رۆژنامەی ھەولێر

ستراتیژی كاركردنی ئەلۆنسۆ، چەكێكی بەهێزە بۆ ریاڵ لە گۆڕەپانی جەنگی چامپیۆنس لیگ

یانەی ریاڵ مەدرید، وەكوو یانەیەكی هەرەبەهێزی جیهان و یەكێكە لەو یانانەی هاندەرێكی یەكجار زۆری لە جیهاندا هەیە، ئەمەش وای لێ دەكا، كە هەمیشە وەڵامی بۆ داخوازییەكانی هاندەران هەبێ، هەمیشەش چاودیرانی وەرزشیش چاویان لەسەر ئەو یانەیە، بۆیە هەر كاتێك ئاست و ئەنجامەكانی یانەكە بە جۆرێك لە جۆرەكان هەڵبەز و دابەز بە خۆیەوە ببینێ، سەرنج و چاوی مێدیاكانی دەچێتە سەر.

وەرزی ڕابردوو، ئاست و ئەنجامەكانی یانەی ریاڵ مەدرید، لە چاوەڕوانیی هاندەرانیدا نەبوو، بۆیە كارگێڕییەكەی دەستەوەستان نەبوون و هەرزوو كەوتنە خۆ، راهێنەریان گۆڕی و هێڵی بەرگرییشیان تۆكمە كرد و ئامادەكاریی باشیان بۆ وەرزی نوێ دەست پێكرد، لەگەڵ دەستپێكی خولی ئیسپانیاش، یانەكە بە هێز و تەوژمێكی زۆر، بە تامەزرۆوە یاری لە دوای یاری دەكات و سەركەوتن تۆمار دەكا، تا بگاتە ناسناوەكان و تاڵییەكانی وەرزی رابردوو، لە بیر هاندەرانی بباتەوە و بچێتەوە سەر ڕێرەوی سەركەوتن و بردنەوەی دەستكەوتەكان.
یانەی ریاڵ مەدرید، ئەمڕۆ سێشەممە، یەكەم یاریی خۆی لە چامپیۆنس لیگ بەرانبەر یانەی مارسیلیای فەرەنسی، لەسەر یاریگە بەناووبانگەكەی خۆی (سانتیاگۆ بێرنابیۆ) ئەنجام دەدات.
یانەی ریاڵ مەدرید، ئەم هاوینە پێكهاتەكەی نوێ كردەوە، بە دەستخستنی یاریزانی نوێ، كە تێچووەكەی لەسەر مێرەنگی 170 ملیۆن یۆرۆ بوو.
هەروەها ریاڵ مەدرید، گرێبەستی لەگەڵ یاریزانی پێشووتری خۆی (ئابی ئەلۆنسۆ) واژۆ كرد و شوێنی كارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەری ئیتاڵیی یانەكەی پێ گرتەوە، كە بووە راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل.
یانەی ریاڵ مەدرید، لە چارەكی كۆتایی وەرزی ڕابردووی چامپیۆنس لیگدا، بە كۆی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە (1-5) گۆڵ بە یانەی ئارسناڵ دۆڕا، بۆیە پێویست بوو لە رووی تەكتیكی و هونەرییەوە، هەنگاوی نوێ بگرێتە بەر.
لەگەڵ بوونی هێڵێكی بەهێزی هێرشبردن، ئەنچیلۆتیی راهێنەر، پێداگر و سوور بوو لەسەر پشتبەستن بە چوارینەی نایاب (كیلیان ئمباپێ، ڤینیسۆس جۆنیۆر، ڕۆدڕیگۆ و جود بێلینگهام). بەڵام هێڵی بەرگریی ریاڵ مەدرید، درز و كەلێنی تێ كەوت، دوای ئەوەی هەریەك لە یاریزانانی ئەو هێڵە (دانی كارڤاخال، میلیتاو و دەیڤید ئەلابا).
بۆیە ئەنچیلۆتی، ستراتیژیەتێكی گونجاوی بۆ پاراستنی ئاستی تیپەكە نەدۆزییەوە، سەرەڕای ئەوەی ئمباپێ لە لوتكەی ئاستیدا بینرا لە نیوەی دووەمی وەرزی ڕابردوو، بەڵام تاكئەستێرەی ئەو یاریزانە، بەس نەبوو بۆ ئەوەی فریای ریاڵ بكەوێ و پارێزگاری لە ناسناوی چامپیۆنس لیگ بكەن.
ریاڵ مەدرید لەو پاڵەوانیەتییەدا، 6 شكستی هاتە پێش، بەرانبەر یانەكانی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، لیلی فەرەنسی و ئەی سی میلانی ئیتاڵی. هەروەها وەزرەكەیان بەبێ بردنەوەی ناسناوی گەورە كۆتایی هات، لە كاتێكدا بەرشلۆنە سێ ناسناوی نێوخۆیی بردەوە.
ئمباپێ ئەم وەرزەی بە ئاستێكی باش دەست پێ كردووە و 4 گۆڵی لە 4 یاریدا تۆمار كردووە لە خولی ئیسپانیا، بەڵام هاندەرانی یانەی شایانە، سەرسامن بەو توانایەی ئەلۆنسۆ، كە تا ئێستە یەكڕیزییەكی باشی لەنێو یانەكە دروست كردووە و دەركی پێ دەكرێ.
یانەی ریاڵ مەدرید، لە دوو یاریدا گۆڵەكەی بە بێگەردی ڕاگرت، بە 10 یاریزانیشەوە بەسەر یانەی ریاڵ سۆسیداد لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سەركەوتنی تۆمار كرد، لەو یارییەی لە گەڕی چوارەمی لا لیگا رۆژی شەممەی ڕابردوو بەڕێوە چوو، كە دواجار 2-1 گۆڵ یارییەكەی بردەوە.
ئەلۆنسۆ، دوای یارییەكە رایگەیاند: دوای ئەوەی بە كاتێكی زۆر بە یاریزانێك كەمتر یاریمان كرد، بە قۆناغێكی باشدا تێپەڕین، قۆناغێك كە زانیمان چۆن هەوڵ و كۆششمان بخەینە گەڕ.
دڵخۆشیی خۆیشی بەو كارە پێكەوەیی و بەكۆمەڵەی یانەكەی دەربڕی، كە لە وەرزی ڕابردوو بە روونی و بەردەوامی، ئەوە دەركی پێ نەدەكرا.
راهێنەری یانەكە وتیشی: یاریزانانی زۆر كۆشان و هەواڵیان دا، هەموو توانایان لە پێناو یانەكە خستە گەڕ.
بەپێچەوانەی كارلۆ ئەنچیلۆتییەوە، ئەلۆنسۆ نەرمی پیشان داوە، چی لە شیوازی یاریكردن، یان بژاردەكانی.
هەروەها یاریزان ڤینیسیۆس جۆنیۆری لە یاریی یانەكەی بەرانبەر ریاڵ ئۆڤییدۆ دوور خستەوە و هەر بە زووییش لە یارییەكەی سۆسیداد گۆڕانكاریی پێ كرد، دوای ئەوەی گیرۆدەی هەندێ بەربەست بوو.
ئاماژەیەكیش هەیە، كە لە چەند هەفتەی داهاتوو، ئەلۆنسۆ چەند گۆڕنكارییەكی دیكەش دەكات.
ئەلۆنسۆ دەڵێ: پێویستمان بە هەمووانە، ئێمە لە ماوەیەكداین كە یاریی زۆرمان لەسەریەك هەیە، ئەوەی گرنگە، بەشداری بە هەمووان بكەین، بۆ ئەوەی بتوانین ڕكەبەری بكەین و خۆمان بسەلمێنین.
ئەو گوتانەی ئەلۆنسۆ لە كاتێكدایە، وەرزی ڕابردوو یانەی ریاڵ مەدرید لەو رووەوە هەژار بوو، ئاستی یانەكە لە هەڵبەز و دابەز و داشكان و سەركشاندا بوو لە نێوان ئاستی باش و لاواز، بە تایبەت لە دوا وەرز لەگەڵ ئەنچیلۆتی.
سەرەڕای ئەوەی كۆتاییەكی خراپ بوو لە وەرزی ڕابردوو، بەڵام هێشتا ئەركێكی گرنگ و گران لەبەردەم ئەلۆنسۆدایە بۆ ئەوەی یانەی خاوەن یاریگەی سانیتاگۆ بێرنابیۆ، ناخۆشی و بێدەستكەوتییەكانی وەرزی ڕابردوو لەبیر بكات.
ئەنچیلۆتی پێشتر لەگەڵ شایانە، سەركەوتوو بووبوو لەوەی سێ ناسناوی چامپیۆنس لیگی بۆ بردبووەوە، ژمارەكەی لەگەڵ زیدان یەكسان كردەوە كە سێ ناسناوی لەگەڵ یانەكە بردبووەوە و بە گشتی لە 12 وەرزدا 6 جار ئەو پاڵەوانیەتییە بۆ ریاڵ مەدرید بووە.

