رۆژنامەی ھەولێر

دووەهەمین خولی جەژنەفیلمە کوردیەکەی ڤانکۆڤەر بەڕێوە دەچێت

محە‌ممە‌د لادێ – هه‌‌ولێر

مانگی دابێ دووهەمین خولی جەژنەفیلمە کوردیەکەی ڤانکۆڤەر لە کەنەدا، بەڕێوە دەچێت، تێیدا چەندین فیلمی کوردی پێشان دەدرێن.

بڕیارە مانگی دابێ دووەمین خولی جەژنەفیلمە کوردیەکەی ڤانکۆڤەر بەڕێوە بچێت و سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکە لە پەڕی فەرمی خۆیان، یەکەمین ترەیلەر و پۆستەری فەرمی فیستیڤاڵەکەیان بڵاو کردووەتەوە، کە ئامادەن بۆ دەستپێکی دووەم خولی فێستیڤاڵەکە.
تەوەری ئەمساڵی فیستیڤاڵەکە (زمانی دیک)ـە و تیشک دەخاتە سەر گێڕانەوەی ژنان لە فلیمسازیدا و توانای زمان و شوناس لە سینەمای کوردیدا بەرز دەنرخێنێت.
فیستیڤاڵەکە لە ڕۆژانی رۆژانی ١٧ تاوەکو ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ بەڕێوە دەچیت و ئەمساڵ پێشوازییەکی زۆر باشی لێ کراوە؛ دووسەد فیلمی کوردی نێردراون و لەوانیش بیستودوو فیلمیان لێ هەڵبژێردراون کە نوێنەرایەتیی فیلم و سینەمای کوردی دەکەن و، پێشبڕکێ دەکەن بۆ بردنەوەی خەڵاتەکان، کە بریتین لە: خەڵاتی باشترین فیلمی درێژ، باشترین کورتەفیلم، خەڵاتی لیژنەی دادوەران و خەڵاتی بینەران. لیژنەی دادوەریش لە ژمارەیەک سینەماکاری بەئەزموونی کەنەدی و کورد پێک دێت.
جەژنەفیلمە کوردیەکەی ڤانکۆڤەر، لەلایەن رزگار حەمە هونەرمەند و شانۆکاری دیاری کورد سەرپەرشتی دەکرێت، هاوتای چەند هونەرمەندێکی دیکەی کورد، لەوانە: ساڵح عارف، نیوار ئەمین، سامان مستەفا، هۆشیار حسێن، کۆچەر ئەبوبەکر و رێکان سەیدا. ئامانجی فێستیڤاڵەکەش دروستکردنی پردێکە بۆ ناساندنی سینەما، کولتوور و چیرۆکە مرۆییەکانی کورد بە بینەرانی بیانی و کەنەدی لە ڤانکۆڤەر.
هێشتا زانیارییەکی لەوە زیاتر دەربارەی فێستیڤاڵەکە بڵاو نەکراونەتەوە بەڵام، لە داهاتوویەکی نزیکدا، ناوی فیلمە بەشداربووەکان رادەگەیێندرێن و ناوی ئەندامانی لیژنەی داوەریش ئاشکرا دەکرێت.