رۆژنامەی ھەولێر

رزگار خۆشناو بە گۆرانی و مۆسیقای کوردی گڕی لە هۆڵەکە بەردا و هەموان بە چەپڵەڕێزانەوە هەڵسانە سەر پێ و رێزی خۆیان دەربڕی

زاگرۆس ئەحمەد کەمال

 

لە شاری گراتس دووەمین گەورە شاری وڵاتی نەمسا دوای ڤیەننای پایتەخت لە میانی فێستیڤاڵی ئارسنۆرێ بۆ موزیکی کلاسیکی کە لە ٣/٩ تا ٧/٩ـی ئەم مانگە لە نەمسا بەردەوام بوو.

هونەرمەندی گەورەی کورد مامۆستا رزگار خۆشناو هاوڕێ لەگەڵ چەندین ژەنیاری جیهانی بەشدارییان کرد و لەگەڵ کچە ژەنیارێکی تورک ژمارەیەک پارچەمۆسیقایان لە ئامادە و دابەشکردنی هەردووکیان پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

ئامانجی ئەم فیستڤاڵە وەک مامۆستا رزگار خۆشناو راگەیاند: لەبارەی ئەو وڵاتانە بوو کە لە جیهاندا لە ململانێ و شەڕی بەردەوامدان و هەڵبژاردنی دوو هونەرمەندی کورد و تورکیش بۆ پتر نزیکبوونەوەی رۆشنبیر و کەلتوری هەردوو گەلە بۆ ئەوەی دوور لە ململانێ و شەڕ زمانی گفتوگۆ و لێکگەیشتن لەنێوان هەردوو لا زیاتر بێ کە مۆسیقای نێوان گەلان باشترین باڵیۆزە لەم بارەوە.
مامۆستا رزگار خۆشناو ئەوەشی طوت: رۆژی سێیەمی فیستڤاڵەکە کە هاوشان لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەندی جیهانی چەند پارچەمۆسیقایەکمان پێشکەش کرد ژنە هونەرمەندێکی سینەمایی نەمسایی و جیهانی بابەتێکی فەلسەفی ئاوێتەی مۆسیقا بۆ ئامادەبووان خستە روو. لە وەڵامی پرسیارێکمان لەبارەی جیاوازی ئەم فیستیڤاڵە لەگەڵ بەشداریەکانی ئەو گەورە هونەرمەندە لە ماوەی پتر لە چل ساڵەی ژیانی لە نەمسا رزگار خۆشناو گوتی: ئەوەی سەرنجی منی راکێشا رۆژی ٧/٩ لە میانی ئاهەنگی گروپەکەمان سکوردیا کە هاوکات بوو لەگەڵ سیهەم ساڵەی دامەزراندنی بوونی دوو گەورە ژەنیاری بە ناوبانگی نەمسایی بوو لەنێوا گروپەکەمان کە تائێستا کار و بەرهەمەکانی لە زۆربەی وڵاتانی دنیا بە هەولێری پایتەختی کوردستانیشەوە پێشکەشی بینەری ئەو وڵاتانە کراوە.
شایانی باسە ئاهەنگەکە لە هۆڵی کۆشکی ئۆپێڕا لەشاری گراتس بەئامادەبوونی هەزار و دوو سەد بینەر پێشکەشکرا وهەردوو ژەنیارەکەش وەک میوان لەگەڵ سکوردیا بەشداربوون ئەوانیش ماریۆ بێرلن گیتار ژەنی بەناوبانگی نەمسایی وتۆماس گانش باشترین ترامپێت ژەنی نەمسا بوو وەک مامۆستا رزگار خۆشناو گوتی: بەشدارییان جێی بایەخی ئامادەبووان بوو.
هەروەها کەناڵی دووی تەلەفزیۆنی نەمساش ئاهەنگەکەی بڵاو کردەوە و رۆژنامەکانیش بایەخیان بەو کارە هونەریانە دا.

بەراستی ئەو خەڵکەی هاتبوون سەرسام بوون و زۆر چێژیان لەو گۆرانی و مۆسیقا کوردییە بینی کە لە ئامادە و دابەشکردنی بەندە بوو و بۆمنیش جێی شانازیە سیی ساڵە گروپی مۆسیقای سکوردیا لەگەڵ پیانۆژەنێکی بەناوبانگی نەمسایی سەرۆکایەتی دەکەین و هەمیشە بینەری بیانیی پێشوازی گەرمیان لەو مۆسیقا کوردیانەش هەبوە کە هاوشان لەگەڵ ئەو هونەرمەندە بەناوبانگ و جیهانیانە پێشکەشمان کردووە.
رزگار بە یه‌كێك‌ له‌و هونه‌رمه‌نده‌ ناودارانەی کوردستان دێتە ژماردن ئەوانەی هه‌موو ژیانی خۆیان بۆ سه‌رخستن و ناساندنی مۆسیقای كوردی تەرخان کردووە؛ ‌ساڵی 1952 له‌ شەقڵاوە لەدایک بووە برای مامۆستای هونەرمەندی دیاری کورد رەنجبەر خۆشناوە.
لە سەرەتای شەستەکانەوە لەگەڵ رەنجبەری برای ئاوێتەی هونەر و دنیای مۆسیقا بوونە و دەرچووی پەیمانگەی توێژنەوەی مۆسیقایە لە بەغدا؛ بە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ئێراق _ ئێرانەوە، ساڵی‌ 12/6/1981 كوردستانی بەرەو نەمسا جێ هێشتووە و له شاری گراتس دووه‌مین گه‌وره‌ شاری وڵاتی نه‌مسا گیرساوەتەوە. لە کوردستان و دەرەوەش خاوەن میتۆد و ژەنینی تایبەتی خۆی بووە و تائێستا چەندین ئاواز و شیعری گۆرانی بۆ زۆر لە گۆرانیبێژە ناودارەکانی کورد لە ناوەوە و دەرەوە داناوە و تا ئێستاش لەکارە هونەریەکانی بەردەوامە.