رۆژنامەی ھەولێر

شۆڕشی ئه‌یلوول.. ده‌ستپێكی قۆناغێكی نوێ بۆ پرسی ئافره‌ت

زیــــــبا تـەهـــــــــــا
شۆڕشی ئەیلوول کە لە ساڵی ١٩٦١دا دەستی پێکرد، یەکێکه‌ لە گرنگترین ڕووداوە مێژووییەکانی نەتەوەی کورد. شۆڕشی ئەیلوول بریتی بوو لە خەباتێکی درێژخایەن كه‌ تیایدا گەلی کورد به‌ره‌نگاری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بۆوه‌ كه‌ ده‌یوویست شوناسی كوردبوون بسڕێته‌وه‌. ئەم شۆڕشە بە ڕابەرایەتی بارزانی نه‌مر و پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێکخرا و ئامانجی سەرەکی دەستکەوتنی مافی نەتەوەیی و سیاسی کورد بوو.
لەم شۆڕشە مەزنەدا، سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌شداربوون، له‌ناویاندا ڕۆڵی ئافرەت تەنها بەشداریکردن نەبوو، بەڵکو بەشێکی گرنگ و نابڕاوە بوو لە هەموو ڕەهەندەکانی شۆڕشەکەدا. ئافره‌تان ڕۆڵێکی بەرچاو و سه‌ره‌كییان لە دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگەدا هەبوو. ماڵەکانیان بووە پەناگای پێشمەرگە و برینداران، هەروەها ناوەندی کۆکردنەوە و دابەشکردنی هاوکاری و یارمەتیدان بوو.
شۆڕشی ئەیلوول یەکێکه‌ لەو گۆڕانکارییە گەورەیەی کە کاریگەرییەکی بەرفراوانی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان لە باشووری کوردستاندا هەبوو، بە تایبەتیش لەسەر ئافره‌تان. ئەم شۆڕشە تەنها نه‌بووه‌ هۆی دامەزراندنی حکومەتێکی خۆجێیی و پاراستنی مافی نەتەوەیی کورد، بەڵکو بووە هۆیەک بۆ ئەوەی ئافره‌تان بچنە ناو کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەستیان بگات بە مافەکانی خۆیان. لەم چوارچێوەیەدا، پرسی ئافره‌ت پاڵپشتیكراو و دواتر لە ناو کۆمەڵگه‌ و دامودەزگا حکومیەکاندا چه‌سپا.
پێش شۆڕشی ئەیلوول، ئافره‌تان لە کوردستان بە شێوەیەکی گشتی له‌مافه‌كانیان بێبه‌شبوون. ئافره‌ت لە چوارچێوەی کۆمەڵگه‌یەکی پیاوسالاردا ده‌ژیان و كه‌متر دەستیان بە خوێندن و کارکردن ده‌گه‌یشت، و لە بڕیاردانی سیاسیدا به‌شدارنه‌بوون. بەڵام له‌قۆناغی دوای شۆڕش، بە هۆی دامەزراندنی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان و بە تایبەتی به‌ پاڵپشتی و پشتگیریی زۆره‌وه‌ له‌لایه‌ن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، ئافره‌تان دەستیان بە چالاكی سیاسی و کۆمەڵایەتی کرد. ئەمە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاوکار بوو بۆ په‌ره‌پێدانی هزری یه‌كسانی. ڕێگه‌ به‌ ئافره‌تان درا كه‌ ده‌نگی خۆیان بگه‌یه‌نن و ڕۆڵی سه‌ره‌كیان له‌دامه‌زراوه‌كاندا هه‌بێت، ئه‌م هزره‌ش سه‌ره‌تاكه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شۆڕشی ئه‌یلوول چونكه‌ پێش شۆڕشی ئەیلوول، ئافره‌تان زۆرجار سنوردار بوون لە ماڵ و خانەوادە، و بەشداری تایبەتییان لە بوارە کۆمەڵایەتی و سیاسییه‌كان زۆر کەم بوو. بە بەشداریکردنیان لە شۆڕش، ئافره‌تان توانا و لێهاتوویان به‌رز كرده‌وه‌ و ئه‌و كۆته‌یان شكاند كه‌ به‌هۆی بیركردنه‌وه‌ی كه‌لتوور و سه‌پاندنی هه‌ندێك هزری نه‌ریتی به‌سه‌ریاندا چه‌سپابوو. ئه‌م به‌شداریكردنه‌ له‌ شۆڕش هه‌لێك بوو بۆ ئافره‌تان کە بتوانن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به‌شداری لە سیاسه‌ت، كاری كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی و گۆڕانكارییه‌كان بكه‌ن، و ئه‌م هه‌نگاوه‌یان ببێته‌ میكانیزمیك بۆ باوه‌ڕبه‌خۆبوونێكی زیاتر، پاشان ئه‌م هزره‌ په‌ره‌یسه‌ند و ئافره‌تان خۆیان له‌ناو پێگه‌یه‌كی نوێدا بینیه‌وه‌.
