرنگە کە هەموو زەمەنەکان دەبڕێت و هەر بە نوێی دەمێنێتەوە.
ئەگەر وردبینەوە لە دۆخی ئێستا مرۆڤ و ئەو لێشاوە نمایشەی کە دەبینرێت ئەوە نمایشی زانستی و حیکمەت نییە، بەڵکو نمایشی گەمژەییە. زۆرجار بەناوبانگترینەکانی نێو تۆڕەکانی سۆشیالمیدیا گەمژەترینەکانن. ئەم بیرمەندە دژ بە نمایشکردنی گەمژەیی وەستاوەتەوە، چونکە پێیوایە چەشنی پەتا بڵاو دەبێتەوە، بۆیە دەبێت بە نهێنی بمێنێتەوە و نهێنی مانەوەی گەمژەیی لە سوودی هەموانە.
ئەم 130 حیکمەتەی لەم نامیلکەیەدایە، کۆمەڵێک وانەی گرنگ و کاریگەریی تێدایە، کە لێرەدا دەرفەتی خستنەڕووی هەمووی نییە و دەشێ خوێنەر خۆی بەدوای وانەکانی دیکەی ئەم بیرمەندەدا بگەڕێت و خوێنەری بێت، چونکە وانەگەلێکە کە بە کەمترین وشە زۆرترین حیکمەت بە خوێنەر دەبەخشێت کە هۆشیاری دەکاتەوە لەوەی لە کوێدایە و بەرەوکوێ هەنگاو دەنێت.