رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ ٦٤ ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

٦٤ ساڵ لەمەوبەر، دوای گفتوگۆ و جەنگێکی چەند ساڵەی سیاسی بێ ئەنجام لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی عێراق، بارزانیی نەمر ناچار بوو پەنا بۆ خەباتی چەکداری ببات و شۆڕشێکی سەرتاسەریی سیاسی، دبلۆماسی، چەکداری و ڕۆشنبیری لە دژی حکوومەتی عێراق بەرپا بکات و ناویشی لێ بنێت شۆڕشی ئەیلوول، کە لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ١١- ٩-١٩٦١ ھەڵگیرسا. ھەر بەو بۆنەیەوە ئەمڕۆ لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان چەندین چالاکی جۆراوجۆر ڕێکدەخرێن.

دەستپێکردنی شۆڕش

دوای ئەوەی عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی ١٩٥٨ کودەتای سەربازی لە عێراق کرد و ڕژێمی حوکمڕانیی پاشایەتی لە عێراق بۆ ڕژێمی کۆماری گۆڕی، بەڵێنی پێدانی مافەکانی بە گەلی کوردستاندا و داوای لە بارزانیی نەمر کرد لە یەکێتی سۆفیەت بگەڕێتەوە، بەڵام دوای سێ ساڵ، عەبدولکەریم قاسم و ڕژێمەکەی لە پێدانی مافەکان بە گەلی کوردستان پەشیمان بوونەوە، بەھۆی پەشیمانبوونەوەی ڕژێم لە بەڵێنەکانی، بارزانیی نەمر لە ١١ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١ دەستپێکردنی شۆڕشی لە دژی ڕژێمی عێراق ڕاگەیاند، شۆڕشێک کە بڕوابەخۆبوون و ئیرادەی لە ناخی ھەموو تاکێکی کوردستانی دروست کرد، شۆڕشی مەزنی ئەیلوول وەچەرخانێکی گەورە بوو لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا، ھەروەھا دەستپێکێکی مێژووی نوێ بوو بۆ ڕەتکردنەوەی زوڵم و ستەم و ژێردەستەیی کە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دەیانکرد بەرامبەر بە ھەموو چینوتوێژەکانی کۆمەڵگە بەبێ جیاوازی، لە مێژووی کورددا چەندین شۆڕش و ڕاپەرین کراون، بەڵام بەھۆی ئەوەی خاوەنی ستراتیژییەکی گشتی و ئایدۆلوژیایەکی گشتگیر نەبوون و ھەریەکەیان بۆ خواستی ناوچەیەک، یان دەڤەرێک بوون، بە ئاسانی لە لایەن دوژمنان و ڕکابەرانیانەوە لەنێو بردراون و کونتڕۆڵکراون، شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، بە میکانیزم و ستراتیژییەکی دەوڵەمەند بە گیانی کوردایەتی، گشت چینوتوێژەکانی لەژێر یەک چەتردا کۆکردەوە دوای ئەوەی بێ ئومێد بوو لەوەی کە حکوومەتی ناوەند ددان بە مافەکانی کورددا بنێت، بۆیە زەنگی ڕووبەڕووبونەوەی لێ درا و لە ھەموو دەڤەرێک سەرکەوتن لە دوای سەرکەوتن بەدەست دەھات، لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی ڕابەری شۆڕش دەڤەری بالەکایەتی کرایە پایتەختی ئەو شۆڕشە، ئەو دەڤەرە بۆتە یادەوەری و شوێنەواری شۆڕشی ئەیلوول و تائێستاش بارەگاکانی ئەوسای بارزانی و مەکتەبی سیاسی و نەخۆشخانەی شۆڕش و چەندین شوێنەواری دیکەی شۆڕش ماونەتەوە.

