رۆژنامەی ھەولێر

لە “هەولێر” چەندوچۆنی ڕێژەی بارین و بارشت لە کوردستاندا

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

لوقمـان حـەوێز گەورەتوێژەری كوردی دانیشتووی ئەمریكا لە تازەترین توێژینەوەیدا تیشكی خستۆتە سەر دۆخی باران بۆ وەرزی پاییز و زستانی 2025-2026 لە ناوچەكانی هەرێمی كوردســتان و، پێشبیینەكانی خۆی ڕوون كردۆتەوە.

لە سەرەتای توێژینەوەكەیدا دەڵێـت: ئەو زانیاری و لێكدانەوانەی دەیخەمە ڕوو، پشت دەبەسێت بەو زانیاریانە كۆكراوانەی بەردەستمان؛ پێشبینی و داتاكان بۆ ئەگەری بەردەوامی دۆخی نیوتراڵ و سەرهەڵدانەوەی دۆخی لانینا (ENSO) لەلایەن دەزگای كەشناسی (NOAA) كراوە كە ئاژانسی سەرەكیی کەشوهەوا و كەشناسی و چاودێریكردنی دۆخی هەموو زەریاكانە؛ شوێنی لە ئەمەریكادایە. ساڵانی پێشتر هەموو ئەو پێشبینیانەم بە پشتبەستن بووە بە داتایەكانی ئاژانسی (NOAA) لایەنی كەم ئەو پێشبینیانە تا ڕادەی %70 بۆ %80 ڕاست دەرچوون، بەڵام لەبەر ئەوەی بە گشتی پێشبینیەكانی ئاو و هەوا پشت بە كۆمەڵێك گۆڕاو دەبەسن، مەرج نیە سەداسەد پێشبینیەكان وەك خۆیان دەربچن، بۆ ئەوەی بە باشی لە هەموو بابەتەكە تێبگەیت تكایە بەشەكانی كۆتاییش بخوێنەرەوە كە لێكدانەوەی زیاتری تێدایە بۆ داتاكان.
ئەو توێژەرە كە بەشێكی توێژینەوەكەی بۆ (هەولێر) ناردووە دەڵێت: زۆر بە كورتی، ڕێژەی باران لە وەرزی بارشتی داهاتووش 2025-2026 لە ڕێژەی بارشتی ساڵێكی ئاسایی كەمتر دەبێت، بە تایبەتی مانگی 10 و 11 و 12 و 1، بەگشتی دەتوانم بڵێم ڕێژە و بڕی بارشت لە مانگی ١٠ واتە تشرینی یەكەمی ئەمساڵ (٢٠٢٥)ـەوە هەتا مانگی ئاداری ساڵی دابێ (2026) لە خوار ڕێژەی بارانی ساڵێكی ئاسایی دەبێت، بەڵام ڕێژەكە هەندێك زیاتر دەبێت بەراورد بە بڕی بارشتی پار؛ ئەویش لەبەر دۆخی لانینا كە لەو ماوەیەدا بەرجەستە دەبێت؛ لانینایەكی لاوازترە بە بەراورد بەو لانینانەیەی كە لە ساڵی ڕابردو هەبوو، بە گشتی ڕێژەی بارین بۆ زۆربەی ناوچەكان لە هەرێمی كوردستان لە نێوان سەدا ٤٠ بۆ سەدا ٦٠ـی ڕێژەی بارشتی ساڵێكی ئاسایی دەبێت، ئەو ڕێژەیەش بە پێی شوێنەكان هەندێك دەگۆڕێت.