 

 

 

 

هەروەها ئەنچیلۆتی، هەڵگری ناسناوی گەورەی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپایە و وەكوو راهێنەر 5 جار ناسناوی چامپیۆنس لیگی بردووەتەوە.
چابی ئەلۆنسۆ، لە چامپیۆنس لیگی وەرزی 2024 لەگەڵ یانەی بایەر لیڤەركوزن توانی پلەی دووەم بەدەست بهێنێ، هەرچەندە لە سەرەتای كاروانی راهێنەرایەتیدا بوو.
چابی ئەلۆنسۆ وەكوو یاریزان، لەگەڵ هەردوو یانەی ریاڵ مەدرید و لیڤەرپوول، ناسناوی چامپیۆنس لیگی بردووەتەوە و ئێستە دەیەوێ وەكوو راهێنەریش ناسناوەكە بباتەوە.
ئەم وەرزە، یانەی ریاڵ مەدرید لە رووی بەرگرییشەوە خەریكە بەهێزتر دەبێ، لە كاتێكدا وەرزی رابردوو زۆر لەو هێڵە كێشەی هەبوو، ئێستەش هەریەك لە یاریزانان دین هۆیسین و ترێنت ئەلێكسەندەر ئەرنۆڵد و ئەلڤارۆ كاریراسی بردووەتە ریزەكانی. جگە لە یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی هێرشبەر (فرانكۆ ماستانتۆنۆ).
هەروەها یاریزانی بێلینگهام لە سەرەتای وەرزەوە دابڕا، دوای ئەوەی نەشتەرگەریی لە شانیدا بۆ كرا، دوای گەڕانەوەی لە چەند هەفتەی كەمی داهاتوودا، بژاردەكانی بەردەم ئەلۆنسۆ زیاتر دەبن.
لەگەڵ ئاستهەڵكشانی ئمباپێ و باشیی ئاست و ئەنجامەكانی یانەكە لە سەرەتاوە، هاندەرانی یانەی ریاڵ مەدرید، هەستی بە دڵخۆشی و گەشبینی دەكەن، بەوەی دەتوانن بەرانبەر باشترین یانەكانی جیهان و كیشوەرەكە یاری بكەن و سەركەوتن بە دەست بهێنن.