شۆڕش ئامانجەکەی بەدەستھێنا
گرنگترین دەستکەوتی شۆڕش بەیاننامەی ١١ـی ئادار بوو، یەکەمجار بوو بەغدا دان بە مافەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا بنێت، بۆیە بەیاننامەکە خاڵی زۆر باشی تێدا بوو، تا ڕادەیەک مافە سیاسی و کولتووری و کارگێڕی و سەربازییەکانی کوردی چەسپاند شۆڕشەکە داوای مافە نەتەوەییەکانی کورد و سەلماندنی ئەو مافانەی لە دەستووردا دەکرد، جگە لە داواکردنی مافە نەتەوەیی و سیاسی و ئازادییەکانی کورد، داواشی دەکرد، سیستمی سیاسی لە عێراق بکرێتە سیستمێکی دیموکراتی و ھەموو گەلانی عێراق بەشدار بن لە حوکمڕانی وڵاتدا، پێش ھەڵگیرسانی شۆڕش، کورد دەچەوسێنرایەوە و ھیچ جۆرە مافێکی نەتەوەیی نەبوو، مافی خوێندن بە زمانی کوردی نەبوو، نەیدەتوانی شانازی بە ناسنامەی خۆیەوە بکات، عێراق پاشگەزبووەوە لە بڕواھێنان بەو مافانەی لەدوای دامەزراندنی سیستمی کۆماری دانی پێدانابوو، تا دەگاتە ساڵی ١٩٧٠ و لە ١١ ئاداری ئەو ساڵ، ڕێککەوتنی نێوان کورد و بەغدای لێکەوتەوە، ئێستاش سەرۆک بازرانی درێژەپێدەری بەدیھێنانی ئەو ئامانجانەیە کە بارزانیی نەمر خەباتی بۆ دەکرد، ھەموو تواناکانی بۆ بەئەنجام گەیشتنی ئەزموونی کوردستان و برەوی دیموکراسی و پاراستنی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکان و زامنکردنی مافەکانیانە، تا ئەو ڕۆژەی کوردستان دەگاتە کەناری سەربەخۆیی. زکری ھاشم، شارەزا لەبواری مێژوو، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی شۆڕشی ئەیلوولە، بەدرێژایی شۆڕش پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و جەماوەری کوردستان بەگژ زوڵم و ستەمی حکوومەتی ئەوکاتی عێراقدا چوونەوە بە ھەموو پێکھات و بۆچوونە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان بەشداریان لە شۆڕش کرد و سەرەنجام حکوومەتی ئەو کاتی عێراقی ناچارکرد ڕێککەوتنی ١١ی ئادار ئیمزا بکات و دان بە بەشێکی زۆری مافەکانی گەلی کورددا بنێت، ئامانجی ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولیش ڕزگارکردنی نیشتمان و سەربەخۆیی کوردستان بوو.
ئەو شارەزایەی بواری مێژوو، دەشڵێ: شۆڕ‌ش توانی لەڕووی سیاسی و ھزر و کۆمەڵایەتییەوە مرۆڤێکی وا پەروەردە بکات کە ڕاپەڕێت و داوای مافی خۆی بکات، کۆمەڵگەیەکیشی دروست کرد کە داوای ماف و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری و دیموکراسی بکات، شۆڕشی ئەیلوول ئەو لایەنانەی شکاند، ئەمە یەکەم شۆڕشە کە ئامانجێکی بۆ خۆی دیاری کرد، ئامانجەکەشی بەدەستھێنا کە ئۆتۆنۆمی بوو بۆ کورد، زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی، وەک زمانی فەرمی ناسێندرا و توانی خوێندنی قوتابخانەکان بکاتە زمانی دایک و بیری قوتابییان فراوانتر بکات و کورد وەک ھاوبەش لە عێراق بناسێنێ، لەگەڵ کۆمەڵێک دەستکەوت و مافی گرنگ بۆ گەلی کورد، بۆیە شۆڕشێک بوو بێ ئومێدی و خۆڕادەستکردن و شکانی بێمانا کرد و خەونی دوژمنی لە گۆڕنا.
زکری ھاشم، شارەزا لەبواری مێژوو، زیاتر دەڵێ: لەو شۆڕشەدا نەک تەنیا پیاو، بگرە ئافرەتانیش ھاوشانی پیاوان دەجەنگان و ڕۆڵیان ھەبوو، بۆیە جیاوازییەکەی ئەوە بوو، ئافرەتی کورد لەڕووی ھزری نەتەوایەتییەوە ھاوکاریی پێشمەرگەی دەکرد، لە سایەی ئەو شۆڕشانەدا کە بەدوایدا شۆڕشی گوڵان و ڕاپەرینی لێ کەوتەوە، ئێستاش کە حکوومەت و پەرلەمانمان ھەیە، ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆ بەدەست ھاتوونە بە ئاسانی بەدەست نەھاتوون، بەڵکو بە ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشەکانی دیکە بەدەست ھاتوون.