وردەكاری و لێكدانەوەی زیاتر
• بە گشتی لە هەر وەرزێكی بارین كاتێك دۆخی ئێلنینۆ (بە ئیسپانیایی: El Niño؛ واتە کوڕیژگە) لە زەریای هێمندا بەرجەستە بووە ڕێژەی باران لە زۆربەی ناوچەكەكانی شام و باشوور و ناوەڕاستی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئێران یان ئاسایی بووە یان لە سەرووی ئاساییەوە بووە؛ زۆربەی كاتەكان لە سەرووی ئاساییەوە بووە. كاتێكیش دۆخی نیوتراڵ بەرجەستە بووە بڕی باران، یان ئاسایی بووە یاخود كەمێك لە خوار ئاساییەوە بووە. لە دۆخی لانینا (بە ئیسپانیایی: La Niña؛ واتە کیژۆڵە) ڕێژەی باران بە بەرچاوی لە خوار ئاساییەوە بووە و بە گشتی وەرزێكی وشك یان نیمچەوشك بووە.
• دۆخی ئێلنینۆ چیە و دۆخی لانینا چیە و دۆخی نیوتراڵ (ENSO) لە زانستی كەشناسی چیە؟
• ئەو دۆخانە لە ناوەڕاستی زەریای هێمن نزیك كەمەری ناوەراست بەردەوام ڕوودەدەن، دیاردەی لانینا بریتیە لە ساردبوونەوەی ئاوی سەر ڕووی پانتاییە ئاویەكانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی زەریای هێمن لە نزیك هێڵی كەمەری ناوەڕاست بە بڕی نێوان 1 بۆ 2 پلەی سەدی لە خوار تێكڕای پلەی گەرما ئاساییەكەی، دیاردەی ئێلنینۆ بریتیە لە گەرمترداگەڕانی ئاوی زەریای هێمن بە هەمان ڕێژە لە سەرووی پلەی گەرما ئاساییەكەوە، دۆخی نیوتراڵیش ئەو دۆخەیە كە پلەی گەرمای سەر ڕووی ئاوی ئەو شوێنەی زەریای هێمن نزیكە لە تێكڕای پلەی گەرما ئاساییەكەوە؛ ئەو گۆڕانكاریانە بە شێوەیەكی بەردەوام ڕوو دەدەن بە هۆی گۆڕانی خێرایی و ئاراستەی با لەسەر ئەو شوێنانەی زەریای هێمن، ئەو گۆڕانكاریانە كاریگەرییان لەسەر کەشوهەوای زۆربەی ناوچەكانی جیهان هەیە بەتایبەتی هەردوو كیشوەری ئەمەریكا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوڕوپا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، دۆخەكانی ئێلنینۆ و لانینا كاتێك سەر هەڵدەدەن دەكرێت لەنێوان چەند مانگێك بۆ یەك دوو ساڵ بەردەوام بن.
دۆخی ئێلنینۆ و لانینا و نیوتراڵ لە ماوەی ساڵی پار و ئێستا چۆن بووە؟ بۆ وەرزی بارینی ئەم پاییزە و زستان و بەهاری ساڵی دابێ چۆن دەبێت؟
• ئێلنینۆ لە وەرزی دابارینی 2023-2024 بەرقەرار بوو؛ بۆیە ئەو وەرزە پڕباران و تەڕ بوو. هاوینی 2023 پێشبینی ئەوەم كرد وەرزی دابارینی 2023-2024 باش و تەڕ بێت و وا دەرچوو، بەڵام لە مانگی شوباتی 2024 دۆخی ئێلنینۆ ‌تەواو بوو.
• مانگی ئاداری 2024 دۆخی لانینایەكی توند سەری هەڵدا و، تاوەكو مانگی شوباتی 2025 بەردەوام بوو، بۆیە لە هاوینی 2024 پێشبینیم كرد وەرزی بارشتی 2024-2025 وشك و كەمباران بێت و، هەر وایش دەرچوو.
• مانگی ئاداری 2025 دۆخی نیوتراڵ هاتە ئاراوە و هێشتایش بەردەوامە، واتە لەو كاتەوە نە ئێلنینۆ هەیە و نە لانینا، بەڵام ئێستا بە پێی ئەو داتایانەی هەمانە ئێستا لە چاوەڕوانیداین دیسان لە پاییزی 2025ـدا دۆخی لانینا سەر هەڵبداتەوە، بەڵام لانینایەكی لاوازتر دەبێت، پێشبینی دەكرێت پێش كۆتایی مانگی نۆ و یان لە مانگی ١٠ـی 2025ـەوە دەست پێ بكات و، لایەنی كەم تا سەرەتا یان كۆتایی مانگی شوباتی 2026 بەردەوام بێت، ئەمەش بۆ دۆخی بارانی ئەم وەرزەی دابێ، باش نابێت بۆ ناوچەكانی ئێمە، دوای ئەوكاتەش و بە وردی لە ئاداری 2026 دۆخی نیوتراڵ دەست پێ دەكاتەوە، ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی كۆتایی زستان و مانگەكانی 3 و 4 ڕێژەی باران هەندێك گۆڕانی بەسەردا بێت و ڕێژەی باران لە سێ مانگەی بەهاردا باشتر ببێت بەراورد بە سێ مانگەی زستان.
• لەبەر ئەوەی بەهۆی گۆڕانی ئاو و هەوا و گەرمداگەڕانی گۆی زەوی تێكڕای پلەكانی گەرمای ئاوی دەریای سوور لە بەرزبوونەوەیەكی بەردەوامدا بووە لە ساڵانی ڕابردوو؛ ئەمەش ڕێژەی شێی زۆرتر كردووە لەنێو ئەو نزمەپاڵەپەستۆیانەی لە دەریای سوورەوە دێن؛ بۆیە ئەمساڵیش وەك ساڵانی پێشوو ئەگەری هەڵسانی لافاو و دابارینی بەخوڕ ناوەناوە لە ناوچەكانی سعودیە دەبێت وەك ساڵانی پێشوو، ئەو كاریگەریە هەندێك جار دەگاتە ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقیش؛ بۆیە بەدووری مەزانن لەو ناوچانە ڕێژەی لافاو و بارانی بەخوڕ زۆرتر بێت، دوور نیە ئەو كاریگەریە نوێیەی دەریای سوور لەسەر ناوچەكانی ئێمەش ئەمساڵیش چەند جارێك لەگەڵ هاتنی نزمەپاڵەپەستۆكان، هەستی پێ بكرێت و، ڕوو بدات بەڵام بە ڕێژەیەكی زۆر كەمتر لە ناوچەكانی سعودیە و باشووری عێراق.