شۆرشی ئه‌یلوول، هزری فێمینیستی لە شۆڕشەوە بۆ بیرکردنەوە گۆڕی. ئەم بەشدارییە تەنها کاریگەری لەسەر شۆڕشەکە نه‌بوو، بەڵکو بووە هۆی ئەوەی کە ئافره‌تان دەست بە بیرکردنەوە بكه‌ن كه‌ چۆن بتوانن مافەکانی خۆیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن. ئافره‌تان دەستیان بە نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانیان کرد، دەستیان به‌ بنیادنانی هێزی نه‌رمی ئافره‌تان كرد و دواتر ئەمە بووه‌ دەستپێک بۆ گەشەکردنی هزری یه‌كسانی لە کوردستان.
دوای شۆڕشی ئەیلوول و تا ساڵی ١٩٩١، ئەو بنچینە فێمینیستیه‌ یارمەتی ئافره‌تانیدا بەرەوپێش بچن بۆ دامەزراندنی رێكخراوەكانی تایبه‌ت به‌ مافی ئافره‌تان و بەشداری لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، خوێندن و هونەر و ته‌واوی بواره‌كانی دیكه‌. بەهۆی ئەو هەستی خۆباوەڕیەی کە لە شۆڕش دروست بوو، ئافره‌تان توانای هەبوونیان بۆ گەشەی مافی ئافره‌تانیان زیادبوو و هه‌ستی نیشمانپه‌روه‌رییان په‌ره‌یسه‌ند، چونكه‌ پێیانوابوو ده‌بێت وه‌ك ره‌گه‌زی پیاو له‌ته‌واوی جوڵانه‌وه‌ و شۆڕشه‌كاندا بوونیان هه‌بێت و ته‌واوكه‌ری ئه‌و بۆشاییه‌ بن له‌ناو خێزانه‌كانیدا كه‌ به‌هۆی نه‌بوونی پیاوه‌وه‌ دروست بووه‌.
ئەمڕۆ، کە دەستەیەکی بەرچاو لە ئافره‌تانی کوردستان لە پۆستی سیاسی، یاسایی، زانستی و کۆمەڵایەتی کار دەکەن، دەبێت ئەمە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە شۆڕشی ئەیلولەوە پەیوەست بکەین. ئافره‌تان کە لەو کاتەدا چەکیان هەڵگرت، ئەمڕۆ دەستیان بە قەڵەم هەڵگرتووە، كۆشش ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی بە مافەکانیان و، و دەستیان بە دروستکردنی کۆمەڵگه‌یەکی نوێ کردووە.
كه‌واته‌ ده‌توانین ئه‌و ڕاستیه‌ ئاماژه‌ پێ بكه‌ین كه‌ شۆڕشی ئەیلوول تەنها شۆڕشێکی چەکداری نه‌بوو، به‌ڵكو شۆڕشێکیش بوو بۆ گۆڕینی ڕۆڵی ئافره‌ت لە کۆمەڵگه‌. هزری فێمینیستی لەم شۆڕشەدا بە شێوەیەکی چالاک دەربڕا و بووە هۆیەک بۆ ئەوەی ئافره‌تان ببن بە بەشێکی گرنگ لە بەرهەمهێنان و بڕیاردانی سیاسی، و ئه‌و هزره‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئافره‌تان ده‌گه‌نه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ گه‌یشتووه‌ به‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموکرات و یەکسان.