شۆڕشی ئەیلوول کوردی یەکخست
بۆ یەکەمجار بوو شۆڕشێک سنوورەکانی ناوچەگەری تێپەڕ بکات و ھەموو ناوچەکانی کوردستان بگرێتەوە، ھەروەھا یەکەمجار بوو ھەموو چینوتوێژەکانی کوردستان لە شۆڕشێکدا کۆببنەوە و بۆ یەک ئامانج تێ بکۆشن و خەبات بکەن، شۆڕشێک بەو فراوانییە ھەموو ھەرێمی کوردستان لەژێر چەتری یەک سەرکردایەتیدا کۆبکاتەوە بۆ ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانی پێکەوە تێ بکۆشن. محسن حەسەن، شارەزای مێژوو، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: شۆڕشی ئەیلوول بووە خاڵی وەرچەرخان لە شۆڕشەکانی کوردستان و مۆدێلی شۆڕشی ناوچەیی بۆ شۆڕشێکی سەرتاسەری گۆڕی، لە ھەمان کاتدا سنووری شۆڕشی لۆکاڵیی تێپەڕاند و سەرجەم چینوتوێژەکانی کوردستانی گرتەوە، ئەم شۆڕشە ھەموو ئایدیا، ئایین و ئایینزاکان و سەرجەم پێکھاتە کۆمەڵایەتییەکانی لە خۆ گرت و بە دەوری خۆیدا کۆی کردنەوە، ھەر لە زاخۆ تا خانەقین کوردستانیان ھاوکاری یەکترییان دەکرد و سەرتاسەری کوردستان یەک قیادە و یەک حزب بوون، یەک سەرکردایەتیی سیاسی ھەبوو بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر وەکو برا بوون، ئەمڕۆ لە سایەی ئەو شۆڕشە لە کەشێکی ئارام و ئازادا ئەو یادە پڕشکۆیە دەکەینەوە.

ڕێککەوتنی جەزائیر
ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە ئاداری ١٩٧٥ بوو، ئەو ڕێککەوتنە وایکرد کوردەکان بەبێ یارمەتی بمێنەوە، لە ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنە لە ساڵانی ١٩٧٧ تا ١٩٧٩، زیاتر لە ٦٠٠ گوندی کوردستان خاپوور کران و زیاتر لە دوو سەد ھەزار مرۆڤی کورد لە ناوچەکانی خۆیان ڕاگوێزران. کارزان فەھد، مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: گەلی کوردستان، گەلێکی بندەست بوو، دەیویست لەژێر دەستی و زۆرداری ڕزگار بێت و وڵاتی خۆی لە داگیرکەران و ناحەزان ڕزگار بکات، کاتێک شۆڕشی ئەیلوول بەڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و بە پاڵپشتیی گەلی کوردستان بەردەوام لە بەھێزبووندا بوو، بەتایبەتی دوای ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ کە کورد توانی نێوماڵی خۆی ڕێکبخاتەوە، دوژمنەکانی گەلی کوردستان دڵنیابوون کە ناتوانن کورد لەناو ببەن، بۆیە پەنایان بۆ ڕێککەوتنی جەزائیر برد.

ئەمڕۆ بە چەند چالاکییەک یادی شۆڕش دەکرێتەوە
ئەمڕۆ پێنج شەممە لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول چەندین چالاکی جۆراوجۆر دەکرێن، لە سنووری لقی ١٠ و ٢٦ی گوڵانی پارتی یادی شۆڕشەکە و داستانی خواکوڕک دەکرێتەوە، ئەم چالاکییە نێوەڕۆکەکەی بریتییە لە پێشکەشکردنی چەندین بڕگەی جیاواز و خستنەڕووی بیرەوەرییە پڕ شکۆییەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و داستانی خواکوڕک.