رۆژنامەی ھەولێر

جەهەپە لە نێوان قەیوم و كۆنگرەدا

كارزان گلی – هه‌ولێر

لە ئیستانبۆڵ گرژییەكی زۆر لە نێوان لایەنگرانی جەهەپە و پۆلیس روویدا و تاوەكوو ئێستا بەردەوامە، هۆكارەكەش بڕیاری دادگای باڵای توركیایە، كە كۆنگرەی لقی ئیستانبۆڵی جەهەپەی هەڵوەشاندەوە و لە شوێنی ئۆزگوور چەلیك، بڕیاریاندا گورسەل تەكین ببێتە سەرۆكی لقی جەهەپە لە ئیستانبۆڵ، ئەمەش لایەنگرانی جەهەپەی هێناوەتە سەر شەقام.

دوای ئەوەی دادگا كۆنگرەی لقی جەهەپەی لە ئیستانبۆڵ هەڵوەشاندەوە، كە كۆنگرەكە لە ٢٠٢٣ ئەنجامدرابوو، ترس هەیە كۆنگرەی گشتی جەهەپەش هەڵبوەشێتەوە و كە بڕیارە دادگای باڵای توركیا لە ١٥ی ئەیلوول، بڕیار لەبارەی ئەنجامی كۆنگرەی جەهەپەوە دەدرێت.
دوای ئەوەی لە ٢٠٢٣ كۆنگرەی گشتی جەهەپە ئەنجام درا و كەمال كلیچدارئۆغڵو، نەیتوانی ببێتەوە سەرۆك و لە شوێنی ئەو ئۆزگوور ئۆزەل، بووە سەرۆكی جەهەپە، چەند ئەندامێكی سەركردایەتی نزیك لە كلیچدارئۆغڵو، داوای یاساییان تۆمار كرد و گوتیان ساختەكاری كراوە، بۆیە بڕیارە لە ١٥ی ئەیلوول بڕیاری دادگا لەبارەی ئەنجامی كۆنگرە بدرێت، بەئەگەرێكی زۆرەوە كۆنگرە هەڵدەوەشێتەوە.
شڕۆڤەكارانی سیاسی باس لە دوو ئەگەر دەكەن، بۆ بڕیاری دادگا لە ١٥ی ئەیلوول، ئەگەری یەكەم ئەوەیە، كۆنگرەی جەهەپە هەڵوەشێتەوە و لە شوێنی سەرۆكی جەهەپە قەیوم دابنرێت، واتە كەسێك لەلایەن دادگاوە دەبێتە سەرۆك. ئەگەری دووەم ئەوەیە، كۆنگرە هەڵوەشێتەوە، بەڵام لە بری قەیوم دادگا بڕیار بدات، كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی جەهەپە ببێتەوە بە سەرۆك.
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، دوای كۆكردنەوەی زیاتر لە هەزار ئیمزا، بڕیاریاندا لە ٢١ی ئەیلوول جەهەپە ببەنە ناو كۆنگرەی ٣٩، ئەم بڕیارە پەلەیەشی بۆیە داوە، تا ئەگەر كۆنگرەی جەهەپە لە ١٥ی ئەیلوول هەڵوەشێتەوە، ئەوەی دەبێتە سەرۆك لە شوێنی ئۆزەل، تەنیا شەش رۆژ سەرۆك بێت و پاشان كۆنگرە ئۆزەل بكاتەوە بەسەرۆكی پارت.
ئەوەی مایەی مەترسییە و یاساناسان باسی دەكەن لەبارەی كۆنگرەی ٣٩، كە جەهەپە بۆ رێگریكردن لە قەیوم ئەو بڕیارەی داوە، دادگا بەشێوەیەكی تر بڕیار بدات و جەهەپە لەبری بەرگری بەتەواوی بچێتە ژێرباری قەیومەوە.
یاساناسان دەڵێن، رەنگە دادگا لە ١٥ی ئەیلوولدا هیچ بڕیارێك لەبارەی ئەنجامی كۆنگرە نەدات، جەهەپەش بڕیاریداوە لە ٢١ی ئەیلوول كۆنگرە ببەستێت، ئەگەر كۆنگرە ببەستێت و دادگا دوای كۆنگرەی جەهەپە بریار لەبارەی ئەنجامی كۆنگرەی ٢٠٢٣ بدات، ئەوكات كۆنگرەی ٣٩ش هەڵدەوەشێتەوە و ئەو رێگە یاساییەی گرتویانەتە بەر بۆ رێگەگرتن لە قەیوم، شكست دەهێنێت و سەرۆكی جەهەپە لە دەستی ئۆزەل دەهێنرێتە دەرەوە.
جان دوندار، رۆژنامەنووسی دیاری توركیا، داوا لە جەهەپە دەكات، شەقام بجوولێنن و نەیەڵن لەرێگەی دادگاوە جەهەپە پەرت بكەن و پارتەكە لاواز بێت، چوونكە تاكە رێگە لەبەردەمیاندا تەنیا شەقامە و دەتوانن فشارەكانیان لەرێگەی شەقامەوە بۆ سەر سیستەمی دادگا و حكوومەت دەستپێبكەن.