ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی ئەیلوول، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، بە فەرمانی دادوەر و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تۆمەتبار (ش. ف. ح)ـی ناسراو بە “خەپە شەکرۆکە”یان دەستگیرکردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هاوڕێیەکی تۆمەتبارەکەش بە ناوی (أ. خ. أ) دەستگیرکراوە و هەردووکیان تۆمەتبارن بە تەقەکردن و بەکارهێنانی چەکی بێمۆڵەت.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆمەتبار (ش. ف. ح) چالاکوانێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆکە و لایڤەکانی ناڕەزایەتیی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، “لەسەر ئەو بابەتە، ناوبراو دووجار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە ئاگادارکراوەتەوە و بەڵێننامەی داوە کە لایڤەکانی لە تیکتۆک سنووردار بکات و نەبێتە هۆکاری تێکدانی بەها کۆمەڵایەتییەکان.”

