میدیا سڵاح عوسمان
هەر پارچە خاکێک لەسەر ئەم زەمینە تایبەتمەندی و سەروەریی خۆی هەیە و هەڵەبجەش شارێکە لە شارە دێرینەکانی عێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، کە نزیکەی (١٥) کم لە دەریاچەی سیروان دوورە و (٧٦) کم لە پارێزگای سلێمانی. ئەم سنوورە، سنوورێکی بەرفراوانی بەخۆوە گرتووە و ناوچەیەکی (ڕووناکبیری، گەشتیاری، کشتوکاڵییە).
مێژووی هەڵەبجە پێش ساڵی (١٩٨٨) شارێکی پڕ لە وێژەی کوردی و چەندین نووسەر و ئەکادیمی و ڕۆشنبیری تێدا بوو، لەوانە: (عەبدوڵڵا گۆران، مەولەوی، ئەحمەد موختار جاف، تاهیربەگی جاف، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، حیلمی عەلی شەریف، عوسمانی هەورامی، عادیلە خانم، بابا ڕەسولی عەبابەیلێ، شێخ مستەفای موفتی، ساڵح هەژار، ع.ع. شەونم، ئەژی گۆران، هتد…). هەڵەبجە پاش ساڵانێک لە دواخستنی پڕۆژە یاسای بەپارێزگا بوونی لە ١٣ی ئازاری ٢٠١٤ بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیی عێراقەوە بووە پارێزگا، بەڵام تەنها بڕیارێک بوو هیچی لە بارودۆخی پارێزگای هەڵەبجە نەگۆڕی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە. هەڵبەت ڕۆڵ و پشتیوانیی کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە بەردەوام بوو، تا لە ڕێکەوتی ١٤/٤/٢٠٢٥ دواجار بە هەوڵی کورد توانرا بڕیاری بەپارێزگا بوونی بۆ دەربچێت. ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە لە دوای چەندین ساڵ ئەمڕۆ دەزگای ڕوانگە خەونی ڕۆشنبیران و نووسەرانی هەڵەبجەی بەدی هێنا بە دروستکردنی هۆڵێک و ناوەندێکی ڕۆشنبیریی مۆدێرن بۆ ئەم پارێزگایە، بۆ ئەنجامدانی کۆڕ و سیمینار و چالاکیی هونەری، کە سیمایەکی سەردەمیانەی هەیە و شایستەی توانا و چالاکییەکانی هەمووانە. ڕوانگە ئەو خەونەی گەڕاندەوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئەوەی ئەدەبدۆستان و ڕۆشنبیرانی هەڵەبجە جارێکی تر لەو ڕوانگەیەوە هەڵەبجە زیندوو بکەنەوە و دڵنیام ئەم خزمەتە بۆ هەڵەبجە دەبێتە خاڵی دەستپێک بۆ ئاوەدانی و خزمەتی زیاتر بۆ دانیشتوانی هەڵەبجە و بەتایبەتی گەنجانی ئەو شارە، دەبێت ئاراستەی بیرکردنەوە و ڕاکانیان بگۆڕن و هەوڵی زیندووکردنەوەی ئەو شارە بدەن تاکو بتوانن هەڵەبجە بەرەو سیمایەکی جوان بەرن، چ لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە، چ لە ڕووی گەشتوگوزار، چ لە ڕووی کشتوکاڵییەوە. هەڵەبجە پێویستی بە هەر کەس و لایەنێکە کە توانای ئاوەدانی هەبێت، هاوکاریی هەڵەبجە بێت و خزمەت بەم شارە خۆشەویستە بکات و دڵنیاین دەزگای ڕوانگە زۆر لەوە زیاتر دەتوانێت خزمەتی گەنجانی ئەم پارێزگایە بکات. با هەڵەبجە چیتر هەڵەبجەی ڕابردوو نەبێت و تا (١٦/٣/٢٠٢٦) چەندین پڕۆژەی دیکە لە هەڵەبجە و دەوروبەری بکرێتەوە بە شێوازێک کە بووژانەوەی ئاوەدانی وژێرخانی ئابوری پێ بەهێز بکرێت بەو ناوچەیەوە دیار بێت.

