د. بۆتان مەجید ئاسنگەر
وەک ئەندامانی خانەوادەی ئاسنگەر، دڵخۆشین بە دەرفەتی پێشکەشکردنی بەرهەمێک کە پڕە لە یادگاری و بیرەوەرییەکانی مامۆستا مەجید ئاسنگەر. باوەڕمان وایە ئێوەش وەکو ئێمە، ڕێز لە خەبات و ڕەنجی ئەو کەسانە دەگرن کە ژیانیان بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان تەرخان کردووە.
ڕاستییەکەی، ڕێگای تەواوکردنی ئەم کارە ئاسان نەبوو. دەشزانم پرسیار دەکەن، بۆچی ئەوەندەمان پێویست بوو؟ بۆیە دەمەوێت بە کورتی باسی هەندێک لە سەختییەکانی بکەم. مامۆستا مەجید خۆی، لە ژیانیدا زۆری ئارەزووی کۆکردنەوەی بەرهەمەکانی نەبوو، تەنانەت نووسینەوەی بیرەوەرییەکانیشی بە پێویست نەدەزانی. هەمیشە دەیگوت: “من ئەرکی سەرشانم جێبەجێ کردووە، پێویست ناکات منەت بکەم.” مرۆڤێکی سادە و بێفیز بوو، سەرەڕای ئەوەی کەسایەتییەکی گەورە بوو.
دوای کۆچی دوایی مامۆستا ئاسنگەر لە ساڵی ٢٠١٢، ئێمە وەک خانەوادەکەی، زۆر بیرمان کردەوە کە چۆن دەتوانین ئەم میراتە بە زیندوویی بهێڵینەوە. بەداخەوە، سەرقاڵییەکانی ژیان و بارودۆخی ئاڵۆزی کوردستان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠٢٠، بووە هۆی دواکەوتنی ئەم پڕۆژەیە.
بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی کەرەنتینی کۆرۆنا لە سەرەتای ٢٠٢٠، دەرگایەکی نوێ کرایەوە. دەرفەتمان قۆستەوە و دەستمان کرد بەو کارە. ئێستا، ئێمە دەتوانین بەرهەمی ٨٠ ساڵ تەمەن و ٥ ساڵ ڕەنجی خۆمان، پێشکەش بە ئێوەی بەڕێز بکەین.
ئاواتەخوازین ئەم بەرهەمە، ببێتە سەرچاوەیەکی گەورە بۆ کتێبخانەی ئەدەبی و هزری کوردی، و ببێتە ڕێگایەک بۆ ئەوەی نەوەکانمان ڕابردووی خۆیان باشتر بناسن. داواکارین لە هەموو خوێنەران، بەتایبەتی نەوەی نوێ، ئەم بەرهەمە بکەنە پردێک بۆ بەستنەوەی ڕابردوو بە ئێستای خۆیانەوە. دەبێت بزانین، هەرچی ئێستا هەیە، بەرهەمی ڕەنج و خوێنی باوباپیرانمانە.
ئەگەر مامۆستا مەجید تەنیا باوکی ئێمە بووبێت، ئێستا ئەو موڵکی هەموو نەتەوەکەیە. لێرەوە بەڵێن دەدەین، چیتر بۆ کۆچی ئەو ناگریین، بەڵام دڵمان بۆ ئەو کەسانە دەگریێت کە ژیانی خۆیان بەخشی، بەڵام ئێمە وەک پێویست ڕێزیان لێناگرین. پێویستە دامەزراوەی تایبەتمان هەبن بۆ لێکۆڵینەوە لە بیروبۆچوونەکانیان.
مامۆستا ئاسنگەر نووسەرێکی فرەڕەهەند بوو. ژیانی پڕ بوو لە هەوراز و نشێو، ئەمەش ڕەنگی دابووە هەموو نووسینەکانی. ئەو تەنیا مامۆستا نەبوو، بەڵکوو پەروەردەکار و نیشتمانپەروەرێکی دڵسۆز بوو. کاری سیاسی کرد، زیندانی کرا، دوورخرایەوە، پێشمەرگە بوو. هەر بۆیە جگە لە شاعیر، چیرۆکنووس و شانۆنووسیش بوو. زمانزانێکی بەتوانا و وتارنووسێکی لێهاتوو بوو.
لێرەوە داوا دەکەم لە هەموو نووسەران و توێژەران، بایەخ بە نووسینەکانی بدەن و لێکۆڵینەوەی نوێیان لەسەر ئەنجام بدەن. ئێستا دەرفەتێکی گەورە بۆ هەموو لایەک ڕەخساوە.
گرنگە یادی ئەو کەسانە بە زیندوویی بهێڵینەوە و بیکەینە هاندانێک بۆ نەوەی نوێ، تا بە ئومێدەوە هەنگاو بنێن و باوەش بۆ داهاتوو بکەنەوە.
من و خانەوادەکەم لە ماوەی کۆکردنەوەی ئەم بەرهەمەدا، هەستمان دەکرد مامۆستا ئاسنگەر هەمیشە لەگەڵمانە. گوێمان لە دەنگی بوو، وەک ئەوەی چیرۆکمان بۆ بگێڕێتەوە. ئەوەتا ئێستا ئێمە کۆتایی بەم کارە دێنین، بەڵام دڵنیاین هزر و خەونەکانی ئەو، هەمیشە لەگەڵمان دەمێننەوە. هیوادارین وەک خانەوادەی ئاسنگەر، توانیمان ئەرکی خۆمان بەرامبەر نیشتمان و نووسینەکانی بەجێ بهێنین.
لە کۆتاییدا، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بە هەر شێوەیەک هاوکارمان بوون لە تەواوکردنی ئەم کارەدا. دەستخۆشی بۆ هەموو لایەک. هیوادارین هەردەم سەرفراز بن.

