كارزان گلی – ههولێر
بونیامین ناتانیاهو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، لە ١٥ی ئەیلوولدا وتارێكی پێشكەش كرد و وەكوو وەڵامێك بۆ رەجەب تەییب ئەردۆغان، لەبارەی قودسەوە سەركۆماری توركیا گوتی: ”بەڕێز ئەردۆغان ئێرە شاری ئێمەیە، شاری ئێوە نییە، هەموو كاتێكیش وەكوو شاری ئێمە دەمێنێتەوە و جارێكی تر دابەش نابێت.“
كارزان گلی – ههولێر
ئەم گوتانەی ناتانیاهو، وەكوو وەڵامێك بوو بۆ گوتەیەكی ئەردۆغان لە ٢٠٢٠، كاتێك ئەردۆغان لەناو پەرلەمانی توركیا گوتی: ”لەسەردەمی عوسمانییەكاندا قودس شاری ئێمە بووە، واتە قودس شاری ئێمەیە و شارێكە لە ئێمەیە.“
ئەردۆغان، لە ١٧ی ئەیلوول، لە توركیا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامدا، بەبێ ئەوەی ناوی ناتانیاهو بهێنێت، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ وەڵامی دایەوە و گوتی: ”دەستێكی نا مەحرەم قودسی شەریفی پیس كردووە، ئێمە رێگەی پێنادەین. ئێمە وەكوو موسڵمانان، مافی خۆمان لە رۆژهەڵاتی قودسدا هەیە و دەستبەرداری نابین و یەك هەنگاو ناچینە دواوە.“
رۆژێك بەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییە، ئەردۆغان بەهەمان شێوە هێرشی كردە سەر ناتانیاهو و بە هیتلەری سەردەم ناوی برد.
ناتانیاهو چی گوتبوو؟
ناتانیاهو، لە ١٥ی ئەیلوول لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، بەشداری لە چالاكییەكدا كرد و باسی لە یادگارییەكی خۆی كرد لە ١٩٩٨ لەگەڵ مەسعوود یڵماز، سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا.
ناتانیاهو، باسی لەوە كرد لە ئیسرائیل پێشوازی لە مەسعوود یڵماز كردووە و داوای لێكردووە، لە ٢٧٠٠دا، ئەوكاتەی قودس لەژێر دەستی عوسمانییەكاندا بووە (نەخشی سیلۆم) دۆزراوەتەوە و داوای كردووە بیداتەوە بە ئیسرائیل، بەڵام یڵماز پێی گوتووە، ناتوانم ئەو كارە بكەم، ئەویش لێی پرسیوە بۆچی؟ لەوەڵامدا گوتویەتی: ”ئەوەی ئێستا سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵە (مەبەستی لە ئەردۆغانە)، بەشێكی زۆری موسڵمانەكانی لەگەڵدایە و تا دێتیش پشتگیری دەكەن، بۆیە ئەگەر ئەو كارە بكەم و ئەوە نەخشە رادەستی ئیسرائیل بكەمەوە، موسڵمانەكان نیگەران و توڕە دەبن“
ناتانیاهو، لە درێژەی قسەكانیدا، باسی لەوەش كرد كە ئەو (نەخشی سیلۆم)ەی لای توركیایە و عوسمانییەكان لە قودس دۆزیویانەتەوە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی قودس شارێكی جووەكان بووە.
ئیسرائیل، رۆژهەڵاتی قودسی لە ١٩٦٧ داگیر كردووە، ئەوكات سەر بە ئوردن بووە، لە ١٩٨٠ وەكوو پایتەختی وڵاتەكەی ناساندوویەتی.
پەرلەمانی ئیسرائیل و هەروەها بارەگای سەركۆمار و سەرۆك وەزیران و چەندین دەمەزراوەی تری سەر بە حكوومەت لەو بەشەی قودسن، بەڵام تاوەكوو ئێستا لەڕووی نێودەوڵەتییەوە قودس وەكوو پایتەختی ئیسرائیل نەناسێنراوە.
لە ٢٠١٨، لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپدا، بەشێوەیەكی فەرمی قودسی وەكوو پایتەختی ئیسرائیل ناساند، بەڵام كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و بەشێكی وڵاتانی ئەورووپا و ئیسلامییەكان نیگەران بوون و بڕیارەكەی ترەمپیان قبوڵ نەبوو.
توركیا، وەكوو وڵاتێكی ئیسلامی یەكەم وڵات بووە كە دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا ناوە، بەڵام تاوەكوو ئێستا دانی بەوەدا نەناوە قودس پایتەختی ئیسرائیل بێت، بۆیە باڵوێزخانەی وڵاتەكەی لە تەلەئەبیبدا كردەوە.
لە ١٩٩٣، لە ئۆسلۆ رێككەوتن لەسەر قودس كراوە و پێشنیار كراوە، پێویستە لەسەر قودس گفتوگۆ بكرێت و بگەنە ئاشتییەكی بەردەوام، تا ئەوكاتە هیچ لایەنێك قودس نەكاتە پایتەختی خۆی.
قودس لە سێ دینی ئاسمانیدا وەكوو شوێنێكی پیرۆز ناوی هاتووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لەڕووی نێودەوڵەتییەوە ئەو شارە گرنگی پێ بدرێت و كێشەیەكی بەردەوامیشە لە نێوان وڵاتانی ئیسلامی و ئیسرائیلدا، بەوەی هەردوو لایان وەكوو پایتەختی خۆیان دەیناسێنن، بەڵام لەڕووی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا نەنراوە بۆ هیچ لایەنێك.

